ئەمریکا: پەیوەندییەکان لەگەڵ چین بەرەو دوژمنایەتی زیاتر دەچن ئێران

نوچه‌نێت

ئه‌نتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتوویەتی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین "ڕوو لە دوژمنایەتی زیاتر" دەکەن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە ئەگەری هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ پەکیندا لە "پێگەی هێز"ەوە مامەڵە دەکات.

بە پێی هەواڵێکی "بی بی سی"، بلینکن ڕۆژی یەکشەممه‌ (٢٨ی ئادار) لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی CNN لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا چین بووەتە گەورەترین دوژمنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان نا، وتی ناکرێ پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە مۆرکی دوژمنایەتیدا کورت بکرێنەوە. 
بلینکن وتی: "لایەنی دوژمنانە بە ئاشکرا و بە ڕێژەیەکی زۆر لە پەیوەندییەکاندا هەن، بێ گومان هەندێ پێشبڕکێیش هەیە. لە هەندێ بواریشدا هاوکاریی دەکەین". 
بلینکن وتیشی: خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو لایەنانە (دوژمنایەتی، پێشبڕکێ یان هاوکاریی) لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چیندا ئەوەیە کە پێویستە ئەمریکا ڕوانگەیەک بگرێتە بەر کە لە "پێگەی هێزە"وە سیاسەت بکات. 
پێشتر چین گەمارۆی خستبووە سەر نوێنەرێکی پەرلەمانی کەنەدا و دوو بەرپرسی ئەمریکی کە بەریگریکاری ئازادییە ئایینییەکان لە جیهاندا بوون. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە (٢٧ی ئادار)  ئەو هەڵوێستەی چینی ئیدانە کرد. 
حکومەتی چین مایکل جونگ، جێگری سەرۆکی هەمیشەیی کاروباری دەرەوە و گەشەی نێودەوڵەتی پەرلەمان و لێژنەی یاسای نێودەوڵەتی خستە لیستی گەمارۆکان. چونگ لەو دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا سیاسەتەکانی چینی لە سین کیانگ لە دژی پێکهاتەی مۆسڵمانانی ئیگۆر وەک "تاوان لە دژی مرۆڤایەتی" و "جینۆساید" وەسف کردبوو. 
چین هەروەها گیل منچین و تونی پڕکینز سەرۆک و جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای خستە لیستی گەمارۆکان. 
ئەو کەسانە دوای ئەوە کەوتنە لیستی گەمارۆکان کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنه‌دا بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی پێکهاتەی ئیگۆر لە چین، چەند بەرپرسی ئەو وڵاتەیان خستە لیستی گەمارۆکان. 
حکومەتی چین زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی ئیگۆری لە چەند ئۆردوگایەک لە ناوچەی سین کیانگ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هێشتووەتەوە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەشکەنجەیان دەدات و بە زۆرەملێ کاریان لێ دەکێشێتەوە. 
چین ئازاردانی ئیگۆرەکان ڕەت دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆردوگاکانی سین کیانگ شوێنی "پەروەردەکردنەوە" بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم. 
دۆمنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هەفتەی ڕابردوو وتی ئازاردانی مۆسڵمانانی ئەیگۆر "یەکێکە لە خراپترین قەیرانەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی ئێمەدا" و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "ناتوانێ چاو لەو قەیرانە داپۆشێ". 
چین لە وەڵامی گەمارۆکانی بەریتانیادا نۆ هاووڵاتی بەریتانیی و لەوانە پێنج نوێنەری پەرلەمانی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری" سەبارەت بە چین خستە لیستی گەمارۆکان. 
چین ڕۆژی هه‌ینى (٢٦ی ئادار) ڕایگەیاند ئەو کەسانەی گەمارۆیان خراوەتە سەر مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو وڵاتی چین، هۆنگ کۆنگ و ماکائۆ. ئەگەر داراییەکیان لە چین هەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێ و هاووڵاتییانی چین ڕێگایان پێ نادرێ مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. 
ئه‌نتۆنی بلینکن و جیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە شاری ئەنکوریچی ویلایەتی ئەلاسکا بۆ یەکەمین جار لەگەڵ یانگ جیچی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیست و وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین دیدار و گفتوگۆیان کرد. لەو دیدارەدا هەر دوو لایەن بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی یەکتری بە تایبەت لە بواری بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ گرت. 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی لەو گفتوگۆیانەدا هەندێ پرس و لەوانە کردەوەکانی چین لە هۆنگ کۆنگ و تایوان و ڕەفتار لەگەڵ پێکهاتەی موسڵمانانی ئەیگۆر پشتگوێ ناخات. لە بەرانبەردا بەرپرسانی چین وتیان پەکین پێڕەوی لە یاسا و ڕێسا و سیستەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، نەک ئەوەی پێڕەوی لە چەند وڵاتێکی ئێجگار کەم بکات کە خۆیان وەک بەرگریکاری سیستەمی نێودەوڵەتی دەبینن. 
لە بەرانبەردا، شی وتی پرسەکانی هۆنگ کۆنگ، تایوان و پارێزگای مۆسڵماننشینی سین کیانگ پرسی ناوخۆیین و داوای لە بایدن کرد ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی چین بگرێت. 
بایدن دوای ئەو پەیوەندییە وتی چین بە توندی هەوڵ دەدات ببێتە ڕابەری جیهان بەڵام ڕاکێشانی متمانەی وڵاتانی تر لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا ئێجگار دژوارە. 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی چین ئاڵۆز بوون و هەر دوو وڵات چوونە ناو "شەڕی بازرگانی".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین