دیداری سەرۆكی ئۆكراینا و ئەردۆغان چ پەیامێكی بۆ ترەمپ و پووتین تێیدایە؟ شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

ماوەیەكە چالاكی چڕی دیپلۆماسی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا دەستی پێكردووە، رۆژی (18)ی شوباتی (2025) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا كرد، كۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆكە هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی باڵای رووسیا و ئەمەریكا لە ریاز، ئەوەش بایەخی كۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆكەی زیاتر كردووە. 

بەر لە توركیا زیلینسكی سەردانی ئیمارات كرد و چاوەڕوان دەكرا سەردانی سعوودیەش بكات، بەڵام وەك وەڵامێك بۆ دیداری مۆسكۆ و واشنتن، سەردانەكەی بۆ سعوودیە هەڵوەشاندەوە.

توركیا خانەخوێیەكی نموونەیی

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێوان هەردوو سەرۆك، ئەردۆغان رایگەیاند، لە قۆناغی داهاتوو توركیا خانەخوێیەكی نموونەییە بۆ گفتوگۆكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا و ئەمەریكا، ئێمە هەموو پاڵپشتیەكی گرەنتی پڕۆسەی هەمیشەیی ئاشتی دەكەین، ئەو جەنگەش بۆتە هۆی كوژرانی خەڵكێكی زۆری بێ تاوان و وێرانكاری گەورە، پێویستە ئێستا كۆتایی پێبێت، سەبارەت بە ئێمە یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی ئۆكراینا بۆ ئێمە مایەی سازشكردن نییە، هیواخوازم كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەمان و كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆكی رووسیا رێگە بۆ ئاشتی خۆش بكات.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، لە ئاشتیدا زیانمەند نییە، ئێستا هەموو جیهان چاوەڕوانی ئاشتییە لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە، زیلینسكی گوتی، "بەبێ بوونی كیێڤ ناكرێت باس لە كۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆكراینا بكەین، دیداری رووسیا و ئەمەریكاش لە سعوودیە بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئێمە لە راگەیاندنەكانەوە هەواڵی ئەو دیدارەمان زانی."

سەرۆكی ئۆكراینا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداری توركیا دەربڕی و باسی لەو ئاراستە گشتگیر و فراوان و بونیادنەرەی كرد كە لە دانوستاندنەكانی نێوان هەردوو وڵات هەیەتی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی زیلینسكی گوتی، "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا لە ئاستێكی بەرزدایە، هەمیشەش هەر وابوو، سوپاسی سەرۆك ئەردۆغان و هەموو گەلی توركیا دەكەم، كە لە كاتە سەختەكانی جەنگی نێوان وڵاتەكەمان و رووسیا هاوكاربووە، سەبارەت بە یەكپارچەیی و سەروەری خاكی ئۆكراینا هەڵوێستی ئەنقەرە هەڵوێستێكی نەگۆڕبوو، ئەوەش بۆ ئێمە هەڵگری بایەخێكی تایبەتە."

لە (18)ی شوباتی ئەمساڵ ئەمەریكا و رووسیا بە مەبەستی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانیان گفتوگۆكانیان دەست پێكرد، كە لە دەستپێكردنی جەنگی ئۆكرایناوە پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزبووە.

شاندی رووسیا پێكهاتبوو لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و یۆری ئۆشاكۆڤ، وەزیری راوێژكاری سیاسەتی دەرەوە لە كرملین، كیریەل دیمتریڤ، سەرۆكی سندووقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسی.

شاندی ئەمەریكا پێكهاتبوو لە ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و مایك واڵتز، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی و ستیڤ ویتگۆڤ، نێردەی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە (2025/2/13) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریكا و رووسیا و ئۆكراینا لە سعوودیە كۆدەبنەوە، رۆژێكیش پێشتر رایگەیاند، لەگەڵ پووتین رێككەوتین بۆ دەستپێكردنی دانوستاندنەكان لە پێناو كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆكراینا دەست بە گفتوگۆكان دەكەینەوە.

كاتی سازشكردنەكان

دوای لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەمەریكا لە كۆنفراس میونیخ بۆ ئاسایش لە رۆژانی (14 بۆ 16/2/2025) دایان كە لەسەر دانووستانەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بوو بەبێ كیێڤ، دیداری ریازی بۆ بونیادنانی قۆناغێكی نوێ بوو.

یۆری ئۆشاكۆڤ، جێگری سەرۆكی رووسیا رایگەیاند، دیدارەكە چوار كاتژمێر و نیوی خایاند، هەردوولا نەگەیشتنە قۆناغی رێككەوتنی تەواو، بەڵام دۆسیەكە لەژێر دانوستاندن دایە.

یەكێك لە دیارترین دەرئەنجامەكانی ئەو دیدارە رێككەوتن بوو لەسەر دەستپێكردنی دانوستاندن لەنێوان رووسیا و ئەمەریكا لەسەر ئۆكراینا، لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پلانێكی سێ قۆناغی بۆ كۆتاییهێنان بۆ جەنگی ئۆكراینا پێشنیاركردووە، جەختیشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هەموو لایەنەكان پێویستیان بە سازشكردنە.

ئۆشاكۆف پێی وایە دانوستاندنەكان بەگشتی بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر هەموو پرسە جدییەكان كردوو و رێككەوتن رەچاوی بەرژەوەندییەكانی یەكتری بكەن.

وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات رێككەوتن تیمێكی باڵا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەسەر چارەسەركردنی ململانێ لە ئۆكراینا پێكبهێنن.

تامی برۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، گفتوگۆكان لە ریاز ئامانج لێی كۆتاییهێنان بە ململانێكان بە رێگەیەكی درێژمەوداو و بەردەوام و قبووڵكراو بێت لەلای هەموو لایەنەكان، كە لە نزیكترین كات كۆتایی بە ململانێكیانی جەنگی ئۆكراینا و رووسیا بهێنن.

لە بیشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، مۆسكۆ و واشنتن پلان دادەنێن بۆ هەماهەنگی بەرژەوەندییە جیۆسیاسیە هاوبەشەكان لە داهاتوو و هەڵسەنگاندنی دەرفەتە ئابووری و وەبەرهێنانەكان كە لە دوای كۆتاییهێنانی جەنگ لە ئۆكراینا درووست دەبێت.

لە لایەكی دیكەوە سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، ئەمەریكا و رووسیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ یەكخستنی هەوڵەكانی لە بواری جیۆسیاسی و ئابووری.

لای خۆشیەوە مارك رۆبیۆش رایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت بە رێگەیەكی دادپەروەرانە كۆتایی بە جەنگی ئۆكراینا بهێنێت، رووسیا و ئەمەریكاش رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی باڵیۆزەكانیان بە زووترین كات.

ترەمپ و ئۆكراینا و ئەوروپا 

لەپاڵ لێدوانە لە ناكاوەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر جەنگ ئۆكراینا، هەنگاوكانی ئەگەری دوورخستنەوەی ئەوروپای لەو هاوكێشەیە، وڵاتانی ئەوروپاش ترسیان لەو رێككەوتنە هەیە كە ئاسایشی كیشوەرەكەیان بخاتە مەترسییەوە.

لەم چوارچێوەیە بەرپرسانی ئەوروپا لە (2025/2/18) لە لووتكەی لە ناكاوی پاریس كۆبوونەوە بۆ ئامادەكردنی پلانی كاری ئەوروپا بۆ جووڵە هەڕەمەكییەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

كۆشكی ئیلیزێ ئاماژە بەوە دەكات ئەو لوتكەیە بۆ درووستكردنی سەرەتاییەكە بۆ زنجیرەیەك راوێژ لەنێوان سەركردەكانی ئەوروپا ئەوانەشی كە بۆ پاریس بانگهێشت نەكرابوو، گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەموو هاوبەشەكانی بایەخ بە ئاشتی و ئاسایش لە ئەوروپا دەدەن كۆببنەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەسەر پابەندی بە كۆتایهێنان بە جەنگی ئۆكراینا كردەوە، ئەو پڕوپاگەندانەی رەتكردەوە كە رووسیا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ناتۆ، گوتیشی، "لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕانیم ئەگەر بشتگورێ."

كیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە و دەخوازێت هێزەكانی بۆ ئۆكراینا رەوانە بكات بۆ جێبەجێكردنی هەر رێككەوتنێك بۆ ئاشتی.

هەروەك وردەكارییەكانی رێككەوتنی سامانەكان لە ئۆكراینا ئاشكرا بووە كە دۆناڵد ترەمپ هەوڵی ئەنجامدانی دەدات، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە سەرۆكی ئەمەریكا نیوەی داهاتی سامانی ژێر زەوی ئۆكراینای دەوێت، ئەوە جگە لەوەش مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی هەبێت، لەبەرانبەردا پێدانی گرەنتی ئەمنی بە كیێڤ ئەگەر رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا واژۆ كرا.

دەكرێت شرۆڤەی كاردانەوەكانی یەكێتی ئەوروپا بەرانبەر ئەوە هەنگاوە، بە هەوڵێك بۆ دانانی سنوورێك بۆ هەژموونی ئەمەریكا لەو كیشوەرە بكرێت.

توركیا و سعوودیە

كاتێك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر هەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر كۆتاییهێنان لەگەڵ پووتین كۆبینەوە، زۆرێك ئەو پرسیارە دەكەن پێشنیاری وڵاتێكی كەنداو بۆ میوانداری ئەو لوتكە هەستیارە لەبەر چییە؟.

ترەمپ بە وردی ئەو كۆبوونەوەی دیاری نەكردووە بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كۆبوونەوە لە داهاتووێكی نزیك دەبەسترێت، هەروەك پێشنیاری كردووە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیش بەشدار بێت، لە لایەكی دیكەشەوە هەندێك راپۆرتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەكەن چین و ئیمارات خواستی خۆیان بۆ میوانداری ترەمپ ــ پووتین دەربڕیووە.

پۆل سالم، جێگری سەرۆكی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت، "سعوودیە بژاردەیەكی لۆژیكیە بۆ گرێبەستی دیداری ترامپ ــ  پووتین، چونكە وڵاتێكی بێلایەنە، ئەوروپا بژاردەیەكی گونجاو نییە، چونكە لایەنێكی جەنگی ئۆكراینایە، ئەوەش وای كردووە كۆبوونەوەكە لەوێ نەكرێت.

سەبارەت بە توركیاش سالم ئاماژە بەوە دەكات، توركیا پێشتر رۆڵی لە ناوچەی جیاكراوەی نێوان رووسیا و ئۆكراینا هەبوو، بەڵام ئەمەریكا بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگی نوێ لە جیهانی ئیسلامی هەوڵی لە كەمكردنەوەی رۆڵی توركیا دەدات.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن ریاز جێگری پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەراست روونی دەكاتەوە، ئەمەریكا هەوڵ دەدات پاڵپشتی هێزی غەیرە شیعی بكات كە بتوانێت كێبركێ لەگەڵ توركیا بكات لەو ناوچەیە.

سەرچاوەكان

  1. 1st Russia-US talks in years conclude, with Moscow hailing 'productive meeting'
  2. Zelensky meets Turkiye’s Erdogan amid US shift on Ukraine
  3. Trump says his meeting with Putin 'could be very soon'
  4. زيلينسكي من أنقرة: اللقاء الأمريكي-الروسي في السعودية كان مفاجئاً لنا

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین