ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆناى هیندی

نوچه‌نێت

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، وێرای ئاماژەکردن بە دۆخی هەستیاری تاران و هەبوونی نزیکەی حه‌وت هه‌زار تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان، ڕایگەیاند لە پارێزگاکانی ئیلام، هەمەدان، چوارمەحال و بەختیاری، تاران، لۆرستان، مەرکەزی، ئەلبۆرز، قوم و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لەم ڕۆژانەی دواییدا زیاترین ڕێژەی تووشبوون و مردن بە هۆی کۆرۆنا تۆمار کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی ئێرانیش گوتویەتی، "ڤایرۆسی کۆرۆنای هیندی لە ڕێگای سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بووەتە مەترسییەک بۆ سەر ئێران. بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئەم جۆرە ڤایرۆسە بۆ وڵات، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و لەوانە خۆراسانی ڕەزەوی دەبێت بە جدی ئاگاداری هاتوچۆی سەر سنوورەکان بن".

نەمەکی لە درێژەدا گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنای هیندی، بە خێرایی دەگوازرێتەوە و ئێجگار مەترسیدارە، بە جۆرێک کە ئەوروپای پەکخست و بەڵایەکی بەسەر هیند و پاکستاندا هێنا کە تەنانەت چێویان بۆ سووتاندنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنا نەمابوو".

نەمەکی گوتیشی: "دەبێ ئاگادار بین ڤایرۆسی گۆڕدراوی هیندی لە ڕێگای وڵاتانی دراوسێوە نەیێتە ناو وڵات و پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە هۆی گەورەیی، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و هاتوچۆی نائاسایی سەرسنوورەکان یەکێکە لەو ناوچانەی مەترسی لەسەرە".

نەمەکی گوتی: "دەوروبەری شاری مەشهەند بە هۆی هەبوونی هاووڵاتیانی ئەفغانی یەکێکە لەو شوێنانەی کە مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای هیندی تێدایە و تووشبوویەکی ئەو جۆرە ڤایرۆسە دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر تووش بکات".

هاوکات سەعید نەمەکی ڕایگەیاند تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هاووڵاتیانی ئێران ڤاکسین وەردەگرن. ئەو قسەیەی نەمەکی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا کەمتر لە ٢٪ی دانیشتوانی ئێران ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

هەروەها عەلی ڕەزا زالی فەرماندەی ئۆپەراسیونی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە تاران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئایار، سەبارەت بە پەرەسەندنی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا گوتی: "لە تاراندا مودیلێکی جیاواز لە پارێزگاکانی تر دەبینین و هێشتا ژمارەی تووشبووان بە شێوەی ئەوتۆ کەم نەبووەتەوە".

زالی گوتی تەنیا ڕۆژی یەکشەممە ١٢٠٠ تووشبووی کۆرۆنا لە تاران تۆمار کراون و ٢٥٠ کەسیان لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەکان ماونەتەوە. 
هەروەها ڕایگەیاند کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران لە ئێستادا ٦٩٩٢ کەسن و لەوانە ١٥٠٠ کەسیان لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەکاندان.

لە لایەکی ترەوە، سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند لەگەڵ ڕووسیا بۆ هاوردەکردنی ٦٠ ملیۆن ژەم ڤاکسێن و بەرهەمهێنانی هاوبەشی ڤاکسێن ڕێککەوتوون و ئەو ٦٠ ملیۆن ژەمە لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیران دەگەنە ئێران".

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تا ئێستا دوو ملیۆن و ٣٢ هەزار و ١٦٢ کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا و ٣٨٨ هەزار و ٨٢١ کەسیش ژەمی دووەمیان وەرگرتووە و کۆی ڤاکسێنە کوتراوەکان لە ئێران گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٢٠ هەزار و ٩٨٣ ژەم.

هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، واتە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایار تا دووشەممە ١٧ی ئایار، ١٤ هەزار و ٣١٩ تووشبووی نوێ لەو وڵاتەدا تۆمار کراون و ٢٠٩٤ کەسیان لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن. هەر لەو ماوەیەدا ٢٨٦ کەس گیانیان لە دەست داوە.

بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، کۆی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتوونەتە  دوو ملیۆن و ٧٦٥ هەزار و ٤٨٥ کەس. هەروەها، تا ئێستا ٧٧ هەزار و ٢٢٢ کەس بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و ٥٢٦٤ کەسیش بارودۆخیان ناجێگیرە. 
لە ئێستادا  سێ شاری ئێران لە دۆخی سوور، ٢٦٢ شار لە دۆخی پرتقاڵی و ١٨٣ شاریش لە دۆخی زەرددان.


 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین