توركیا به‌ رفاندنى لایه‌نگرانى گوله‌ن له‌ وڵاتان تۆمه‌تبار ده‌كرێت هەواڵ

نوچه‌نێت

له‌ كاتێكدا كه‌ توركیا ژماره‌یه‌ك قوتابى سه‌ربازى به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ رێكخراوه‌كه‌ى فه‌تحوڵا گوله‌ن ده‌ركردووه‌، ماڵپه‌ڕێكى رووسى توركیا به‌ رفاندنى لایه‌نگرانى گوله‌ن له‌ وڵاتان تۆمه‌تبار ده‌كات.

ماڵپەڕى (زەمانى توركى) بڵاویكردەوە، سێشەممە هەشتى حوزەیرانى (٢٠٢١) نووسینگەى داواكارى گشتى ئەنقەرە، بڕیارى دەستگیركردنى (٤٠) قوتابى دەركردوه‌، لەو ژمارەیە (٢٦) كەس دەستگیركراون، رێكارەكان بۆ دەستگیركردنى (١٤) قوتابیەكەى تریش بەردەوامە.

بەگوێرەى نوێترین ئامارى فەرمى، كە لە (٢٠١٦) پرۆسەى دوورخستنەوەى لایەنگرانى فەتحوڵا گولەن لە ریزى سەربازى بەردەوامە، تا ئێستا (١٦) هەزار و (٤٠٩) قوتابى لە قوتابخانە سەربازییەكان بەتۆمەتى لایەنگرییان بۆ بزووتنەوەى خزمەت دوورخراونەته‌وە.

لەو ژمارەیە (٢٥٩) قوتابى بەتۆمەتى بەشدارییان لە كودەتاكەى دژ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان حوكمى زیندانى هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە. سەبارەت به‌ ژمارەى دوورخراوەكان لە سوپاى توركیا (٢٩) هەزار و (٤٤٤) كەسە، لە هەموو بەشە سەربازییەكانى ئاسمانى و وشكانى و دەریایى، ئەوە جگە لە پاسەوانى كەناراوەكان و سەركردایەتى هێزەكانى سوپاى توركیا.

ژمارەى ئەو كەسانەى ئێستا لە زیندانن و چاوەڕوانى دادگاییكردن، سێ هه‌زار و 221 كەس سەربە هێزە وشكانییەكانن، (٨٨٤) هێزە دەریاییەكان و (٢٠٣٦) كەس لە هێزە ئاسمانییەكان.

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت ماڵپەڕى (ئاڕتى) رووسى بڵاویكردەوە، هەواڵگرى توركیا دەیان كەسى لە لایەنگرانى گولەن لە وڵاتانى جیهانى ڕفاندووە هێنایتەوە توركیا، دوایین كردەى رفاندن ماوەیەك پێش ئێستا لە قیرغیزستان بووه‌، كه‌ كه‌سێك بووه‌ به‌ ناوى ئۆرهان ئیناندا. بەگوێرەى لایەنگرانى زنجیرەى قوتابخانە توركییەكانى گولەن لەو وڵاتە دیارنەمانى ئۆڕهان دواى سەردانى سەرۆكى قیرزغستان بوو بۆ توركیا.

بەگوێرەى راپۆرتەكان ژمارەى ئەندامانى رێكخراوى خزمەت، كە لە دەرەوە رفێندراون ٣١ تا ٢٠٠ كەسە، بەڵام بەگوێرەى لێدوانى سلێمان سۆیلۆى وەزیرى ناوخۆى توركیا (٢٠٠)كەسە.

وەزیرى ناوخۆى توركیا باسى لە وڵاتانى مالیزیا و پاكستان و كۆسۆڤۆ و مۆلدۆفا و ئازربیجان و ئۆكرانیا و گابوون و میانمار كرد، لە دوو مانگى رابردوو كینیاش هاتە ریزى ئەو لیستە. توركەكان ئەو رفاندنەى كە لە نەیرۆبى جێبەجێیان كرد بە كردەیەكى سەركەوتووى دەدانێن، كە لەو وڵاتە سەڵاحەدینى برازاى فەتحوڵا گولەنى ئەندامى باڵاى رێكخراوەكەى گولەنیان رفاند.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین