دوای بەشار ئەسەد چ داهاتوویەك چاوەڕێی سووریا دەكات؟! وەرگێڕان

نوچە نێت

ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایانگەیاند، "کۆتایی بە حوکمی (24) ساڵەی بەشار ئەسەد هێندراوە، حکومەتی نوێ بە زووترین کات پێکدەهێندرێت.

ئامادەكردنی: سنوور یاسین

ڕۆژی یەکشەممە (هەشتی کانوونی یەکەمی/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕایانگەیاند، "دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی هات".

دوو ئەفسەری باڵای سوپا دووپاتییان کردەوە، "ئەسەد لە دیمەشق بەرەو شوێنێکی نادیار ڕۆیشتووە".

بەگوێرەی گوتەی شایەتحاڵەکان، "هەزاران کەس بە ئۆتۆمبێل، پیادە لە گۆڕەپانێکی سەرەکی دیمەشق کۆبوونەوە جەخت دەکەنەوە لەوەی، "دوای نیو سەدە لە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد ئازادییان بەدەست هێناوە".

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، "پایتەختە عەرەبییەکان بە ئەنجامی پەلەیی ڕووداوەکانی ئەم دواییە تووشی شۆک بوون و ترسی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیریی ناوچەکەی گرتووەتەوە، دوای نزیکەی (13) ساڵ خاڵی وەرچەرخان  لە سووریا ڕوویدا، شەڕی سووریان زۆربەی شارەکانی وێران کرد، سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنەها کەسیش ناچار بوون ئاوارە بن بۆ وڵاتانی جیاوازی جیهان".

سەقامگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای سووریا خاڵێکی گرنگە، حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان کە چەندین ساڵە خۆیان لە دەوڵەتی ئەسەد دوور دەخەنەوە، دەبێت بڕیار بدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەیەکی نوێ بکەن کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دەستەی تەحریر شام، كە سەركردایەتیی بەشێك لە پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد لە ڕۆژئاوای سووریا، پێشتر سەر بە قاعیدە بوو. جۆشوا لاندیس، پسپۆڕی سووریا و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆکلاهۆما دەڵێت، "پرسیاری ڕاستەقینە و چاودێری دوای ڕووداوەکان لێرەوە دەست پێدەکات".

دەستەی تەحریر شام یەكێكە لە بەهێزترین گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هەندێک لە هاووڵاتییانی سووریا دەترسن کە حوکمی ئیسلامی بسەپێنن بەسەریاندا یاخود هانی تۆڵەسەندنەوەیان بدات".

محەمەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی سووریا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی، "ئامادەیە پشتیوانی لە بەردەوامی حوکمڕانی بکات، هاوکاری هەر سەرکردایەتییەک دەکات کە هاووڵاتییانی سووریا هەڵیبژێرن".

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و تیمەکەی چاودێری ڕووداوەکانی سووریا دەکەن، لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکاندا لە پەیوەندیدان".

لە (2011) شەڕی ناوخۆی سووریا وەک ڕاپەڕینێک لە دژی حوکمی ئەسەد دەستی پێکرد، هێزە دەرەکییەکانی ڕاکێشا ناو شەڕەکەوە و بۆشایی بۆ چەکدارە جیاوازەکان ڕەخساند بۆ پلاندانانی هێرش لە سەرانسەری جیهاندا و ملیۆنەها پەنابەر و ئاوارەی لێکەوتەوە.

دوای چەندین ساڵ بێدەنگ بوون، گرووپە ئیسلامییەکان کە پێشتر سەر بە قاعیدە بوون دەستیان کرد بە بەرپەرچدانەوەی حوکمڕانی بەشار ئەسەد و گەورەترین ئاڵەنگاریان بۆ ئەسەد دروست کرد کە چەندین ساڵ بوو لەلایەن ڕووسیا، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانییەوە پاڵپشتی دەکرا.

لە بەرامبەردا هاوپەیمانەکانی ئەسەد سەرنجیان خستە سەر قەیرانەکانی تر، لاواز بوون و ئەسەد کەوتە ژێر دەسەڵاتی نەیارانەکانییەوە، سوپا بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکرد کە توانای پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان هەبێت.

دوای کشانەوەی سوپا لە ناوەڕاستی شارەکە هەزاران دانیشتووی حمس ڕژانە سەر شەقامەکان، ئاهەنگی خۆشیان دەگێڕا، دروشمەکانی، "ئەسەد نەماوە، حمس ئازادە، بژی سووریا و نەمانی بەشار ئەسەدیان دەگووتەوە".

هەزاران دەستگیرکراو لە زیندانە جیاوازەکانی شارەکان ئازاد کران لەلایەن گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە. هێزە ئەمنییەکان بەڵگەکانیان سووتاند و شوێنەکانیان جێهێشت.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە (2024/12/8) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، "ئێمە شاهێدی ساتێکی مێژوویین لە سووریا کاتێک ڕژێمی دیکتاتۆر لە دیمەشق ڕووخاوە. ئەم گۆڕانکارییە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە لەسەر بنەمای دیموکراسی، دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی سووریا پێکهاتبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین