سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ناوخۆى به‌ریتانیا كۆده‌بێته‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

وه‌زیرى ناوخۆى به‌ریتانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گرنگیی "بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپات کردەوە".

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (27/تشرینی دووەم/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا "پته‌وكردنى پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاریكاریى هاو‌به‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ كران."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕییه‌كانى."

لاى خۆیەوە، کووپەر، وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک "هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌وامیى پابەندیى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتیوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا."

لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، "پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێکردنی ده‌ستووری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات، مه‌ترسییه‌کانی داعش، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخى‌ ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین