تونێلێك توركیا رووبەڕووى مەترسى دەكاتەوە هەواڵ

نوچه‌نێت

وەزارەتى بەرگرى توركیا بڵاوى كردەوە، هێزەكانى پاسەوانى سنوور بە ئاڕاستەى سووریا تونێلێكیان دۆزیوه‌تەوە بۆ ناو خاكى توركیا هه‌ڵكه‌ندراوه‌، رۆژنامه‌یه‌كى توركى ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ توركیا ناتوانێ سنوورى خۆى له‌گه‌ڵ سووریا بپارێزێ".

ماڵپەڕى (ئەحوالى توركى) بڵاوى كردەوە رۆژى شەممە یه‌كى ئایارى (٢٠٢١) وەزارەتى بەرگرى توركیا لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە سەر تۆڕى كۆمەڵایەتى تویتەر بڵاوى كردەوە" هێزەكانى پاسەوانى سنوور لە ویلایەتى هەتاى باشوورى توركیا تونێلێكیان دۆزییەوە بە ئاراستەى خاكى توركیا هه‌ڵكه‌ندراوه‌".

سەبارەت بەو تونێلەكه‌ زانیارى فه‌رمى ئه‌وه‌یه‌، " لەناو ئەو تونێلە مۆلیدەى كارەبا  و عارەبانەى دەستى تێدابووە، هەروەها (٣٣) مەتر وایەر و پاترى و ئامێرى هەڵكەندنى تونێلى تێدابووە".

رۆژنامه‌ى ئه‌حوال باس له‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دژى ئاسایشى توركیا ئه‌نجام ده‌درێن و ده‌ڵێ، " توركیا بەردەوام هێزه‌  كوردییەكان بە هەوڵدان بۆ تێكدانى سەقامگیرى و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى توركیا تۆمەتبار دەكات، لەبەرانبەریشدا بەڵێنى زیادكردنى پڕۆسە سەربازییەكان دەكات، لە كاتى هێرشەكانیش لایەنى بەرانبەر بەرپەرچى توندى هێرشەكانى توركیا دەداتەوە، كە دەبێتە زیانى گیانى".

لە رابردووش ئەو شارانەى ئەلباب و عەفرین و جەرابلوس كە لە ژێر دەستى هێزەكانى توركیا بوون، چەندین تەقینەوەى تێدا روویداوە، جا لە رێگەى بۆمبى چێنراو یاخود ئوتومبێلى بۆمبڕێژكراو بێت. ئه‌حوال ده‌ڵێ، "ئەوەش دەرى دەخات دواى هێرشە فراوانەكانى بۆ سەر باكوورى سووریا، توركیا شكستى هێناوە لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیرى".

ئەنقەرە هێزه‌ كوردییەكان تۆمەتبار دەكات لە تێوەگلان لەو هێرشە چەكدارییانە، لە هەوڵى جێبەجێكردنى پرۆسەكانى سەرسنوور و قووڵایى خاكى توركیا، ئاماژە بەوە دەكات هەماهەنگى لە نێوان كۆمەڵەكانى كورد لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات هەیە.

ئه‌حوال باس له‌وه‌ ده‌كات، لە ساڵانى رابردووش چەند تەقینەوەیەكى خوێناوى روویداوه‌ رێكخراوى داعش لە پشتیەوە بوو، بەڵام هێزه‌ كوردییه‌كان و پارتى كرێكارانى كوردستانى لە زۆربەى ئەو هێرشانە تۆمەتباردەكرد، لەبەرانبەردا ئه‌وان یان بێدەنگ دەبوون، یا رەتیان دەكردەوە.

لە كۆتایى ئەو راپۆرتە هاتووە" تا ئێستا توركیا شكستى هێناوە بۆ دانانى سنوورێك بۆ مەترسیە ئەمنیەكان لە ناوخۆى توركیا، كە وڵاتەكەى لە هەر چركەساتێك بێت رووبەڕووى هێرشى خوێناوى دەبێتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین