پلانى عێراق به‌رانبه‌ر داعش بێ سووده‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌باره‌ى كرده‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى دوێنێى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌رپرسێكى ئه‌منى له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "پلانه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق له‌ به‌رانبه‌ر داعش سوودى نه‌بووه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا داعش ته‌واوى هێرشه‌كانى له‌شه‌ودا ئه‌نجام ده‌دات".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31ى ته‌مووز رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ كرده‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى دوێنێ ده‌كات كه‌ كرایه‌ سه‌ر پرسه‌یه‌كى گوندى ئه‌لبوجیلى سه‌ربه‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و له‌ ئه‌نجامدا 13 كه‌س كوژران و 18یش بریندار بوون.

به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌منى له‌ فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، باس له‌ هێرشه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌كات و به‌ پێویستى ده‌زانێ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق شێوازى كاركردنیان بگۆڕن، چونكه‌ له‌و شێوازانه‌ى ئێستا داعش ده‌توانێ جووڵه‌ بكات و به‌ تایبه‌ت له‌ شه‌ودا، چونكه‌ زۆربه‌ى هێرشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ له‌ شه‌ودا بووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێ، "پاشماوه‌ى تیرۆریستانى داعش ئێستا مه‌ترسییه‌كى راسته‌قینه‌ن، پێویستە زیاتر له‌پێناو له‌ناوبردنیان رژد بین، ئاشكرایه‌ به‌م دواییه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بێئاگایى و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌قۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێرشى له‌ناكاو بكات".

له‌ راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاماژه‌ به‌ لێدوانێكى واین ماروتۆ گوته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش ده‌كات كه‌ گوتوویه‌تى، "له‌م مانگه‌دا 38 ئۆپراسیۆن له‌ دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش لە سووریا و عێراق ئه‌نجام دراوه‌" ئاشكرایشى كردووه‌، له‌ ساڵى 2014 وه‌ تا ئێستا به‌ به‌هاى پێنج ملیار دۆلار پێداویستى سه‌ربازى بۆ هێزه‌ عێراقییه‌كان دابین كراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین