لە جیابوونەوەی هاوسەراندا دەیان کەس دەبنە قوربانی

نوچەنێت-ئافرەتان

وێنە و پارچە جلێکی کوڕە بچووکەکەی لە ناو سینگیدا شاردووەتەوە " رۆژانە دەیان جار" سەیری دەکات و بۆنی دەکات. ئەو دەڵێت" بە هەموو شتێک رازیم تەنیا بهێڵن منداڵەکانم ببینم".

ئەوە حاڵی ژنێکی تەمەن سیونۆ ساڵە. دوای ئەوەی کە هاوسەرەکەی دەیەوێ لێی جیاببێتەوە، دەیباتەوە بۆ ماڵی باوکی و منداڵەکانیشی لێ دەسەنێتەوە.

ئەو ژنە ئێستا لە ماڵی کەسوکاری خۆیەتی، بە پێی گێڕانەوەی ئەو" باجی شتێک دەدەم کە من تێیدا بێ گوناهم". 

ئەم ژنە لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دراوە بە پیاوێکی تەمەن بیست و پێنج ساڵ " ئەوکاتە من زۆر بچووک بووم. کوڕێک لە گەڕەکەکەمان بوو حەزم دەکرد بیبینم، ئەویش بە هەمان شێوە. شتێکی ئەو تۆ لە نێوانماندا رووینەدابوو. تەنیا سەیری یەکتریمان دەکرد. کاتێک منیان بە شوودا زۆر دڵتەنگ بووم بۆی ئەویش وابوو".

لێکەوتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران، درێژماوەیە و تەنیا کاریگەری لەسەر دووکەس نییە، زۆرجار دەیان کەس دەبنە قوربانی جیابوونەوە یان هەڵوەشانەوەی خێزانێک. ئێستا ئەسمەر کە ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە دایکی نۆ منداڵە. منداڵەکان، خێزانی خۆی و تەنانەت برازاو خوشکەزاکانیشی دڵگرانن بەو جیابوونەوەیەوە گوتیان" لەکەی نەرێنییان خستووەتە سەر ناوبانگی ئێمەش".

دابوونەریتی زاڵ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە جۆرێکە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ هۆکار و بنەڕەتی کێشەکان، باس لە دەرئەنجامەکەی دەکرێت. لەم رووداوە کۆمەڵایەتییانەشدا زۆرینەی جار ئافرەتان و منداڵان قوربانی یەکەمن.

ئەسمەر کاتێک باس لەو هۆکارە دەکات کە هاوسەرەکەی دەیەوێت لەسەرئەوە لێی جیاببێتەوە، فرمێسک بە چاوەکانیدا دێتە خوارەوە" دوای بیست ساڵ سێیەم جاربوو، ئەو کوڕە ببینم کە پەیوەندییەکەمان تەنیا سەیرکردنی دووربەدووری یەکتری بوو. رۆژێک من لە رێگای بازاڕ دەهاتتمەوە ئەویش بە ڕێکەوت منی بینیبوو ئۆتۆمبیلەکەی راگرت و دابەزی، هەواڵپرسینێکی گەرموگوڕمان کرد. ئەو خۆشحاڵبوو کە من باشم و منیش بە هەمان شێوە، لەو کاتەدا برای هاوسەرەکەم ئێمەی بینیوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کێشەیەکی گەورەم بۆ دروست بێت".

دوای ئەوەی برای هاوسەرەکەی ئەسمەر دەبینێت، هاوسەرەکەی لەوە ئاگاداردەکاتەوە. دەڵێن" پەیوەندییان هەیە بۆیە بەیەکەوە وەستاون". ئەسمەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە " پەیوەندییەکەمان هەرگیز لە سەیرکردن و هەواڵپرسین تێنەپەڕیوە".

کاتێک ئەسمەر دەیەوێت بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی پەنا بۆ دادگا بەرێت، کەسوکاری رازی نین و برایەکی دەڵێت" نابێت خوشکی من بڕواتە لای پۆلیس و دادگا، ئەگەر ئەو پیاوە ئەوی نەوێت ئێمەش بە خزمایەتی ئەو رای نین".

ئەوەی دەردی ئەسمەری گرانترکردووە ئەوەیە، کە ئێستا دوای ئەوەی گەڕاندوویانەتەوە ماڵی باوکی منداڵەکانیشیان لێ سەندووەتەوە" رێگە نادەن بیانبینم، لە هەموویان زیاتر تامەزرۆی بینینی کوڕە بچووکەمم، ئەو زۆر پێویستی بە منە".

سەیران کامەران، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی ئەسمەر روونیدەکاتەوە" بەداخەوە هەمیشە ئافرەتان قوربانی قسەوقسەڵۆکن لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، زۆرجار لەسەر کارێک کە هەرگیز نەیان کردووە بەهۆی قسەوقسەڵۆکەوە بوونە قوربانی".

لە بارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا پێشتر کێشەی لەم جۆرە هاتووەتە بەردەستتان، کە ئافرەتەکە تەنیا ببێتە قوربانی قسەوقسەڵۆک ئەم توێژەیە گوتی" بەڵێ. حاڵەت هەبووە خێزانێک لەسەر نامەیەکی مۆبایل هەڵوەشاوەتەوە. یان لەسەر گومانێک، لەم حاڵەتانەشدا بەداخەوە دەیان کەس دەبنە قوربانی، چونکە کاریگەری ئەم جیابوونەوەیە لەسەر منداڵەکان و خێزانەکەی و کەسوکاریشیان دەبێت. هەتا پیاوەکەش بەجۆرێک لە جۆرەکان قوربانییە، چونکە بە هۆی فشار و پەروەردەی کۆمەڵایەتی نادروستەوە ئەم بڕیارە دەدات".

ئیستا ئەسمەر کەوتووەتە بەر زوڵمی جیابوونەوەو لە بینینی منداڵەکانی بێبەشکراوە. کەسوکاریشی بەهیچ جۆرێک رێگە نادەن سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، توێژەرە کۆمەڵایەتییەکەش دەڵێت" دابوونەریتی زاڵ ژیانی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە دەهاڕێت". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین