ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە لە سووریا هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت  وەرگێڕان

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر و سەرکردایەتی سووریا دەکات کە لە بڕیاری (2254)دا سەرچاوەی گرتووە، پابەندبوون بە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات دەکاتەوە.

بڕیاری (2254) لە (2015) پەسندکراوە، خشتەیەکی کاتی بۆ گواستنەوەی سیاسی سووریا دیاری دەکات وەک دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و باوەڕپێکراو. هەروەها وردەکاری داڕشتنی دەستووری نوێ و داوا دەکات هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (18/کانوونی یەکەمی/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی دانوستاندنەکانی سووریا، ئەنجومەنی ئاسایش، "پشتیوانی خۆی بۆ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا گێر پیدرسەن دەربڕی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی بە سەرکردایەتیی سووریا".

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەم پرۆسە سیاسییە دەبێت خواستە ڕەواکانی هەموو خەڵکی سووریا بێت، هەموویان بپارێزێت، بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیانە، سەربەخۆ و دیموکراتیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، هەروەها پابەندبوونی ئەندامانیان بە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکڕیزی خاکی سووریا دووپات کردەوە، داوای لە هەموو وڵاتان کرد ڕێز لەم پرەنسیپانە بگرن".

ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە سووریا و دراوسێکانی خۆیان لە هەر هەنگاوێک و دەستێوەردانێک بپارێزن کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی یەکتر، جەخت لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا کراوەتەوە تاوەکو ڕێگەبگیرێت لە داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر و نەتوانن دووبارە خۆیان بنیات بنێنەوە یاخود شوێنی خۆیان شوێنیان هەبێت".

لە لایەکی ترەوە ئەنجومەنەکە داوای لە سووریا کرد، "پابەند بێت بە هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت هاوکاری و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان".

ئەنجومەنی ئاسایش جەخت دەکاتەوە، "لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی لە هەموو بارودۆخێکدا، داوای زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵە مرۆییەکان کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کە پێویستیان پێیەتی لە سووریا".

ئەنجومەنەکە هاوسۆزی خۆی لەگەڵ قوربانیان، خانەوادەکان، بێسەروشوێنەکان و هاووڵاتیانی سووریا دووپاتکردەوە، پشتیوانی خۆی بۆ هێزی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان بەدوور بگرن لەو کارانەی کە سەلامەتی نێردە و دیپلۆماتکارەکان دەخاتە مەترسییەوە. داوای ڕێزگرتن لە رێککەوتنی جیابوونەوەی (1974) کرد سەبارەت بە ناوچەی جیاکردنەوە لە سووریا، پاراستنی ئارامی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و جەخت کراوەتەوە لەوەی کە پێویستە بینا، کارمەندانی دیپلۆماسی و کونسوڵگەری لە هەموو بارودۆخێکدا بپارێزرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".

ڕاگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای ئەوە دێت، ڕۆژی سێشەممە (10/کانوونی یەکەمی/2024) گێر پیدرسەن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی سووریا پێشکەش کرد، ڕایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەک بەشدار بێت لە حکومەتی داهاتووی سووریا".

لە ڕاپۆرتەکەدا گێر پیدرسەن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەشڵێت، "کاتێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سووریادا. هاووڵاتیان (14) ساڵ بەرگەی ئازاری زۆر، ناخۆشی و لەدەستدانیان گرت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین