کتێبێک دەربارەی بەشداری ژنان لە ‌هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکرایەوە کولتوور

نوچەنێت: تایبەت

کتبێکى نوێ لەبارەى ئاستى دەنگى ژنان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاودەبێتەوە. نووسەرى کتێبەکە دەڵێت، "یەکەمین هەوڵی لەو شێوەیە کە پێوەست بە شیکردنەوەی دۆخ و پێگەی ژن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق درابێت."

رێبین فەتاح، نووسەرى کتێبى(دەنگی مێینە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023) لە ناوەڕۆکى کتێبە نوێیەکەى تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "دوای دەستنیشانکردنی ژمارەی کاندیدانی مێینە لە کۆی کاندیدانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق- هەزار و 661 کاندیدی مێینە لەکۆی پێنج هەزار و (900) کاندیددا، کە ڕێژەی کاندیدانی مێینە (28.16%) لەکۆی گشتی کاندیدان پێکدەهێنێت- بۆ ڕوونکردنەوەی پێگەی ژن لە بەشداری سیاسی، سەرنج خراوەتە سەر سەرکردایەتییکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لەلایەن ژنانەوە، دەرکەوت لەکۆی (252) لیست و هاوپەیمانی، بە کاندیدە تاکەکەسییەکانەوە، تەنیا (8)یان لەلایەن کاندیدانی مێینەوە سەرکردایەتی دەکران، کە ڕێژەی تەنیا (3,17%)  لەکۆی گشتی پێکدەهێنێت و زۆرینەی ئەوانەیش کاندیدی تاکەکەسیین نەک سەرکردایەتی لیست و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان، ئەوەش مانای نەبوونی دەرفەتی چوونیەکە لە بەشداری سیاسیی ژنان و پیاوان لە عێراق."

نووسەرى ئەم کتێبە ئاماژە بەوەدەکات، "ڕێژەی بەشداری کاندیدانی ژن لە هەڵبژاردنەکەدا، زیاتر لە (28%) پێکدەهێنێت، بەڵام کە تەنیا (12.92%) ی دەنگدەرانی عێراقی، دەنگیان بە کاندیدە ژنەکان داوە" هەروەک دەشڵێت، "لە پارێزگای کەرکووک کە نوێنەرایەتی سێ پێکهاتەی سەرەکی لە کورد، تورکمان و عەرەب دەکات، بەڕێژەی نزیکەی (60%)ـی ئەو دەنگانەی بە سەرجەم کاندیدە مێینەکانی ئەو پارێزگایە دراون، لە بنەڕەتدا کاندیدانی لیستە کوردییەکانن و لە پێکهاتەی کوردیین."

ئەم کتێبە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، لەڕێگەی زیاتر لە (40) چارت و خشتەوە، دۆخی ژن لە هەڵبژاردنەکانی هەر (15) پارێزگای عێراق خراوەتەڕوو و بەخۆڕایی دابەش دەکرێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین