سەرۆکى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لە کرێکاران دەکات کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى یەکى ئایار رۆژى جیهانى کرێکاران پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە بەشێکى پەیامەکەى دەڵێت، “به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ڕه‌نجى كرێكاران و ڕۆڵى كارايان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتناندا ده‌ڕوانم."

ئەمڕۆ چوارشەممە (یەکى ئایار/ 2024) سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى رۆژى کرێکاران پەیامێکى بڵاوکردەوە، تێیدا هانى سەندیکا و رێکخراوەکانى کرێکاران دەدات کارى باشتر و هەوڵى زیاتر بۆ پارێزگارى لە مافەکانى کرێکاران بدەن.

دەقى پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

يه‌كى ئايار، له‌ ڕۆژى جيهانيى كرێكاراندا، گه‌رمترين پيرۆزبايى له‌ هه‌موو كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان ده‌كه‌م، ده‌ستى كار و ماندووبوونيان ده‌گوشم و هيواى ئاسووده‌يى و خۆشگوزه‌رانى و سه‌رفرازييان بۆ ده‌خوازم.

له‌ كاتێكدا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ڕه‌نجى كرێكاران و ڕۆڵى كارايان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتناندا ده‌ڕوانم، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتگيرى له‌ هه‌موو ماف و داوا ڕه‌واكانيان و پێويستيى هه‌بوونى ياسايه‌كى پێشكه‌وتووى سه‌رده‌ميانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ زه‌مينه و ژينگه‌‌ى له‌بارى كاركردن و ژيانێكى باشتر بۆ چينى زه‌حمه‌تكێشى كرێكاران و خێزانه‌كانيان بێنێته‌ ئاراوه‌‌.

هه‌ر له‌م ياده‌دا هانى سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانى كرێكاران ده‌ده‌م كارى باشتر بكه‌ن و هه‌وڵى زياتر بده‌ن بۆ دابينكردن و پاراستنى مافه‌كانى كرێكاران و ڕه‌خساندنى يه‌كسانى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كاردا، هه‌روه‌ها ده‌بێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چاودێريى خێزانى ئه‌و كرێكارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كاردا ژيانيان له‌ ده‌ست داوه‌ و بايه‌خ و گرنگى به‌ باشتركردنى دۆخى ژيان و گوزه‌رانيان بدرێت.

يه‌كى ئايار له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت و هيواى پشوويه‌كى ئارام بۆ كرێكاران ده‌خوازم.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

1ى ئايارى 2024

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین