پـووتین دژی بـایـدن هـەوڵـی بـەهـێـزکـردنـی ڕووسـیـا دەدات لـە ئـەفـغـانـسـتـان شیکاری ئابوری
داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا، بۆ جەنگە کۆتایینەهاتووەکان و، دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا، بۆ کێشە ستراتیژییەکانی ئەفغانستان و، هەوڵەکانی ڕووسیای، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چڕتر کردوون، بۆئەوەی ڕێگە لە خەونەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگرێت.

 نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە چوارچێوەی سەردانە  دوو ڕۆژەکەی، بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ڕووسیای، بۆ پاکستان لەسەرجەم بوارەکان، بە تایبەت دابینکردنی چەکی سەربازی بۆ ئیسلام ئاباد دووپاتکردەوە. 

دوای نۆ ساڵ لە بێ دەنگی ڕووسیا، لە ڕووداوەکانی ئەو ناوچانە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ پاکستان ئەنجامدا و، ئەو سەردانەی سێرگی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە، کە دوای دەستبەکاربوونی بایدن و، هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکایە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەفغانستان. 

ڕووسیا دەیەوەێت وەك یاریکەرێکی سەرەکی، ڕۆڵی خۆی لە پرۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە بگێڕیت. 

لە بارەی سەردانەکەی، بۆ پاکستان لاڤرۆڤ، وتی: "ڕووسیای ئامادەیە هاوکاری پاکستان بکات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و، هاوکات بە‌هێزکردنی پەیوەندی لەکەل و پەلی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا."

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری هاوکارییە سەربازییەکان بدات، دەرگای ڕێککەوتنی نوێی لە نێوان هەردوو وڵات، بۆ میدیاکان خستەڕوو.

ئـامـانـجـی سـەردانـەکـەی سـێـرگـی لاڤـرۆڤ بـۆ پـاکـسـتـان چـی بـوو؟ 

ناڕوونی سیاسەتی ئەمریکا و، سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی ئەمریکا، لە ڕێککەوتنامەی ئاشتی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و، حوکوومەتی ئەفغانستان، دەرفەتێکی گونجاوە، بۆ ڕووسیا لە گێرانی ڕۆڵی سەرەکی، لە یەکلاکردنەوەی ڕووداوەکان بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی مۆسکۆ، بە تایبەت دوای ئەوەی لە لێدوانی بەشێك لە سەرکردەکانی ئەمریکا، خواستی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە ئەفغانستان بڵاوکرایەوە. 

لە مانگی ڕابردوو، ڕووسیا پێشوازی لە کۆبوونەوەی باڵای نێوان چەکدارانی  تاڵیبان و، حوکوومەتی ئەفغانستانی کرد و، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشنیاری کرد، کە کۆبوونەوەی باڵای داهاتووی نێوان  هەردوو لایەن لە مۆسکۆ ئەنجام بدرێت. 

سەردانیکردنی لاڤرۆڤ، بۆ پاکستان لە کاتێکدایە، کە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مانگی ڕابردوو، سەردانی بەشێك لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کرد، دواتر لە هەفتەیەکدا بە سەردانێکی فەرمی سەردانی وڵاتی هیندستانی کرد و، چەند ڕێککەوتنێکی ستراتیژی واژووکران، سەردانیکردنی لاڤرۆڤ، بۆ پاکستان کە بە هاوپەیمانێکی ئەمریکا دادەنرێت، هەوڵەکانی رووسیا، بۆ دووبارە بونیاتنانی پەیوەندییەکانی، لە پێناو جێبەجێکردنی پلانەکانی ڕووسیا، لە ئەفغانستان دەخاتەڕوو. 

لە هەشتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، پاکستان بە مەیدانی ئەنتی -کۆمۆنیستی (دژی یەکێتی سۆڤیەت) دادەنرا، بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، بە سەرپەرشتی ئەمریکاییەکان، بەڵام دوای ساڵی 1989، گەیشتنە نیمچە ڕێککەوتنێك، لە پێناو کۆتایهێنان، بە جەنگی (دە ساڵە)ـی، نێوان دوو هێزە سەرەکییەکان لە ئەفغانستان، بەڵام لێدوانی سەرۆکی سوپای ئەفغانستان، لە سەردانی ئەمجارەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بۆ پاکستان جێگەی سەرنجی میدیاکان بوو. 

جێنیراڵ قەمەر جاڤید باجوا، سەرۆکی سوپای پاکستان، لەبارەی سەردانەکەی لاڤرۆڤ گوتی: "لەگەڵ بەڕێز لاڤرۆڤ، جەختمان لە هەماهەنگی، پەرەپێدانی سەربازی و بەرگری لە پێناو، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە کردووەتەوە، بە تایبەت لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان." 

جێنێڕال باجوا، بێ ئەوەی باس لە کێشە هەرێمییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هیندستان، لە سەر سنوورەکانی کشمیر بدات، ڕایگەیاند؛ "لەگەڵ لاڤرۆڤ، باسیان لە خواست و گرنگی بەشداری پاکستان وەك هێزێکی هەرێمی لە چارەسەرکردنی کێشەکان کردووەتەوە. 

جگە لە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان، ئامانجی ڕووسیا، لە هەریەکە لە وڵاتانی پاکستان وهیندستان، گێرانی ڕۆڵی کاریگەرە، وەك هێزێکی سەرەکی، بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ناوچەکە. 

ئامانجی ڕووسیا، بونیاتنان و دروستکردنی شادەمارێکی گواستنەوەی گازە، لەبەندەری کاراچی و ،ڕۆژهەڵاتی لاهۆری، ڕۆژهەڵاتی وڵاتی پاکستانە، جگە لەوەیش، فرۆشتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە وڵاتی پاکستان، فاکتەرێکی تر بوو، لە ئامانجی سەردانیکردنی لاڤرۆڤ بۆ پاکستان. 

لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی پاکستان، شا مەحمود قوریشی ڕایگەیاند: "دڵخۆشین بە هاوکاریەکانی ڕووسیا، بۆ دابینکردنی 5 میلیۆن ڤاکسینی سپۆتینگی ڕووسی."  هەورەها خواستی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردنی ڕووسیا، لە هێنانی شارەزایی سەربازی وڵاتەکەی خستەڕوو، جگە لەوەی کە کۆمپانیا ڕووسییەکان بەشدار دەبن، لە بونیاتنانی هێڵی ئاسنی و پەرەپێدان لە بواری وزە. 

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بۆ ناوچەکە لە کاتێکدایە، کە فشارەکانی ئەمریکا، بۆ هەریەکە لە ڕووسیا، چین و، سەپاندنی سزای ئابووری هۆکار بووە، لە نزیکبوونەوەی هەرەیەکە لە ڕووسیا و چین، لە پرۆژە گرنگەکانی ناوچەکە. 

شایەنی باسە، پاکستان بە فاکتەرێکی گرنگ دادەنرێت، لە هێڵی ئاوریشمی چین، هەورەها ڕێککەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین و،  ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و هیندستان، لە بوارەکانی چەك و وزە، ڕێگری سەرەکی دەبن، لە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر فروانخوازییەکانی، چین و ڕووسیا لە ناوچەکەدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا، ئەمریکا، بۆ گەڕانەوەی بۆ سیاسەتی ناوچەکە پلانی وڵاتەکەی بخاتەڕوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین