فوئاد حوسێن: دوا گه‌ڕى گفتوگۆى ستراتیژى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌كه‌ین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند، عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ پێویستى به‌ هێزى مه‌یدانى ئه‌مریكا نییه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌ى دانوستاندن كه‌ سبه‌ى هه‌ینى ئه‌نجام ده‌درێت، دوایین گه‌ڕى دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌بێت.

فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22 ى ته‌مووز دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى په‌خش ده‌كرێت، كه‌ تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تى عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕى كه‌ چیتر پێویستى به‌ هێزى مه‌یدانى ئه‌مریكییه‌كان نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش له‌ بارودۆخه‌كه‌ تێده‌گه‌ن.

به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، سوپاى عێراق پێویستى به‌ راوێژ و مه‌شكردنه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پشتیوانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى  بۆ عێراق به‌رده‌وام بێت.

سه‌باره‌ت به‌ هێرشى میلیشیاكان بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان و شانده‌ دیپلۆماسییه‌كان، فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ئاشكراى ده‌كات عێراق داواى له‌ ئێران كردووه‌، هه‌وڵ بدات ئه‌و هێرشانه‌ رابگرێت، چونكه‌ هه‌ندێك له‌و میلیشیایانه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ربه‌ ئێرانن.
فوئاد حوسێن دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌ى دانوستاندن دوایین گه‌ڕ ده‌بێت له‌ گفتوگۆى ستراتیژى عێراق و ئه‌مریكا.
بڕیاره‌ سبه‌ى له‌ ئه‌مریكا ده‌ست به‌ دانوستاندن بكرێت، دواتریش 26 ى مانگ له‌ كۆشكى سپى  جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا پێشوازى له‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین