ئێران چۆن خه‌ڵكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌باته‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رەنگە خودی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری لەوە تێگەیشتبن کە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ نابێ زۆر لەسەر خەڵکی کوردستان حسێب بکەن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش پیشاندنی بەشداریکردن و رۆیشتن بۆ بنکەکانی دەنگدان بە گشتیی بۆ کۆماری ئیسلامیی گرنگییەکی زیاتری هەیە تا خودی هەڵبژاردنەکان. پێدەچێت بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی و ئەنجومەنی شارەکان بە شێوەی هاوکات، ئەو دەرفەتەی بۆ کۆماری ئیسلامیی رەخساندبێت.

 

فێڵی تایفەگەری و شانۆی هەڵبژاردنەکان

دەسەڵاتی مەلاکان بە مەبەستی پیشاندانی ئەوەی کە سیستەمەکەیان کۆمارییە و هەروەها بە مەبەستی رەوایدان بە خۆیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە گشتی هەر کەسێک کە بیەوێت ناوی خۆی وەک کاندیدی ئەنجومەنی شارەکان تۆمار بکات، وەک کەسێکی شیاو و لێهاتوو پەسەندی دەکەن. بە پێچەوانەی ساڵانی پێشووتر کە بیانووی زۆریان دەگرت و سەبارەت بە بیر و بڕوا سیاسییەکانی کاندیدەکان پرسیاری زۆریان دەکرد، لانیکەم لەم دوو خولەی دواییدا زۆر بە دەگمەن بینراوە کەسێک رەت بکرێتەوە و بە شیاو نەزانرێت. ئامانجەکەیش ئاشکرایە. راکێشانی ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بۆ بنکەکانی دەنگدان.

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک فێڵێک بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک



چیرۆکەکە ئاوایە: کۆماری ئیسلامیی بە باشی ئاگادارە کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهاتەیەکە لەسەر بنەمای خزم و کەسوکار دانراوە و پەیوەندییە بنەماڵەییەکان بەسەریدا زاڵە. بۆیە ناوی هەر کاندیدێک بۆ ئەنجومەنی شارەکان تۆمار بکرێت، خزموکەسوکاری زۆری هەن کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئایا شیاو و لێهاتووە یان نا، پشتیوانی لێ دەکەن و ئەگەری زۆرە دەنگی پێ بدەن.

هەڵبەت لەو نێوانەدا، هەندێ کەس چاو لە داهاتوو دەبڕن و ئەو کاتەی خزمێک یان هاوڕێیەکیان دەنگ بێنێت و ئەوسا لەو رێگایەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنەکان بۆ ئەنجامدانی کاری نایاسایی و داگیرکردن و کردنەوە و فرۆشتنی زەویوزار و دەڵالیکردن کەڵکی نابەجێ وەرگرتن. ئەوەش دەتوانێ کاریگەری هەبێت لە پشتیوانیکردن لە کاندیدەکان. بەڵام کاندیدەکانی ئەنجومەنی شارەکان بەردەوام پشت بە پاڵپشتی و دەنگی خزم و کەسوکار و دراوسێکان دەبەستن. دەسەڵاتی ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵ دەدات زۆر بیانوویان پێ نەگرێت، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان هان بدات. بەگوێرەی ئامارەکانی بنکەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنەکانی شارەکان، لە شارەکانی سنە ٢٠٧ کەس، سەقز ١٢٥ کەس، بانە ٨٢ کەس، بیجار ١٥٧ کەس، دێولان ٣٤ کەس، دیواندەرە ٨٨ کەس، سەوڵاوا ٣٦ کەس، قروە ١١٥ کەس، کامیاران ٦٢ کەس و مەریوان ١٤١ کەس ناوی خۆیان وەک کاندید تۆمار کردووە و ٩٣٪ لەوانە پەسەند کراون.

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شارەکانی پارێزگای سنەیش لە بەراورد لەگەڵ شارە گەورەکان، هێشتا لەسەر بنەمای خزمایەتییە، ئەوەش وای کردووە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەکان لە جیاتی ئەوەی میکانیزمێک بێت بۆ هەڵبژاردنی کەسانی شیاو و لێهاتووە، گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانێک بۆ یارمەتیدان بە خزم و هاوڕێیان بۆ ئەوەی بە هەر جۆرێک بووە دەستیان بگاتە کورسییەک، هەرچەندە دەسەڵاتی ئێجگار کەمیشی هەبێت.

گۆڕەپانی بەتاڵ

یەکێکی تر لەو هۆکارانە کە وا دەکات کۆماری ئیسلامیی ئیتر نیگەرانییەکی ئەوتۆی دەربارەی پەسەندکردنی هەموو کاندیدەکانی ئەنجومەنەکانی شارەکان نەبێت، ئەوەیە کە ئیتر ئەنجومەنەکان بە کردەوە دەسەڵاتێکی فەرمیی ئەوتۆیان نییە و كه‌چى کاندیدەکان زیاتر بۆ دەسەڵاتی نایاسایی و نافەرمی ئەنجومەنەکان تەقەلا دەکەن.

ئەنجومەنەکان بوونەتە شوێنێک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەو رێگایەوە دەستیان بە پاروویەک بگات و بکەونە ناو تۆڕێک لە مامەڵە مافیاییەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان، ئەویش لە زیانی بەرژوەندییەکانی "شار" و کاروباری شار کە کاریگەری لەسەر ژیانی زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارانە دادەنێت.

لە لایەکی ترەوە، ئێستا ئیتر هیچ کاندیدێکی جدی و هیچ پسپۆڕ و زانایەک خۆی بۆ ئەنجومەنی شار کاندید ناکات. ئەوەی تا رادەیەک خوێندەوار بێت و خاوەن ویژدان و ئاگایی و ئەخلاقی بێت بە باشی تێدەگات لە "ئەنجومەن" تەنیا ناوێک ماوەتەوە و بە هیچ جۆرێک شوێنی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک بە مەبەستی ئیدارەدانی باشتری شار نییە. ب
ەم چەشنە، کەسانی لێهاتوو و شیاو لەو گۆڕەپانە دوور کەوتوونەتەوە و رێگایان بۆ قازانجخوازەکان و هەلپەرەستەکان و ئەوانەی لە بیری گەیشتن بە پارە و پێگە بە هەر نرخێکن کردووەتەوە. کاتێ گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شار بەو جۆرە چنرابێت، هیچ کاندیدێکی جدی کە دواجار بیەوێت لە بەرانبەر بەرپرسانی  باڵای دەسەڵات بوەستێتەوە و داوای مافی خەڵک بکات، لە ئارادا نابێت. بۆیە لە روانگەی ئەو کەسانەوە کە لێهاتوویی و شیاوی کاندیدەکان تاوتوێ دەکەن و بڕیاریان لەسەر دەدەن، باشترە هەموویان پەسەند بکرێن و هەر یەک لەوانە تایفەیەک یان گەڕەکێک یان گوندێک رابکێشێ بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان.

ئازادی رێژەیی کاتیی لە کاتی بانگەشەکاندا

کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەو مەبەستە، ئەوە بە باشتر دەزانێت لە ماوەی بانگەشە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا تا ڕادەیەک گوشارە ئایدۆلۆژییەکان کەم بکاتەوە و هەندێ چالاکی و وێنە و رستە پشتگوێ بخات و وای دابنێ کە نەیبینون و نەیبیستوون. بۆ نموونە، پۆستەری ژنە کاندیدەکان لە شارەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەو مۆدیلە ژنەی کە کۆماری ئیسلامیی چەندین ساڵە بە باشی دەزانێت و پڕۆپاگەندەی بۆ دەکات یەک ناگرێتەوە. ژنان بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە وێنەی میکیاژکراو و راوزاوە کەڵک وەردەگرن و وەک "ژنی وروژێنەر" دەردەکەون. واتە ئەو ژنانەی کە دەسەڵاتی ئێران بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە لەگەڵیان نییە و دژایەتییان دەکات.

تەنانەت کاندیدەکان ئیتر دروشمە باو و سوواوەکانیش ناڵێنەوە. تەنیا وێنە بڵاو دەکەنەوە. وەک بڵێى ئیتر شتێککیان بۆ باسکردن نییە جگە لە دەموچاو و هەیکەل و میکیاجەکەیان.

چیرۆکەکە بۆ خەڵکیش هەر ئەوەیە. کاندیدە پیاوەکان، ئەوە بە باشتر دەزانن بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و گەمەکردن بە هەستی شوناسخوازی خەڵک بچنە ناو گۆڕەپانەکەوە. هەندێ جار دروشمێکی کوردیش هەڵدەبژێرن و لەسەر پۆستەرەکانیان دەینووسنەوە، واتە نووسینی ئەو دروشمە کوردیانەی کە لە ژیانی رۆژانەدا قەدەغەیە و هیچ کەس ناتوانێت لەسەر تابلۆی دووکانەکەی ئەو رستەیە بنووسێتەوە. بەڵام لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن چاوپۆشی لێ دەکرێ و تەنانەت لەژێر لچەوە بزەیەکیش دەکەن.

ئایا فێڵەکانی دەسەڵات تەنووری هەڵبژاردنەکان گەرم دەکات؟

پێشتر، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەران خەڵکی ئاسایی بوون و هەرچەندە لایەنگری دەسەڵات نەبوون بەڵام دژایەتیێکی ئەوتۆیشیان نەدەکرد، هێشتا ئاستی لێکدژییەکان و کێشەکانی ژیان کە راستەوخۆ لە هەڵسوکەوتەکانی حکومەت سەرچاوە دەگرێ، وەک ئێستا کاریگەری لەسەر ژیانی خەلک دانەنابوو. سروشتی بوو لەو هەلومەرجەدا کە خەڵک بە شێوەی رێژەیی هەستیان بە ئاسایش دەکرد، هاووڵاتیان زۆر جەختیان لەسەر "بایکوتکردن" نەدەکردەوە، بۆ نموونە لەوانە بوو لەسەر داوای دراوسێیەک، ئاشنایەک، خزمێک یان هاوڕێیەک دەنگیان پێ بدەن.

ئەوانە هەمان ئەو کەسانە بوون کە سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەندیدار بە "شێوازی ژیان" و لەوانە حیجابی زۆرەملێ، پەروەردەی ئیسلامیی و چەندین پرسی هاوشێوەی تر کێشەیەکیان نەبوو و نەوەیەک بوون کە بە ئاسانی ئاو و کارەبا و گاز و لانیکەمی خۆشبژیوییان لە خەبات لە پێناوی "ئازادی" بە گرنگتر دەزانی، بەڵام رووداوەکانی یەک دەیەی ڕابردووی ئێران ژمارەی ئەو جۆرە کەسانەی کەم کردووەتەوە. گرانی، یەکەمین و گرنگترین هۆکارێکە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی بێ هیوا کردووە و ئێستا "دەنگ نەدان" بە تاقە رێگای دەربڕینی تووڕەیی خۆیان دەزانن.

تەنانەت ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپای پاسداران و ئەو کەسانەی لە کۆنەوە سەر بە دەسەڵاتیشن ئێستا لە رابردووی خۆیان پەشیمانن و لەو بارودۆخەی ئێستا بێ هیوان، خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵات دەبیننەوە. چونکە ئێستا دەسەڵات توانای دابینکردنی ئاو و کارەباکەشیانی نەماوە.

کەمبوونەوەی جدی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لە بەشە جیاوازەکانی ژیان و گەندەڵی بەرفراوانیش ئەو هۆکارانەی ترن کە ئەو خەڵکەی بە نیسبەت هەموو شتێک کە نیشانەیەکی دەسەڵاتی پێوە دیار بێت، بێ بڕوا کردووە. بێ بڕوا بە هەموو شتێک، لە چایچی و بەردەستەکانی ناو ئیدارەکانەوە بگرە تا سەرۆکه‌كانیان. تەنانەت ئیتر هیچ کەس بڕوای بە ئامارەکانی مردن بە هۆی کۆرۆنا نییە. هەمووان دڵنیا بوونەتەوە کە دەسەڵات هەرگیز دەربارەی هیچ پرسێک شەفافیەتی نەبووە و لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای درۆ دامەزراوە. رەشکوژییەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ش یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە لەسەر بنەمای هەمان لۆژیک و پێکهاتەی "خزمایەتی" بووەتە هۆی سەرهەڵدانی نەفرەت لە ناو جەماوەرێکی بەرچاودا، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی تازیەبار کردووە. پێناچێت هەراوزناى هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ دابنێت.

 

سەرچاوە: ڕادیۆ زەمانە
 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین