وەزیری بەرگریی تورکیا:  ئیسرائیل دەتوانێت هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان هەواڵ

نوچە نێت

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر هەیە ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەمان، بۆ مەبەستی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی تورکیا بڕیارمانداوە (40) فڕۆکەی جەنگی ئۆرۆفایتەر تایفۆن بکڕین."

ئەمڕۆ چوارشەممە (13/تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ئەنقەرە گوتی، "هێرشەکەی سەر بارەگای توساش لە ئەنقەرە ڕێککەوت نەبوو، بەڵکو پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی وڵاتەکەمانیان کردە ئامانج بۆ تێکدانی ئارامی میللەتەکەمان، ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامدا دەیانویست بەیەک ڕۆژ ئامانجەکەیان بەدەستبێنن."
گولەر لەو بەرنامەیەدا باس لە چەکدانانی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "هیچ کاتێک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بۆ ئەوەی چەک دانێت دانامەزرێت، بەڵام دەبێت وایانلێبکرێت چەکەکانیان دابنێن، ئەرکی ئێمە و هێزە ئەمنییەکان ئەوەیە ڕێگە چارەیەک بدۆزینەوە بۆئەوەی چەکەکانیان دابنێن."
سەبارەت بە کشانەوەیان لە سووریا وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، "هێزەکانمان لە سووریا ناکشێتەوە، ئەوکاتەی ترەمپ لەسەر دەسەڵات بوو سێ جار فەرمانی دەرکرد کە سەربازەکانیان لە سووریا بکشێنەوە، لەئێستادا پێشبینی ئەوە دەکەم بەرێز ترەمپ زۆر بەتوندی سەرنجی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هێزەکانیان لە سووریا بکشێننەوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا گولەر ئاماژە بەوە دەکات، "لەئێستادا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا زۆر ئەرێنییە، دەمانەوێت (40) جۆری فڕۆکەی (ئێف 16) بکڕین، هەروەها پشتیوانی هاوپەیمانی ناتۆمان بەدەستهێناوە وەک وڵاتانی بەریتانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەڵام سەرەتا ئەڵمانیا ڕێگربوو لە کڕینی (40) جۆری فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفۆن بەڵام دواجار لەوانیش وەڵامی ئەرێنیمان وەرگرت."
گولەر راشیگەیاند، "ئایا ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆسەر تورکیا؟" دەشڵێت، "سەرۆکەکەمان گوتی دەبێت بەرەی ناوەوەمان بەهێزکەین، ڕاستی فەرمووە من پشتیوانی ئەو هەنگاوەی ئەوم ، هەمیشە پێویستمان بە پێشەوەی ناوەوە هەیە، هەمووکات ئێمە پێویستمانە وە  هێز لە بەرژەوەندی وڵاتەکەمانە، وە ئیسرائیل بێگومان دەتوانێت هێرشمان بکاتە سەر، لەوانەشە جەنگی جیهانی سێیەم سەرهەڵبدات بەڵام ئەمە ئەوەمان ناوێت و هەمووکات خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین