ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە وەرگێڕان

نوچە نێت

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، "دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانبارە بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان".

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی پێشێلكارییەكانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیێنێت، دوای چەند مانگێک لە شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، "ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکاندووە، جینۆسایدی بەرامبەر هاووڵاتیانی غەزە ئەنجام داوە".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت، "لە پەیماننامەی جینۆسایدی (1948) کە لە دوای کۆمەڵکوژی جوولەکەکان لە هۆلۆکۆستی نازییەکاندا دەرکرا، جینۆساید پێناسە کراوە وەک ئەو کارانەی کە بە مەبەستی لەناوبردنی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجام دەدرێت".

لە بەرامبەردا، ئیسرائیل چەندین جار هەموو تۆمەتێکی جینۆسایدی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت، "ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، مافی بەرگری لە خۆی هەیە دوای هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل".

ئۆرین مارمۆرستین. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە ڕاپۆرتێکی هەڵبەستراوی بڵاوکردەوە کە تەواو ناڕاستە و لەسەر بنەمای ناڕاستییە".

(14) مانگ پێش ئێستا چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگاکانی ئیسرائیل، (1,200) هاووڵاتی کوژران و زیاتر لە (250) بارمتەیان گرت.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەزە، "لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە زیاتر لە (44,500) فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون".

بەرپرسانی فەڵەستین و نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، "هیچ ناوچەیەکی ئارام لە غەزە نەماوە کە پێشتر ناوچەیەکی چڕی دانیشتوان بوو، زۆرینەی دانیشتوانی غەززە کە (2.3) ملیۆن هاووڵاتی بوون ئاوارە بوون، هەمووشیان زیاتر لە جارێک ئاوارە بوون".

دوو هەفتە پێش ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دادگای تاوانیی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل دەرکرد بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە جەنگی غەزەدا، بەڵام هەردووکیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە.

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە لە لاهای ڕایگەیاند، "ئەو ئەنجامە بە ئاسانی بە دەست نەهاتووە، پاش شەش مانگ لە توێژینەوەی چڕ و بەردەوام پەسەند کراوە، کۆمەڵکوژی ئەنجام دراوە و جێگای قبووڵکردن نییە".

کالامارد ڕاشیگەیاندووە، "لێبوردنی نێودەوڵەتی نیازی بە سەلماندنی جینۆساید نەبووە، بەڵام دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و لێدوانە بە کۆمەڵەکان دەریخستووە تاکە دەرئەنجامەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل ئامانجی بووە جینۆساید ئەنجام بدات".

هەروەها دەشڵێت، "جەنگی ئیسرائیل لە غەزە تەنها مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حەماسە نەک لەناوبردنی فەڵەستینییەکان وەک گروپێکی نەتەوەیی و نەژادی".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دووپاتی دەکاتەوە، "ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل سێ لەو پێنج کردەوەیەیان ئەنجامداوە کە لە پەیماننامەی جینۆسایدی (1948) قەدەغەکراون، کە ئەوانیش بریتین لە کوشتن، زیانگەیاندنی جەستەیی، دەروونی و ژیانکردن لە دۆخی خراپدا".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، "پێداچوونەوە بە زیاتر لە (100) لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی کراوە".

سوپای ئیسرائیل حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات، "کە چەکدارەکان لەناو گەڕەکە قەرەباڵغەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام حەماس ڕەتی دەکاتەوە و ئیسرائیل بە هێرشی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکات".

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات، "لێکۆڵینەوە لە جینۆساید بکات".

 نووسینگەی داواکاری گشتیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە ناوچە جیاوازەکانی فەڵەستین ئەنجامدراون، لە ئێستادا ناتوانێت لێدوانی زیاتر بدات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین