سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانیا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى (16/شوبات/2024) له‌ كۆنفرانسى ئاساییشى میونشن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ تۆبیاس لیندنه‌ر، وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانیا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌، كۆبووه‌وه‌.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ "بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان كرده‌وه‌. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ ئارامیی سه‌قامگیریى ئه‌منى و سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ گرنگن."

هەروەها لیندنه‌ر جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ "كه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ گرنگییه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ دۆخى عێراق ده‌ڕوانێت و له‌ پشتیوانیكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ یارمه‌تى و پشتیوانیى به‌رده‌وامى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ڕۆڵى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیاى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا به‌زر هه‌ڵسه‌نگاند."

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانیا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ داكۆكییان له‌ "پێویستیى باشكردنى دۆخى شه‌نگال و ئێزدییان كرده‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى داكۆكى كرده‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، یارمه‌تیى ئێزدییان ده‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌نگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی پێداگیرى كرد كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده‌ به‌وه‌ى له‌ زووترین كاتى گونجاودا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین