وەرزێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا
نوچە نێت
نووسینی: هاڕون زیلین، سۆنەر چاگاپتای
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
پێویستە ئەنقەرە و واشنتن هاندەربن تاوەكوو سەركردایەنی نوێ لە دیمەشق پڕۆسەی حكومڕانی گشتگیر و بەهێز بكەن و لە سووریا سەركەوتن.
كاتێك هەیئەی تەحریری شام لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتە بە رەزامەندی توركیا سەربازی هێرشی كردە سەر سووریا و كۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، ئەو گۆڕانكارییە پەیوەندی نوێی ئەنقەرە و دیمەشقی خستە ناو پڕۆسەی سەقامگیری لە قۆناغی دوای ئەسەد لە سووریا.هەرچەندە ئەمەریكا و توركیا بە فەرمی هەیئەی تەحریریان وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی ناساند بوو، ئەنقەرە پەیوەست بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سووریای دراوسێی بڕیارێكی قورسی دا، ئەوەش لە رێگەی حكومەتی كاتی كە هەیئەی تەحریر سەرۆكایەتی دەكات، هەروەك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرژەوەندی گەورەی لە داڕشتتنەوەی سووریای قۆناغی دوای ئەسەد هەیە، ئەوەش ئاوێتەبوونی ئامانجە ئاشكراكانی ئەمەریكایە كە لە كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەو ناوچەیە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كشانەوەی یەكجاری ئەمەریكا لە سووریا خۆی دەبینێتەوە، بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە لەسەر واشنتن پێویستە لە سرووشتی پەیوەندی نێوان حكومەتی نوێی سووریا و توركیای هاوپەیمان لە ناتۆ بگات و سوودی باشتر وەربگرێت.
بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان توركیا هەیئەی تەحریری شام
لەو كۆبوونەوەی كە لە چواری ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەنێوان ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع بەڕیوەچوو، كە دووەم سەردانی سەرۆكی كاتی سووریا بوو بۆ دەرەوە، جەخت لەسەر گۆڕینی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە داهاتوو كرایەوە، لە چەند ساڵی رابردوو توركیا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا دەدا، بەشار ئەسەدیش رەتی دەكردەوە، ئەوەش لە كاتێدا بوو ئەحمەد شەرع لە باكووری رۆژئاوای سووریا ناوچەیەكی بەڕیوە دەبرد، كە لە نیمچە ململانێیەكی سڕكراویان لەگەڵ توركیا هەبوو، رووداوەكانی ئەم دواییە ئاماژەی ئەوەیان تێدایە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بەهێزتربووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە (2012) ئەحمەد شەرع سەرۆكی بەرەی نوسرە و پاشان هەیئەی تەحریر هەنگاوی گەورەی ناوە.
لەگەڵ تێپەڕینی ئەم ساڵانە چەقی رەخنەی ئەحمەد شەرع لە سیاسەتی توركیا بەگشتی و ئەنقەرە بە تایبەت روونتربوو، لەسەرەتاوە ململانێكە مۆركێكی ئایدۆلۆژی پێوەبوو، بەڵام دواتر ململانێیەكە گۆڕا بۆ ململانێ لەسەر جوگرافیا و بەرژەوەندی، بۆ نموونە لە مانگی كانوونی دووەمی (2012) ئەحمەد شەرع لە یەكەم پەیامی بەو سیفەتەی سەرۆكی بەرەی نوسەرەیە رەخنەی لە توركیا وەك هاوپەیمانی ئەمەریكا گرت، بانگەشەكانی باسكردنی ئومەی ئیسلامی توركیای بە بێبنەما ناوبرد، ئەو لێدوانەش رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای جیهادی بوو، كە واتاكەی لە واقیعدا ئەوەیە كە سەركردەكانی توركیا ئیسلامی نین، بەڵكوو فەرمانەكانی واشنتن جێبەجێ دەكەن و خزمەتی بەرژەوەندی موسڵمانان لە جیهان ناكەن.
ئەوەش دژیەكی روون لەگەڵ لێدوانەكانی شەرع لە (2023) نیشان دەدات، كاتێك رەخنەی لەو وڵاتانە گرت هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەد دەدەن، ئاماژەی بەوە كرد، كە توركیا هەوڵی ستراتیژی دەدا بۆ پاڵپشتی شۆڕشی سووریا تاوەكوو روخاندنی رژێمی ئەسەدیش لەگەڵە.
ئەوە هەنگاوەی توركیا هەوڵێك بوو بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانجی سەرەكی كە، گێڕانەوەی پەنابەران و رێگری لە گۆڕێنی پارتی كرێكاران بۆ وڵاتێك لەسەر سنوورەكانی توركیا، كە توركیا ئەو هێزانە بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باكووری سووریا دەزانێت و نەیاری ناوخۆی توركیا.
لەو سۆنگەیەوە ئەحمەد شەرع پێیوابوو پێویستە هەیئەی تەحریری شام هەنگاوی یەكلاكەرەوە بۆ روخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد بنێت لەبری پشتبەستن بە جووڵە دەرەكییەكان، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر گۆڕانكاری لە سیاسەتی توركیا كە پەیوەستە بە بەرژوەندییە نیشتیمانییەكانی تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشی ناكۆك بێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بكەین توركیا بەرەی نوسەرە و هەیئەی تەحریری شامی لە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییەكان دانابوو، ئەوەش بەگوێرەی لیستی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دیاریكردنی رێكخراوە تیرۆرستییەكان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی توركیا رێگربوون لە درووستكردنی هەر پەیوەندییەك لەگەڵ هەیئەی تەحریر یان بەرەی نوسرە، ئەوەش لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی بوو.
بەڵام دواتر لە ساڵانی رێككەوتنی ئاگربەست كە لە مانگی ئاداری (2020) بە نێوەندگیری رووسیا و توكریا كرا، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی توركیا كە نزیكەی (10) ساڵ بوو لە جەنگی ناوخۆی سووریا گلابوو، ئاماژەكانی دەركەوت كە هەڵوێستی لە درووستكردنی پەیوەندی بەتینتر لەگەڵ هەیئەی تەحریر گۆڕاوە.
بە پشبەستن دیدارەكانی نووسەر لەگەڵ زۆربەی چاودێران، توركیا بە چەك و مەشق و زانیاری هەواڵگری هاوكاری هەیئەی تەحریری كردووە، كە رێگەی بۆ لادانی دەسەڵاتی ئەسەد خۆش كرد، لە هاوینی (2024) هەیئە لەگەڵ سەرچاوەكانی توركیا پەیوەندییە تایبەتەكانی هەبووە، ئەنقەرە دركی بەوە كرد كە بەشار ئەسەد خواستی قبووڵكردنی مەرجەكانی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ نییە، كە گەڕانەوەی نزیكەی چوار ملیۆن سووری لە توركیا لەخۆی گرتبوو، بەهۆیەوە ئەنقەرە دەستی بە پاڵپشتی هێرشەكانی هەیئەی تەحریری شام كرد بۆ سەر دەسەڵاتی ئەسەد، كە تاوەكوو یان ناچار بێت یا هەڵوێستێكی لاوازەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، یاخود بە یەكجاری لەسەر دەسەڵات نەمێنێت.
بەشداری ئەنقەرە لە قۆناغی دوای بەشار ئەسەد
لە (2024/12/8) كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كەوت، رۆڵی توركیا لە هەموو وڵاتان زیاتر لەگەڵ حكومەتی كاتی لە دیمەشق دەركەوت، ئەوەش لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەركە گەورەكان بوو كە خۆی لە بونیادنانەوەی دەوڵەتی دراوسێ دەبینیەوە، كە لەسەرووی هەموویانەوە بەهێزكردنی سەقامگیری بوو، چونكە ئەگەر دووبارە ئاژاوە و ئاڵۆزی لە سووریا سەرهەڵبداتەوە، توركیا تووشی گەورەترین مەترسی دەبێتەوە، كە شەپۆلی نوێی پەنابەران و زیادبوونی هێرشە تیرۆرستییەكانە.
لە ئەنجامی ئەوەدا دامەزراوە حكومی و رێكخراوە ناحكوومییەكانی توركیا بە هەموو ئاراستە سیاسی و دیپلۆماسیی و بارزگانی و مرۆییەكان تا نووسینی ئەم دێڕانە (93) كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەتی نوێی سووریا ئەنجام داوە.
لەبەرانبەردا سعوودیە لە پلەی دووەمە لە رووی چالاكییەكانەوە (34) كۆبوونەوەی هاوشێوەی كردووە، لە كاتێدا زۆربەی وڵاتان تەركیزیان لەسەر پایتەختە، بەڵام بەرپرسانی توركیا بە هەموو ناوچەكان دەسووڕێنەوە، سەردانی حەلەب، داریا، دێرزور، حەما، حومس، ئیدلیب، لازقیەیان كردووە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچانە كۆبووینەوە و هەڵوەستەیان لەسەر داواكانی سووریا بۆ هاوكاری دووبارە ئاوەدانكردنەوەی كردۆتەوە، ئەوەش بە ئاشكرا دیارە توركیا سوورە لەسەر گرتنەبەری هەموو رێكارێكی پێویست بۆ گرەنتی سەركەوتنی سووریای نوێ.
كۆمپانیا توركییەكان خاوەن ئەزموونی قووڵن سەرچاوەی ئەو هەوڵەن، لە پاڵ فرەیی ئابووری كۆمپانیاكان، ئەو كۆمپانیانە ئەوەیان سەلماندووە كە لەو وڵاتانەی تووشی لاوازی و شكست بوونە توانای بووژانەوەیان هەیە، بە نموونە لە عێراق جەنگی تائیفی لە لووتكە بوو، لە باشووری سوودان، لە كاتێدا لەو دۆخەی ئێستا كۆمپانیا توركییەكان پێگەیەكی تایبەتیان لە پێدانی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان لە سووریا هەیە، ئەوەش فاكتەرێكی یەكلاكەرەوەیە لە سەركەوتنی حكومەتی نوێی سووریا.
پێشنیارە سیاسییەكان
ئەو پەیوەندییە تازەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق هەژموونێكی گەورەی بۆ حكومەتی نوێ درووست كردووە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە سەركردایەتی نوێی سووریا بە تێپەڕینی كات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەژموونە دەكات، سەرەڕای ئەوەی دیمەشق ملكەچی توركیا نییە، بەڵام گوێ لە پێشنیارەكانی ئەنقەرە دەگرێت، لەگەڵ ئەوەش توركیا هاوكاری دەكات بە نموونە هێلەكانی كارەبای لەگەڵ هێڵەكانی سووریا بەستۆتەوە، فشار دەخاتە سەر ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزا سەپێندراوەكانی سەر دیمەشق.
سەركردایەتی نوێ دركیان بەوە كردووە كە پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سووریا بە شێوەیەكی خێرا دەستی پێنەكردووە، ئەگەر دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لە داهاتووێكی نزیك بەردەست نەبێت، ئەوا گرووپە توندڕەوەكان لەوانەش رێكخراوی قاعیدە و داعش رووبەڕووی حكومەت دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئەو پێشنیارانەی توركیا ئەگەر پەیوەست بێت بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و هاوكاری ئاوەدانكردنەوە، ئەحمەد شەرع گوێ لە ئەنقەرە بگرێت.
بە هەمان شێوە ئیدارەی تەرەمپ بەرژەوەندی گەورەی لەوەدایە سووریا سەركەوێت، كە لەرێگریكردن لە زیادبوونی پەنابەرانەوە دەست پێدەكات، تا دەگات بە دانانی سنوورێك بۆ هەژموونی ئێران، تەنیا ئەوەندە هەیە نایەوێت هیچ بڕە پارەیەكی زۆر بۆ بەدیهێنانی ئەوە تەرخان بكات.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش پێویستە واشنتن سوود لە پەیوەندی باشی ئەنقەرە و دیمەشق وەربگرێت. لە میانەی كاری هاوبەش دەكرێت ئەمەریكا و توركیا پاڵنەری پێویست بۆ روودانی گۆڕانكاری لە دیمەشق و سەقامگیری لە سووریا دانانی سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی ئەو ناوچەیە دابنێن، بەوەش سێ پاڵنەر بایەخی تایبەتیان دەبێت:
- هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی پەیوەست بە دامەزراوەكانی سەردەمی بەشار ئەسەد، بەتایبەت كارەبا و بانك، كە دەبێتە دابینكردنی هاوكاری سەرەتایی بۆ دانیشتوان.
- دابنكردنی سەرچاوەی پێویست بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا كە ترسیان لە شەپۆلی پەنابەران و وڵاتانی دەوڵەمەندی كەنداو هەیە كە لە نەبوونی سەقامگیری ناوچەیی و لەدەستدانی متمانە دەترسن.
- پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ داننان بە حكومەتی كاتی كە هەیئەی تەحریر سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش نیشانەی گەورەتر لەسەر گشتگیری دەردەكەوێت.
لە بەرانبەردا پێویستە لەسەر ترەمپ و ئەردۆغان داوا لە دیمەشق بكەن:
- بەرنامەیەكی گشتگیری راستەقینە بە ئاراستەی نووسینەوەی دەستووری نوێ و حكوم داڕێژێت.
- بەرەوامبن لە رێگری لە گرووپە جیهادییەكان بۆ بەكارهێنانی خاكی سووریا بۆ پیلاندانان بۆ هێرشی دەركی.
- بەردەوامبن لە دەستگیركردنی پاشماوەكانی دەسەڵاتی ئەسەد و حزبوڵڵا و تۆڕە ئێرانییەكانی لە قاچاغی چەك و كابتاگۆن.
- كاركردن لەگەڵ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی بۆ كۆتاییهێنان بەژێرخانی چەكی كیمیاوی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
سەرچاوە: ماڵپەڕی پەیمانگەی واشنتن
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment