كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌ت..هه‌نگاوێك به‌ره‌و چاكسازى یان نائومێدى زیاتر؟ ناوخۆیی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو چه‌ند وه‌زیر و به‌رپرسێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان ئاماده‌بوون و تاوتوێى بارودۆخى دارایى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ و چاكسازییان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران كرد. هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌ پێویست و "باش" ده‌زانن و هه‌ندێكى تریش دانیشتنه‌كه‌ به‌" بێ ئه‌نجام و مایه‌ى نائومێدى زیاتر"ى ده‌زانن.


په‌رله‌مانتارێكى یه‌كگرتوو:
په‌رله‌مانتارانى سه‌ربه‌ پارته‌كانى ده‌سه‌ڵات ره‌خنه‌یان گرت
به‌ڵام پێداگرییان نه‌ده‌كرد

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو 28ى حوزه‌یران دانیشتنى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ به‌شێكى تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى چاكسازى و بارودۆخى دارایى هه‌رێمى كوردستان و لێبڕینى مووچه‌. له‌ دانیشتنه‌كه‌ چه‌ندان وه‌زیر و به‌رپرسى حكومه‌ت ئاماده‌ بوون، له‌وانه‌ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و كاروبارى ئابوورى، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداو ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌مه‌ دووه‌م دانیشتنى حكومه‌ته‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت، دانیشتنى یه‌كه‌م به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو كه‌ وه‌ڵامى زیاتر 100 پرسیارى دایه‌وه‌، ئه‌م دانیشتنه‌ له‌ مانگى 10ى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌مجاره‌یش دانیشتنى په‌رله‌مان رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو زیاتر له‌ 18 كاتژمێرى خایاند.

هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران ئه‌م جۆره‌ دانیشتینانه‌ به‌ باش ده‌زانن و پێیانوایه‌ هه‌نگاوێكى باش به‌ره‌و چاكسازى و شه‌فافیه‌ت ده‌نێن، له‌به‌رانبه‌ردا هه‌ندێك په‌رله‌مانتارى تر "به‌ تایبه‌تى دانیشتنى دووه‌م" به‌ بێ ئه‌نجام ده‌زانن.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "دانیشتنى رۆژى دووشه‌ممه‌ هه‌نگاوێكى باش بوو، چونكه‌ ره‌زامه‌ندى درا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى په‌رله‌مانتاران بكرێنه‌ راسپارده‌، پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى بكه‌ن".

رۆبینا لیتارى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان، دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ باش ده‌زانێ و له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، چونكه‌ بڕیار درا  لیژنه‌ پێكبهێرێت، خاڵى دڵخۆشكه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت هه‌ڵوێستى رژده‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران".

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین:
دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌ت
هه‌نگاوێكى باش بوو

رۆبینا ده‌ڵێ، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسەمان لەسەر باشترکردنی شایستە دارایی و ئیداریيەکانی فەرمانبەران کرد وەکو مووچە لە رووی کات و لێبڕین و پاشکەوت و پلە بەرزکردنەوە و دەرماڵە و خانەنشین و داکۆکیمان لە مافی فەرمانبەران کرد، کە ئیتر لەمەو دوا مووچە لە کات و ساتی خۆی بەبێ لێبڕین بدرێت".

رێبوار بابكه‌یى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت پێیوایه‌ گرنگى دانیشتنه‌كه‌ له‌وه‌ بووه‌  "بەو پەڕی ئازادانە و لە کەشوهەوایەکی ئەوپەڕی دیموکراسی بووه‌، بە زمانی خەڵک و قسەکردن لەسەر داواکاری خەڵك، گواستنەوەی کێشەکانی خەڵك" به‌ڕێوه‌چووه‌.

بابكه‌یى ده‌ڵێ، "دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە ئەوانیش باسی راستی دارایی خۆیانکرد، داتاکانیان بەروونی خرانەڕوو، جێگەی قەناعەتی ئۆپۆزسۆن و لایەنەکان بوو".


له‌ كاتێكدا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ستایشى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌گرنگى ده‌زانن، چه‌ندان په‌رله‌مانتارى تر ره‌خنه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ ده‌گرن و ده‌ڵێن، "هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌".

ئەبوبەکر هه‌ڵه‌دنى په‌رله‌مانتارى یەکگرتوو یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ى پێیوایه‌ دانیشتنه‌كه‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌، هه‌ڵه‌دنى گوتى، "بەداخەوە دانیشتنێکی بێ ئەنجام بوو، بەهۆی هەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لە کۆتاییدا ئەو هەموو گفتوگۆ و پێشنیار و داتا و ژمارانەی خرانەڕوو نەیخستە ناو بەرنامەی کارەوە کە به‌ بڕیارێكى په‌رله‌مانى (ته‌شریعى) لێبرینی مووچە هەڵبوەشێندرێتەوە".

وه‌ك له‌ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان تێبینى كرا، په‌رله‌مانتارانى سه‌ر به‌ پارته‌كانى ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌مان شێوه‌ى ئۆپۆزسیۆن ره‌خنه‌یان هه‌بوو، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ ده‌ڵێ، "بەداخەوە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی فراکسیۆنەکانی دەسەڵات رەخنەیان ئاراستەی حکومەت دەکرد، به‌ڵام پێداگرییان نەکرد لەسەر قسەی خۆیان، خاوەنی بڕیاری خۆیان نەبوون و نەیانتوانی دەنگ نەدەن بەو پێشنیارەی سەرۆکی پەرلەمان کە بکرێتە راسپاردە و ئاراستەی حکومەت بکرێت، بۆیە دانیشتنەکە لەگەڵ ئەوەی قسەی باشی لێکرا بەڵام لە ئاکامدا هیچ ئەنجامێکی نەبوو بەهۆی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە داخوازی ئێمە ئەوە بوو بە بڕیارێکی تەشریعی بابەتی لێبرینی مووچە هەڵبووەشێنینەوە".


ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌ده‌نى:
دانیشتنه‌كه‌ هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بوو


ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێـت پێیوابوو ئه‌م جۆره‌ دانیشتنانه‌ هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران زیاتر بێ متمانه‌ ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر حكومه‌ت، وا ده‌كات هاووڵاتیان حكومه‌ت به‌ "بێباك"بزانن.

شێرکۆ جەودەت كه‌ په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامییه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت پێیوابوو دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجامێكى وه‌هاى نه‌بووه‌، شێركۆ جه‌وده‌ت گوتى، "حکومەت رایگەیاند کە لە شەش مانگی رابردوو سێ ملیار دۆلار قەرزی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، ئامادە نییە لێبرینی مووچە نەهێلێت، چاكسازییه‌كان زۆر کەم کراون کە ١٠٪ ی یاسای چاکسازی كراوه‌، ده‌ستوه‌ردانى سیاسى هه‌یه‌، له‌ كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كه‌ى خراپ بوو".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كگرتوو له‌ كۆتایى قسه‌كانى گوتى، "هاووڵاتیان قوربانین، هەموو جارێ ئەوە دەسەلمێنرێ کە دەسەڵات لە هەرێم کوردستان دا لەسەر گیرفانی فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان و بژێویان دەبرێت بۆ ئەوەی خۆی پێی بژی"

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین