لۆبییه‌كانى دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتى توركیا فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر بایدن هەواڵ

نوچه‌نێت

ماڵپەرێكى ئه‌مریكى ئاشكراى ده‌كات گرووپێكى نزیك لە"فەتحوڵا گوڵەن" لە ئەمریكا فشار دەخەنە سەر جۆ بایدنى سەرۆكى ئەمریكا، تا لە كۆبوونەوەى ناتۆ كه‌ مانگى حوزەیرانى داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت پرسى مافى مرۆڤ لە توركیا لە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركیا تاوتوێ بكات.

ئەمرۆ شەممە (٢٢) ئایارى (٢٠٢١) ماڵپەڕى(ئاڕتى) رووسى ئاماژە بەوە دەكات رەخنەگرانى ده‌سه‌ڵاتى توركیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، دەیانەوێت سوود لەو لێك دووركەوتنەوەى نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركیا و جۆ بایدنى سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا وەربگرن.

ماڵپه‌ڕه‌ رووسییه‌كه‌ سوودى له‌ راپۆرتێكى ماڵپه‌ڕى فۆرین لۆبى وه‌رگرتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، رێكخراوێكى بوارى یاسایى لە ئەمریكا كە بەنزیك لە فەتحوڵا گولەنى نەیارى رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت، هەوڵى فراوانكردنى لۆبى تایبەت دەدات، بۆ زیادكردنى فشارى نێودەوڵەتى بۆ سەر رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركیا.

راپۆرتى ماڵپه‌ڕى فۆرین لۆبى ئه‌مریكى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێریكردنى گرووپه‌كانى فشار و  لۆبییه‌كانى ناو ئه‌مریكا، له‌ دوایین راپۆرتى باسى له‌وه‌ كردووه‌ 15 كه‌سایه‌تى كه‌ سه‌ر نزیكن له‌ فه‌تحوڵا گوله‌ن فشار دروست ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى مافى مرۆڤ له‌ به‌رانبه‌ر توركیا بوروژێنرێت.  

له‌ راپۆرته‌كه‌ى فۆرین لۆبى foreignlobby  ئاماژە بەوە دەكات ڕێكخراوى ئەنجومەنى نیشتمانى بۆ مافە مەدەنییەكان (NCCA) كە دەزگا راگەیاندنەكانى حكومەتى توركیا بە بەشێك لە "تۆڕى فەتحوڵا گولەنى" دادەنێن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، گرێبەستێكى لەگەڵ نووسینەگەى فشارى (مێلهام كایستى رۆزین و تۆماس) واژۆكردووە.

لایەنگرانى فەتحوڵا گولەن هانى جۆ بایدن دەدەن بۆ ئەوەى لە پەراوێزى دیدارى ناتۆ لە مانگى داهاتوو لە برۆكسل جۆ بایدن سەبارەت بە مافەكانى مرۆڤ لە توركیا گفتوگۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بكات.

له‌ راپۆرتى فۆرین لۆبى باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ى هانى گرووپى فشارى سه‌ر به‌ گوله‌ن ده‌دات ئه‌و كاره‌ بكه‌ن ئه‌وه‌یه‌، بڕوایان وایه‌ گرووپه‌كانى فشارى سه‌ربه‌ توركیا له‌ناو ئه‌مریكا جموجۆڵیان لاواز بووه‌ و ته‌نیا سێ تۆماریان له‌ به‌رژوه‌ندى باڵیۆزخانه‌ى توركیا له‌ واشنتن هه‌بووه‌.

دۆسیه‌ى پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ یه‌كێكه‌ له‌و دۆسیانه‌ى كه‌ له‌ رۆژئاوا هه‌میشه‌ رووبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵاتى توركیا ده‌كرێته‌وه‌. به‌گوێره‌ى راپۆرتى رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌سه‌ڵاتى توركیا له‌ دواى كۆده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى ته‌مووزى ساڵى 2016 كه‌وتووه‌ته‌ پاكتاوكردنى نه‌یارانى به‌ گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ كاره‌كانیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین