سه‌در ده‌توانێ چه‌ك به‌ ده‌وڵه‌ت بداته‌وه‌؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌در پلانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى 10 ملیۆن پارچه‌ى چه‌كى نایاسایى هه‌یه‌ و چاودێرانیش گومان له‌ پلانه‌كه‌ى ده‌كه‌ن، به‌ بانگه‌شه‌یه‌كى سیاسى ده‌زانن و ده‌ڵێن، "به‌ر له‌ هه‌موو شتێك سه‌در خۆى میلیشیاى هه‌یه‌".

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ شه‌وى رابردوو 17ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ پلانى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات، كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى چه‌كى نایاسایى پێشكه‌شى كردووه‌.

سه‌در كه‌ ره‌وته‌كه‌ى به‌ 73 كورسى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراقه‌، پلانێكى بۆ چه‌ندان دۆسیه‌ى ئاڵۆزى عێراق پێشكه‌ش كردووه‌ به‌ ناوى "گواستنه‌وه‌ى پله‌به‌ندیى" ده‌یه‌وێ به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و پلانه‌ بخاته‌ كارنامه‌ى حكومه‌تى داهاتوو، كه‌ گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى كردووه‌ ره‌وته‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى بكات.

10 ملیۆن پارچه‌ چه‌كى نایاسایى له‌ عێراق هه‌یه‌
 

راپۆرته‌كه‌ى ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌و به‌شه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كۆكردنه‌وه‌ى چه‌كى نایاسایيه‌وه‌ هه‌یه‌، پلانه‌كه‌ به‌ كورتى ئه‌وه‌یه‌: چه‌كه‌كه‌كان ژماره‌یان پێبدرێت و دواتر له‌ كۆگاكانى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵبگیرێن، دواى ئه‌مه‌ ته‌واوى بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌كانى ناو شاره‌كان به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ بدرێت، ئه‌ركى پاراستنى سنووره‌كانیش به‌ سوپا بدرێت.

ریاز مه‌سعودى كه‌ پێشتر په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌ ره‌وتى سه‌در بووه‌ بۆ كه‌ناڵى جه‌زیره‌ روونى كردووه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ستى سه‌در چه‌كى نایاسایى ته‌واوى بانده‌ مافیاكان و میلیشیاكان و هۆزه‌كانه‌.

چاودێرانى و شاره‌زایانى كاروبارى عێراق روونى ده‌كه‌نه‌وه‌، كێشه‌ى بوونى چه‌كى نایاسایى له‌ عێراق دۆسییه‌كى ئاڵۆزه‌، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، بۆیه‌ سه‌در به‌ ئاسانى ناتوانێ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، پێشتریش سه‌رۆك حكومه‌ته‌كانى عێراق به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنیان داوه‌ به‌ڵام هیچیان له‌ ده‌ست نه‌هاتووه‌.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ چاودێران باسى ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یه‌ چه‌كى میلیشیاكان شێوه‌یه‌كى ئایدیۆلۆژى و مه‌زهه‌بى وه‌رگرتووه‌، دواتر چه‌ك له‌ عێراق بووه‌ته‌ ئامرازێك بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى سیاسى و ئابوورى، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ده‌ستێكى ده‌ره‌كیش هه‌یه‌ چه‌كى میلیشیاكان ده‌پارێزێت. 

ئیحسان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى بۆ جه‌زیره‌ ده‌ڵێ، "چه‌ك بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ بیروباوه‌ڕى سیاسى، بووه‌ته‌ پانتاییه‌ك بۆ سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ قوڕسه‌". 

حه‌یده‌ر به‌رزنجى كه‌ توێژه‌رێكى تره‌، چه‌ند تێبینیه‌ك له‌سه‌ر داواكه‌ى سه‌در ده‌خاته‌ڕوو، له‌وانه‌ خودى سه‌در میلیشیاى هه‌یه‌، جیا له‌مه‌یش موقته‌دا سه‌در به‌ چ سیفه‌تێك ئه‌م داوایه‌ ده‌كات، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كى فه‌رمى نییه‌؟! تا بتوانێ ئه‌م كاره‌ بكات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش سه‌در نوێنه‌رایه‌تى ته‌واوى شیعه‌كان ناكات، لایه‌نه‌كانى شیعه‌ بۆچوونى پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌.

سه‌در خۆى میلیشیاى هه‌یه‌
 

حه‌یده‌ر به‌رزنجى ده‌ڵێ، "بانگه‌شه‌ى سه‌در گوتارێكى سیاسى گشتیى هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌ و نوێنه‌رایه‌تى شیعه‌ ناكات". دواتریش پێیوایه‌ كۆكردنه‌وه‌ى چه‌ك به‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌ت ئه‌ركێكى نیمچه‌ مه‌حاڵه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێشتریش به‌ یاساییه‌كى تایبه‌ت حه‌شدى شه‌عبى كراوه‌ته‌ به‌شێك له‌ هێزه‌كانى ده‌وڵه‌ت و كاره‌كانى رێكخراوه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ مه‌زنده‌ ده‌كرێت، نزیكه‌ى 10 ملیۆن پارچه‌ چه‌كى نایاسایى له‌ عێراق هه‌بێت، كه‌ جگه‌ له‌ میلیشیاكان به‌ ده‌ستى هۆزه‌كان و گرووپه‌ مافیاكانه‌وه‌ن. چه‌كه‌كانیش بچووك و مامناوه‌ندن له‌ ده‌مانچه‌ و تفه‌نگ و رۆكێتى ئار بى جى و هاون و چه‌ندان جۆره‌ چه‌كى تر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین