شه‌ڕى مافیاكه‌ و ده‌وڵه‌تى توركیا به‌رده‌وامه‌ شیکاری

نوچه‌نێت

گرتە ڤیدیۆكانى سیدات پەكەر لە یوتیوب چەندان ملیۆن كەس سەیریان كردووە، پەكەر دواى تۆمەتباركردنى بەرپرسانى توركیا بەگەندەڵى، لەنوێترین گرتە ڤیدیۆیى سادات كەسە نزیكەكانى بەرپرسانى حكومەتى توركیا بە بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان تۆمەتبار دەكات، لە پاڵ ئەمەش كوشتنى هەندێك رۆژنامەنووس و كەسایەتى كوردى توركیا لە ساڵانى نەوەدەكان ئاشكرا دەكات.

دوێنێ یەكشەممە (٢٣)ى ئایارى (٢٠٢١)  ماڵپەڕى (ئەحوالى توركى) راپۆرتێكى سەبارەت بە نوێترین ڤیدیۆى سیدات پەكەر سەرۆكى باندى مافیایى لە توركیا بڵاوكردەوە. لەو راپۆتەدا ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ ڤیدیۆ تازەى سیدات پەكەر باس له‌وه‌ كراوه‌ "ئەركان یەڵدرم كوڕى بن عەلى یەڵدرمى سەرۆكى وەزیرانى پێشووى توركیا بە سەرۆكایەتیكردنى باندى مادەى كۆكایین تۆمەتبار دەكات، كە لە ڤەنزوێلاوە بۆ توركیاى هێناوه‌".

بەگوێرەى قسەكانى په‌كه‌ر "ئەو  كەشتیانەى لە بەندەرى كاراكاس لە كۆمارى دۆمینیكان بەرێ دەكەون، مادەى قەدەغەكراو بار دەكەن" پەكەر هۆشدارى داوە لە پرۆسەى كۆنتڕۆڵكردنى مادە هۆشبەرەكان لە ماوەیەكى نزیك لە ناوچەى كاریبی دەستپێدەكات. ئاماژەى بە پرۆسەى دەستگیركردنى بارهەڵگرەكانى كۆڵۆمبیاش كردووە، كە بەرەو بەندەرەكانى توركیا بەرێكەوتبوون.
بەگوێرەى قسەكانى پەكەر" بازرگانیكردن بە مادەهۆشبەرەكان پارێزگاى لازقیەى رۆژئاواى سووریاشى گرتۆتەوە".

هەروەها سەبارەت بە كوڕەكەى سەرۆك وەزیرانى پێشووى توركیا دەڵێت، "ئەركان یەڵدرم لەگەڵ خەلیل فالیالى لە قوبرسى توركیا نیشتەجێیە، لەو شوێنەوە كارى سپیكردنه‌وه‌ى پارە و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان بەرێوە دەبات.كاتێكیش ئەركان یەڵدرم سەردانى قوبرسى كرد لەگەڵ فالیالى ماوەتەوە" دەشڵێت" لەو بڕوایە نیم بن عەلى لەو رێكخراوە گلابێت".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئه‌و مافیایه‌ دەڵێت، "محەمەد ئاغار وەزیرى پێشووى ناوخۆ و بەڕێوبەرى ئاسایشى گشتى لە پشت ئەو كارانەن"، دەشڵێت، "بڕواننە دۆسایەتى ئەركان یەڵدریم و سلێمان سۆیلۆى وەزیرى ناوخۆى ئێستا".

 

سيدات : منداڵى بەرپرسانى باڵاى توركیا لە بازرگانى كردن بە مادە هۆشبەرەكان دەگلێن

 

لە لایەكى ترەوە ماڵپەڕى"تركیا الان" بڵاوى كردەوە بە گوێرەى ماڵپەڕى"جمهوریەت"ى توركیا سیدات پەكەر "ئەنجن سۆیلۆى كوڕى سلێمان سۆیلۆى وەزیرى ناوخۆى توركیاى تۆمەتباركردووە بە بازرگانیكردن بە مادەى هۆشبەر" بەگوێرەى ئەو ماڵپەڕە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا بڕى نیو كیلۆ مادەى هۆشبەرى هیرۆینى گواستۆتەوە، لە بەشێكى ترى قسەكانى سیدات روونى كردۆتەوە" ئەو ئۆتۆمبێلە پێشكەوتووەى كوڕى وەزیرى ناوخۆ خۆى پێ نمایش دەكات، بۆ چەواشەكردنى رایگشتییە، كە ئەو هیچ تۆمەتێكى لەسەر نییە".

كوشتنى رۆژنامەنووسان

لە بەشێكى ترى قسەكانى پەكەر محەمەد ئاغار بە كوشتنى ئۆگۆر مۆمكۆى رۆژنامەنووس تۆمەتبار دەكات، كە لە (١٩٩٣) بۆمبێكى چێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەى تەقییەوە بووە هۆى گیانلەدەستانى، ئاغار لەو كاتەدا وەزیرى ناوخۆى توركیا بوو. 
هەروەها پەكەر دەڵێت: ئاغار عەتائوڵا په‌كەرى براى بەكرێ گرتووە بۆ كوشتنى كۆتلۆ عەدالى، كە براكەى دۆستى سەرۆكى رەئوف دێنكتاشى سەرۆكى قوبرسى توركی بوو، بەهۆى نووسینەكانى كۆتلۆ لەسەر سەرپێچیەكانى دەسەڵاتدارانى توركیا پێش جەنگ و دواى جەنگى قوبرس لە (١٩٧٤) رۆژنامەنووس كۆتلۆ عەدالى لە (١٩٩٦) لەبەردەم ماڵەكەى بە گولە كوژرا.

كوشتنى كەسایەتییە كوردییەكان

هەروەها پەكەر ئاماژە بە تیرۆرە دیارەكانى محەمەد ئاغار دەكات، لەوانە سه‌رمایه‌داران كورد كە لە نەوەدەكان گومانیان لێ دەكرا بارزگانى بە مادەى هۆشبەر بكەن، یەكێك لەو ناوانەى وەك بەڵگە هێناوە ئاماژەى بە ناوەكەى كرد ساڤاش بوڵدانى سیاسى كوردى لە (١٩٩٣) تیرۆركرا، دواى ئەوەى تانسۆ چیلەرى سەرۆكوەزیرانى ئەو كاتى ئاماژەى بەوەكرد پیاوانى كارى كورد هاوكارى پارتى كرێكارانى كوردستانى دەكەن.
ئەوكاتە ساڤاش بوڵدان تۆمەتى بازرگانى كردن بە مرۆڤ و پێدانى قازانجەكەى بە پارتى كرێكارانى بۆ دروستكرا.
سەبارەت مەحمەد ئاغار، پەکەر گوتی: "ئەو محەممەد ئاغارە ئەو کاتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش بوو، پارەی لە هاوڕى نزیكەكانى وەك  بەهجەت جانتورک، حوسێن بایباشین، ساڤاش بوڵدان و هەموو ئەوانەی کاری مادەی هۆشبەریان دەکرد وەردەگرت. كە دەڵێن بازرگانە کوردەکان مامەڵەیان بەمادە هۆشبەرەكان دەکرد.

هەروەها پەکەر دەڵێت: " کاتێک ئاغار چووە نێو سیاسەت، خەونی ئەوە بوو ببێتە سەرۆک کۆمارى توركیا. لە پێناو سڕینەوەی پێشینەی خۆی سیناریۆیەکی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد، كە ئەو کاتە تانسو چیللەرى سەرۆك وەزیرانى رازی کرد، بەو گوتە باوەى، كە دەڵێت: دەوڵەتەکان لەپێناوی داهاتووی خۆیان چەند جۆرە هەنگاوێک دەیهاوێن ئینجا بڕیاریان دەرکرد و دەستیان بە کوشتنی ئەو کەسانە کرد".

(لە ساڵانى نەوەدەكان چەندین كەسایەتى كوردیان لە توركیا تیرۆركردووە)
لە بەرانبەردا ئەو قسانەى سیدات پەكەر  ئێوارەی یەکشەممە پەروین بوڵدان هاوسەرى ساڤاش بوڵدان تویتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا نووسیوەتى: ''ساڵانێکە دەیڵێینەوە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە ساڤاش بوڵدان و هاوڕێکانی لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە کوژران، دادگایكردنى بكوژانیش هەر بە سیناریۆ بوو، هەر بە سیناریۆش بەرائەتیان وەرگرت، بەڵام ئەوە  ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا، هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی دووبارە دادگایی بکرێنەوە.

كاریگه‌رى ڤیدیۆكان له‌ یوتیوب

بڵاوكردنەوەى ڤیدیۆكانى لە چەناڵى یوتیوب هۆكار بوو، بۆ بڵاوبوونەوەى بەخێرایى. كە وایكرد ملیۆنان خەڵك سەیرى ڤیدیۆكانى بكەن، به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانیارى تا ئێستا به‌ ده‌یان ملیۆن بینه‌ریان هه‌بووه‌.

له‌ هەواڵێكى ماڵپەڕى نەهزە نیوز هاتووه‌، " ئەو حەوت ڤیدیۆیەى سیدات پەكەر بڵاوى كردۆتەوە، سەرنجى زیاتر لە (٧٠) ملیۆن بینەرى بۆ خۆى راكێشاوە".
لە كۆى ئەو (٧٠) ملیۆنە زیاتر لە (٤٣) ملیۆن لە كەناڵێكى ترەوە سەیریان كردووە.
بەگوێرەى بابەتێكى بارش یركاداشى رۆژنامەنووس و پەرلەمانتارى ئۆپۆزسیۆن، یەكێك لە گرتە ڤیدیۆكانى لە تۆڕى كۆمەڵایەتى تیك تۆك زیاتر لە (٢٥٠) ملیۆن بینەرى هەبووە.

 

گرتەیەكى ڤیدیۆى سیدات پەكەر زیاتر لە (٢٥٠) ملیۆن بینەرى هەبووە


یەكێك لە بینەرەكانى ماڵپەڕى گلۆباڵ فۆیسز دەڵێت" سوێند دەخۆم هیچ زنجیرەیەك وەك ئەو زنجیرەیە وروژێنەر نەبووە، لە راستیدا كەناڵى پەكەر پایەكى تایبەتى پێدرا، ئەوەش دواى ئەوەى دەسەڵاتدارانى توركیا كەناڵى پەكەریان لە توركیا بلۆك كرد، ترسێك هەیە لە توركیا كە چەناڵى یوتیوب  بكەوێتە ژێر چاودێرى.

ئارزو جیبۆلاڤى رۆژنامەنووس لە ماڵپەڕى گلۆباڵ فۆیسز نووسیویەتى" پرسیارى سەرەكى ئەوەیە، ئەو شتانەى پەكەر بڵاوى دەكاتەوە، بۆچى حكومەتى توركیا و  ئەفسەرانى باڵا خۆیان لە پەكەر و خیانەتەكانى بێبەرى ناكەن".
هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات پەكەرى تەمەن (٤٩) ساڵ ئێستا خراوەتە ژێر هێڵى سوورى ئینتەرپوول، دەگوترێت ئێستا لە دوبەى خۆى شاردۆتەوە.
ئێوارەى دوێنێ ڤیدیۆى حەوتەمى بڵاوكردەوە، لەو ڤیدیۆیە دەڵێت ناچاركراوە چەناڵەكەى بگۆڕێت، ئاماژە بەوەش دەكات پاڵنەرى پشت گۆڕینى چەناڵەكەى، بەهۆى ئەو ئۆپراسیۆنه‌یه‌ كە حكومەتى توركیا بۆ دەستگیركردنى ده‌ستیپێكردووه‌، هەروەها باسى لەوەش كرد زۆر خۆى لە تێوە گلانى دەوڵەتى توركیا دەپارێزێت، ئەو ئامانجى سەرەكى كەسانى وڵاتەكەیەتى، نەك هەموو حكومەتى توركیا.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین