لیژنەی دارایی پەرلەمان: پێویستە لایەنەکان پاڵپشتی له‌ بودجەی هەرێم بکەن کوردستان- عێراق

سیهام میران ، تایبەت بە نوچەنێت

محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان بە نوچەنیتی راگەیاند، تا ئێستا بودجەی هەرێمى کوردستان نەگەیشتووەتە پەرلەمان و هەر کاتێك بگات لیژنەکەیان بە زووترين كات دانیشتنی لەسەر دەکات و بە پێویستيشی زانی هەموو لایەنەکان لە تێپەراندنی بودجە پاڵپشت بن.

ئەمرۆ پێنجشەممە هه‌شتی نیسان، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان دوایین زانیارییەکانی لەبارەی ئامادەکارییەکانی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢١ به‌  نوچەنێت دا و گووتی، " هەرێمی کوردستان بودجەی خۆی ئامادەکرد بوو، هەموو ئامادەکاریەکی لەسەر دوو ئەگەر دانابوو و چاوه‌ڕوانى په‌سندكردنى بودجه‌ى عێراق بوو، دواى په‌سندكردنى بودجه‌ى گشتى عێراق، ئێمه‌ وەک لیژنەی دارایی ئامادەکاری خۆمانکردووە و چاوەڕوانین بودجەی ٢٠٢١ لە حکومەت بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایمان لەسەر بنووسین و بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، هەرکات بودجەی هەرێم لە حکومەتەوە گەیشتە پەرلەمان ئەوکات لیژنەی دارایی بە زووترین کات کۆبونەوە دەکات و راپۆرتی کۆتایی ئامادەبکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت"

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان به‌ پێویستى زانى هه‌موو لایه‌نه‌كان بارودۆخى خه‌ڵكى كوردستان له‌به‌ر چاو بگرن و پاڵپشتى تێپه‌ڕاندنى بودجه‌كه‌ بكه‌ن، محه‌مه‌د سه‌عده‌دین گوتى "پێویستە لایەنە سیاسیەکان پاڵپشتی یەکتر بن و هانی فراکسۆنەکانی خۆیان بدەن بۆئەوەی بە زووترین کات بودجەکە دەنگی لەسەر بدرێت، سەرەڕای قەیران ئابووری و بوونی پەتای کۆرۆنا حکومەتی هەرێم توانی لەم دۆخە هەستیارەدا هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە بەرێوەببات، بۆیە پێویستە لەبودجە ٢٠٢١ یەکیشدا هەموومان پاڵپشت بین".

لەکۆتایی قسەکانی دەربارەی لێبڕینی مووچە محه‌مه‌د سه‌عده‌دین گووتی، "لێبرینی مووچە، ئەگەر حکومەتی بەغدا بەشی هەرێمی کوردستان بنێرێت لێبڕین نامێنێت، چونکە حکومەتی هەرێم بەبێ ئەوەی عێراق بودجە بنێرێت خۆی هەوڵی دەدا کە لێبرین نەمێنێت. بۆیە به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانەی کە ئێمە هەمانە ئەگەر عێراق ئەو بەشە بودجەیە بۆ هەرێم دانراوە هەمووی بنێرێت و لە هەرێمی کوردستان پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکرێت، ئەوکات حکومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچەی فەرمانبەران بدات" 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین