سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات ئێران

نوچە نێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەبێتە هۆی تەقینەوەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە پارێزراو نابێت.

ڕۆژی شەممە (29/ئادار/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا هەڕەشە بەردەوامەکانی لە دژی ئێران جێبەجێ بکات بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ، ئەوا بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە سەلامەت نابن. هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران مانای تەقینەوەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیێنێت.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی لە پەیامەکەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران گرت و گوتی، "هیچ گفتوگۆیەکی لۆژیکی سەبارەت بە لابردنی سزاکانی تێدا نییە".

لە لایەکی ترەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران وەڵامی پەیامەکەی ترەمپی لە ڕێگەی عومانەوە ناردووە. سیاسەتی ئێران ئەوەیە کە خۆی لە دانووستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بەدوور بگرێت لە کاتێکدا بەردەوامە لە هەڵمەتی فشار و هەڕەشە سەربازییەکانی. ئەگەری هەیە ئێران وەک ڕابردوو گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکات.

هەروەها عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی وەڵامی ئێرانی بۆ پەیامەکەی ترەمپ بە پێوانەیی وەسف کرد و گوتی، "دەزگا تایبەتمەندەکان بە وریاییەوە وەڵامەکەیان داڕشتووە و دڵنیایی دەدەن کە هەڵوێستی ئێران بە ڕوونی دەرببڕدرێت و دیپلۆماسییەت دەپارێزێت".

شەمخانی دەشڵێت، ئێران هەمیشە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا کردووە و ئەگەر ئەم جۆرە گفتوگۆیانە لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بێت ئەوا ئامادەین هەنگاوی زیاتر بەرەو دانوستاندن بنێین.

ڕاوێژکارەکەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، "ئێران هەموو هەڕەشەیەک بە جدی وەردەگرێت، گەلی ئێران هەرگیز ملکەچی قبوڵ نەکردووە و هەرگیز قبوڵ ناکات. ئێمە دڵنیاین کە ئەمەریکا هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە جگە لە گرتنەبەری شێوازی دادپەروەرانە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئێران".

جێگەی ئاماژە پێدانە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناردبوو، نامەکە لە ڕێگەی ئیماڕاتەوە گەیێندرایە دەست بەرپرسانی ئێران.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین