لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان: نازانین حكومه‌ت به‌ چ شێوازێك پاشكه‌وت ده‌داته‌وه‌ کوردستان- عێراق

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دواى ئه‌وه‌ى جووتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌فته‌ى رابردوو گوتى داواى پێشنیارمان كردووه‌ بۆ دیاركردنى شێوازى گێڕانه‌وه‌ى مووچه‌ى پاشكه‌وتكراوى فه‌رمانبه‌ران، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ده‌ڵێ، "ئێمه‌ ئاگادار نیین و نازانین به‌ چ شێوازێك پاره‌كه‌ ده‌درێته‌وه‌".

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى: به‌م بارودۆخه‌ حكومه‌ت ناتوانێ پلانى دارایى هه‌بێت

 

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو یه‌كى ئه‌یلوول جووتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى باسى له‌وه‌ كرد، كه‌ مووچه‌ى پاشكه‌وتكراوى فه‌رمانبه‌ران نافه‌وتێ و داوایان كردووه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ پێشنیار بكه‌ن كه‌ چۆن ئه‌و مووچه‌یه‌ بدرێته‌وه‌.

حكومه‌تى هه‌رێم دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، به‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ى ئێستا ناتوانێ كۆى پاشكه‌وته‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ده‌یه‌وێ به‌ شێوازێكى تر بیر له‌ دانه‌وه‌ یان دیاركردنى چاره‌نووسى ئه‌و پاشكه‌وته‌ بدات. محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ نوچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد لیژنه‌كه‌یان ئاگادارى ئه‌و پێشنیازانه‌ نیین.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین گوتى، "ئێمە وەکو لیژنەی دارایی تا ئێستا ئاگاداری ئەوه‌ نین چونکە ئەوە کاری حکومەتە نازانین بە چ شێوازێک بیریان لە دانەوەی پاشکەوتى مووچە کردووەته‌وه‌. چاوه‌ڕوانى ئەوە دەکەین کە بارودۆخی دارایی حکومەت باش بێت و هەروەها عێراق بەشی هەرێم بنێرێت ئەو کات حکومەتی هەرێم دەتوانێت پلانێک دابنێت کە بەچ شێوازێک ئەو پاشکەوتە بگەرێنەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخ به‌م شێوه‌یه‌ بێت ئه‌وا حكومه‌تى هه‌رێم ناتوانێ هیچ پلانێكى دیارى هه‌بێت، محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ده‌ڵێ، "لەبەر ئەوەی کە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لەو ئاستە نییە و ئێمە دڵنیا نین هەتا ئێستا کە عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات لە پرسە داراییەکان، ئایا ئەو ١٢٪  بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە دەینێرێت یان ناینێرێت، چونکە تا ئێستا ئەو پشکەی هەرێم لە لایەن بەغداوە نەنێردراوە لە کاتێک دا تەنها چەند مانگێک ماوە لەو ساڵەدا، هەروەها ئەو دوو سەد ملیارە بەردەوام دەبێت یان نا. لەبەر ئەو هۆکارانە حکومەتی هەرێم ناتوانێت پلانی خۆی هه‌بێت".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ پاشكه‌وتكراوه‌كان محه‌مه‌د سه‌عده‌دین باسى له‌وه‌ كرد، په‌رله‌مان ته‌نیا یه‌ك پێشنیارى هه‌بووه‌، ئه‌ویش جێگیر نه‌كراوه‌. "پێشتر پێشنیارمان لە پرۆسەی چاکسازی ئەوە بوو کە ئەو پاشکەوتە بخرێتە سەر هەژماری بانقی فەرمانبەران، کە لەرێیەوە فەرمانبەران بتوانن قەرزی حکومەت بدەنەوە، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەوە کاری پێدەکرێت چونکە رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنيارە نەدرا نەخرایە پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین