سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر ھاوھەڵوێست و یەکڕیز باین دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ چوارشەممە (20/ئادار/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی نوێی کورد لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی تازەی کوردی، بە گەرمی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، لە ھەر کوردێک و ھەموو پێکھاتەکانی گەلی کوردستان لە ھەرکوێ بن، پیرۆز دەکەم."

ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕوو لەلایەنە سیاسییەکان کردووە و دەڵێت، "ھەمووان لە ھەمان کەشتیداین و ئەگەر ھاوھەڵوێست و یەکڕیز باین، دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی تازەی کوردی، بە گەرمی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، لە ھەر کوردێک و ھەموو پێکھاتەکانی گەلی کوردستان لە ھەرکوێ بن، پیرۆز دەکەم. ھیوای ساڵێکی تازەی پڕ لە خۆشی و تەندروستیی باش، ئارامی و ئاسوودەیی و سەرکەوتن بۆ ھەمووان دەخوازم.

ئەمڕۆ کە بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕین، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و بە لێکگەیشتن، ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن تا بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی ھەڕەشە و ئاڵنگارییەکان ببینەوە و فیدراڵی و قەوارەی سیاسی و ماف و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین. ھەمووان لە ھەمان کەشتیداین و ئەگەر ھاوھەڵوێست و یەکڕیز باین، دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.

گەلی کوردستان ھەرگیز واز لە ئازادی و مافەکانی ناھێنێت. مێژوو سەلماندوویەتی تا نکۆڵی لە کورد و کوردستان بکرێت و مافەکانی پێشێل بکرێت، عێراق خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. با ھەموومان لە عێراق لە ھەڵەکانمانەوە فێر ببین. جێبەجێنەکردنی دەستوور و فیدراڵی و ڕێککەوتنە سیاسییەکان، دەستیدەستیکردن بە شایستەکان و ھەوڵی بچووککردنەوەی ھەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی، جگە لە زیان ھیچ سوودێکی بۆ عێراق نابێت.

لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتی نەگۆڕمان دەکەینەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە لە ناوچەکە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت. خوازیاری پەیوەندیی باش و دۆستانە و دراوسێیەتیی باشە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی ھاوبەش. ھەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لەو گەلانەش دەکەین کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن و ئەم یادە دەکەنەوە.

سوپاسی تێگەیشتن و گیانی بەرپرسیاریەتی و خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان دەکەم. لە نزیکەوە ئاگاداری باری ژیان و گوزەرانیانین. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، کاری لەپێشینەی ھەموومان لە ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانە. دڵنیایان دەکەمەوە کە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو. بە ئومێدەوە بەرەو ژیان و داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو دەنێین و کوردستان بۆ ھەمیشە وڵاتی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی دەمێنێتەوە.

نەورۆز و سەری ساڵی تازەتان پیرۆز.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین