سیاسەتمەدارێکی ئێرانی: جگە لە گۆڕینی دەستوور هیچ رێگەیەکمان لەبەردمدا نەماوە

نوچەنێت

 تاجزادە، چالاکێکی سیاسی ناسراوی ئێران، لە وەڵامی وتارەکەی عەلی خامنەیی، جارێکی دیکە داوای گۆڕینی دەستووری کرد و دەڵێت، خامنەیی کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئەم حاڵەتە و "لەهەمان کاتدا بەرامبەر کەس بەرپرسیار نییە".

مستەفا تاجزادە، چالاکی سیاسی ریفۆرمخواز و ناسراوی ئێران، کە لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە، لە نامەیاەکدا کاردانەوەی بەرامبەر بە قسەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی، کە هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لە دەستووردا رەتکردۆتەوە.

ئەم چالاکە سیاسییە، خامنەیی بە "هەڵگیرسێنەر"ی "دۆخی ناخۆشی ئێستا" زانی. ئاماژەی بەوەشکرد، خامنەیی "بە دەسەڵاتی بێسنوور و رەها، و سیاسەتی هەڵە" کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئەم حاڵەتە و "لەهەمانکاتدا بەرامبەر کەس وەڵامدەرەوە نییە".

تاجزادە، جێگری وەزیری ناوخۆی سەردەمی محەمەد خاتەمی، کە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاندان دژی ئەمنیەت" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و پڕوپاگەندە دژی سیستەم" بە کۆی گشتی هەشت ساڵ زیندانی سزادراوە.

تاجزادە چەندین جار داوای گۆڕینی دەستووری کردووە و پشتیوانی لە لێدوانەکەی میرحوسێن موسەوی، ڕێبەری بزووتنەوەی سەوز کردووە. بە گوتەی ئەم چالاکە سیاسییە ریفۆرمخوازە، خامنەیی "لە ڕێبازی کۆمار لاداوە".

سەرچاوە: DW

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین