کتێبێک لەبارەى ڕوانگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوبووەوە کولتوور

نوچەنێت:

بۆچوونى (12) نووسەر و توێژەرى بیانى و ناوخۆیی لەدوو توێى کتێبێکدا بەناوى (نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی) بەزمانى ئینگلیزى لەبارەى نەخشەڕێگە و ڕوانگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە زمانى ئینگلیزى بڵاوکرایەوە.

ڕۆژى یەکشەممە (27/ئاب/2023) لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشدارى چەندین بەرپرس و نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووسى ناوخۆیى و بیانى دیبەیتێک لەبارەى کتێبى (نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی) بەڕێوەچوو.

جەوا قادر، ئامادەکارى کتێبى (نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی) سەبارەت ڕایگەیاند، "توێژینەوەی هاوبەشی (12) نووسەری دیاری ناوخۆ و بیانییە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان."

ئەو نووسەرە روونکردنەوەى زیاتر لە بارەى کتێبەکە دەدات و دەڵێت، "كتێبەكە، كە بە زمانی ئینگلیزییە، پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان و پۆلێك ئاكادیمیی بەئەزموونە و، هاوكات وەڵامدانەوەیەكی هاوبەشی ئەو توێژەرانەیە بۆ نەخشەڕێگە و ڕوانگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان."

سەبارەت بەو نووسەر و توێژەرانەى بەشداربوون لە نووسینى کتێبى (نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی) ئاماژە بەوەدەکات، "‎ئەم توێژەرانە، كە لە كۆمەڵگەی ئەكادیمیی دەرەوە خاوەنی پێگەی دیارن، لە كتێبەكەدا پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ ڕوانگەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەردەبڕن و بە دروست لە قەڵەمی دەدەن."

هەر یەک لە د. ئیقبال دورێ، د. سەعید شەمس، د. دەیڤید فیلیپس، د. پۆڵ بڵەكلێج و د. دەیڤید ڕۆمانۆ و ژمارەیەك نووسەری دیاری تر توێژینەوەكانی خۆیان لەو كتێبەدا بڵاو كردووەتەوە، هەروەها دەشڵێت، "سەرجەم ئەو نووسەرانە هاوڕای سەرۆكی هەرێمن لەوەدا كە سەروەریی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە یەك ئەندازە لەژێر گوشاردان و، ئەو مەترسییە هاوبەشە دەتوانێت ببێتە هەوێنی دەرفەت و ڕێككەوتنێكی نیشتمانی كە بەرژەوەندیی هەردوولا بپارێزێت."

جەواد قادر دەشڵێت، "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ڕوانگەیەكی هاوبەشی نیشتمانیی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی جێگیر كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق و كوردستان مسۆگەر بكات."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین