سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە (حەوتى نیسان/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكى، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوایین "پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌ژێر ڕۆشناییى دوا به‌ره‌وپێشچوونه‌كان و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر پرسى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌."

هاوكات هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ "گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسیى وڵات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێویستیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و به‌رده‌وامى هه‌وڵ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان هاوڕا بوون."

دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا باس له‌ به‌رنامه‌ى سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ بۆ واشنتۆن كرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین