باڵانبۆ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتار: عێراق بۆ داهات هه‌رێمى كوردستان به‌ موڵكى خۆى ده‌زانێ بۆ دیفاعكردن نه‌خێر

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

باڵانبۆ محه‌مه‌د جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌ هه‌ڵوێستى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات له‌سه‌ر دانانى بنكه‌ى سه‌ربازى نوێى توركیا له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ركى به‌رگرى سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقه‌ و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى په‌رله‌مانى كوردستانیش ده‌ڵێ، "هێز له‌لاى په‌رله‌مان نییه‌ تا هه‌ڵوێستى هه‌بێت".

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ میدیاكانى ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ باس له‌وه‌ ده‌كرێت توركیا هه‌وڵ ده‌دات، بنكه‌ى نوێ له‌ مه‌تین له‌ ناو سنوورى هه‌رێمى كوردستان دابنێ. تا ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێده‌نگن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى ئایار، باڵانبۆ محه‌مه‌د  جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ "نوچه‌نێت" باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌ركى سه‌ره‌كى پاراستنى سنووره‌كانى له ‌ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقه‌ و ئه‌وه‌ى پێویسته‌ به‌ر له‌هه‌ر لایه‌نێك بێته‌ وه‌ڵام حكومه‌تى فیدڕاڵه‌.

باڵانبۆ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتار گوتى، "به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق پاراستى سه‌روه‌ری خاكى عێراق له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌ته‌، ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌و ئه‌ركه‌ ببینى، ئێستا سه‌رجه‌م سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن پاسه‌وانى سنووره‌وه‌ پاسه‌وانى لێده‌كرێت، ئه‌وانیش سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى فیدڕاڵن. لێره‌دا ده‌بێ بپرسین، بۆچى حكومه‌تى عێراق بۆ داهات هه‌رێمى كوردستان به‌ موڵكى خۆى ده‌زانێ، كه‌چى بۆ دیفاعكردن له‌ خاكه‌كه‌ى به‌ موڵكى خۆى نازانێ؟"

په‌رله‌مان هێزى نییه‌ تا هه‌ڵوێستى له‌ دژى پێشیلكارییه‌كانى توركیا هه‌بێت

 

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌ توركیا له‌و هه‌وڵانه‌ى به‌ ته‌نیا نییه،‌ به‌ڵكو ده‌وڵه‌تانى زلهێزیش له‌گه‌ڵیدان و ته‌نانت گومان له‌ بێده‌نگبوونى عێراقیش ده‌كرێت! باڵانبۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێ، " ئه‌مریكا رێگه‌ نادات كورد بچێته‌ كه‌ركووك به‌ڵام ناڵى نابێ توركیا بچێته‌ هه‌رێمى كوردستان، گومانیش له‌ عێراق ده‌كرێت كه‌ ده‌ستى له‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ى توركیا، په‌رله‌مانى كوردستان زۆربه‌ى كات بێده‌نگى هه‌ڵده‌بژێرێت؟ باڵانبۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێ، "هێز له‌لایه‌ن په‌رله‌مان نییه‌ تا هه‌ڵوێستى هه‌بێت، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور پاراستنى سنووره‌كان له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقه،‌ نه‌وه‌ك پێشمه‌رگه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵوێستى هه‌بێت ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێ، ئیدانه‌ى ده‌كه‌م".

به ‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كوردستان، ده‌بووایه‌ په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ ماوه‌ى رابردوودا هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌بووایه‌ و فشاریان دروست كردبووایه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق هه‌ڵوێستى له‌ به‌رانبه‌ر پێشیلكارییه‌كانى توركیا هه‌بێت.

له ‌به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ پله‌به‌ندى یاسایى سه‌یرى بابه‌ته‌كه‌ بكرێت ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ توركیا كۆمه‌ڵێك پێشیلكاریى له‌سه‌ر یاساى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌ستوور و یاساكانى عێراق كردووه‌. له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ حكومه‌تى عێراق بێده‌نگه‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌توانێ چى بكات؟

باڵانبۆ محه‌مه‌د جارێكى تر دووپاتى كرده‌وه‌، په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ عێراق كه‌ نوێنه‌رى خه‌ڵكى كوردستانن، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ن مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزن. به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراقیش ده‌بێت حكومه‌تى عێراق له‌ پاراستنى خاكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستى هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌بووایه‌ په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ عێراق ده‌بووایه‌ هه‌ڵوێستى جددیان هه‌بووایه‌.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین