سه‌در: دواى بۆردومانى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق زیاد بووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در سه‌ركۆنه‌ى هێرشى میلیشیاكان بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان و ده‌زگا گرنگه‌كانى هه‌رێم و عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "دواى بۆردومانى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ وڵات زیاديان كردووه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ى ته‌مووز له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ره‌وته‌كه‌ى و هاوپه‌یمانى سائیروون كه‌ خۆى پاڵپشتى ده‌كات، موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ره‌خنه‌ى تووندى له‌و هێرشانه‌ گرت كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان و ده‌زگا گرنگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ئه‌نجام ده‌درێن.

سه‌در پێیوایه‌ ئه‌و هێرشانه‌ هه‌وڵى شكستخواردوون له‌برى ئه‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان ناچارى كشانه‌وه‌ بكه‌ن، وا ده‌كه‌ن هێزه‌كانیان له‌ عێراق زیاتر بێت.

سه‌در وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، دواى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر ژماره‌ى سه‌ربازه‌ بیانییه‌كان بۆ چوار هه‌زار سه‌رباز زیاد بووه‌.

رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ درۆن هێرش كرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى نه‌بوو. به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ مانگى نیسانى رابردووه‌وه‌ زیاتر له‌ 300 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌ و سه‌ربازگه‌ى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق كه‌ زۆربه‌یان له‌ لایه‌ن میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین