سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ڕه‌ئیسى جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى ئێران لە تاران کۆبوونەوە. هه‌ردوولا جه‌خت له‌ "بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر‌ بنه‌ماى دراوسێیه‌تیى باش و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش" دەکەنەوە.

به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (شەشى ئایار/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ تاران له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زیرى ناوخۆ و شاندێكى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا "جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر‌ بنه‌ماى دراوسێیه‌تیى باش و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌یوه‌ندیى ئابوورى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستایشى په‌یوه‌ندیى دێرین و مێژووییى نێوان كۆمارى ئیسلامى و هه‌رێمى كوردستانیان كرد."

هەروەها سەرۆک کۆمارى ئێران، "سوپاس و پێزانینى كۆمارى ئیسلامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و هاریكارییه‌ى پێشكه‌ش به‌ زیاره‌تكارانى ئێرانى بۆ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كات له‌ كاتى تێپه‌ڕبوونیان به‌ هه‌رێمى كوردستاندا."

سەرۆکى هەرێمى کورردستان لاى خۆیه‌وه‌  سوپاسى پشتگیرى و هاریكاریى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داكۆكییان له‌ پێویستى و گرنگیى به‌رده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى و هاریكاریى هاوبه‌شى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین