رۆژنامه‌یه‌كى ئیسرائیلى: عێراق له‌ شه‌ڕى ساردى ناوخۆدایه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى هارتسى ئیسرائیلى له‌ راپۆرتێكى شیكاریى ده‌ڵێ، له‌ساڵى 2019 وه‌ عێراق له‌ شه‌ڕێكى بێده‌نگى ناوخۆییدایه‌ و هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌، ئێران هه‌وڵ ده‌دات عێراق له‌ژێر چه‌پۆكى خۆى بهێڵێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى هارتسى ئیسرائیلى راپۆرتێكى شیكارى له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ عێراق له‌ ساڵى 2019 وه‌ له‌ شه‌ڕێكى بێده‌نگى ناوخۆدایه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سێى ته‌مووز پوخته‌یه‌كى راپۆرته‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ململانێى میلیشیاكان و كوشتنى چالاكوانان و نمایشى چه‌كدارى میلیشیاكان و هه‌موو دیارده‌كانى تر، به‌شێكن له‌ شه‌ڕى ناوخۆى عێراق كه‌ به‌ بێده‌نگى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ ئێران له‌ پشت ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌یه‌ و ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، پێگه‌ى خۆى بپارێزێت، چونكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران نیگه‌رانه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ عێراق به‌ره‌و وڵاتانى عه‌ره‌بى و رۆژئاوایى ببات.

جیا له‌وه‌یش هارتس ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كان له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2019 هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌رچوونى عێراق له‌ژێر هه‌ژموونى ئێران بۆیه‌ له‌و كاته‌وه‌ میلیشیاكان ده‌ستیان به‌ سه‌ركوتكردن و كوشتنى خۆپیشانده‌ران كردووه‌ته‌وه‌.

هارتس پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ هاتنى ئیبراهیم ره‌ئیسى بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى ئێران گرژییه‌كان زیاتر ده‌بێت، ئه‌و وڵاته‌ هه‌وڵیش ده‌دات له‌ رێگه‌ى لایه‌نگرانى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پێگه‌ى قایم بكات. له‌به‌شێكى تر ده‌ڵێ ئێران كاره‌با و ئاو وه‌ك كارتى فشار له‌ دژى عێراق به‌كارده‌هێنێت و به‌م كاره‌ى به‌ عێراق ده‌ڵێ، “ئه‌گه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى من ده‌ربچێت ئه‌وا ژیانت بۆ نابێ”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین