عێراق پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکەین، داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکەین بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئیسرائیل و غەزە".

ڕۆژی چوارشەممە (27/تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بلاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "هیوا دەخوازین ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، وێرانکاری و ئازارانەی ڕووبەڕووی خەڵکی لوبنان دەبنەوە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە لە، "پشتیوانی نەگۆڕی عێراق بۆ حکومەت و هاووڵاتیانی لوبنان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە گرنگ ناودەبات بۆ ڕێگرتن لە ناکۆکی و گرژی زیاتر، دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەلی لوبنان دووپات دەکاتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا، "لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاوی جددی و دەستبەجێ بنێن بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی و هێرشە بەردەوامەکانی دژی گەلی فەڵەستین لە غەززە و چارەسەرکردنی پێویستی بە هەماهەنگی و پشتیوانی هەیە".

هاوکات لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، "عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە لە پشتیوانیکردن لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نیوان ئیسرائیل و لوبنان دوای زیاتر لە ساڵێک لە جەنگ، کاولکاری، هێرشکردن و پێکدادان دێت، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (3,800) هاووڵاتی لە لوبنان کە ژن و منداڵیشیان تێدایە سەرۆک وەزیرانی لوبنان پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە کرد، "بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری لە لوبنان ناوبرد".

دوێنێ سێشەممە (2024/11/26) حکومەتی ئیسرائیل ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی ڕاگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە کاتژمێر (4)ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە جێبەجێ دەکرێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین