په‌روين بوڵدان: به‌رپرسانى توركيا لە چاره‌سه‌رنه‌كردنى زيانه‌كانى بوومه‌له‌رزه‌كه به‌رپرسيارن ‌ تورکیە

نوچەنێت

په‌روين بوڵدان، هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په‌ رايگه‌ياند، له‌ دووره‌وه‌ى شاره‌كان شوێنى نيشته‌جێبوونتان به‌ خێمه‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ هيچ مه‌رجێكى سه‌لامه‌تى و پێداويستى ته‌واوى نييه‌، ئێوه‌ له‌ مێژوودا به‌رپرسيارن له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنى زيانه‌كانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ (28/شوبات/2023) ماڵپه‌رى (بى بى سى) بڵاويكرده‌وه‌، هاوسه‌رۆكى رايگه‌ياند، چه‌نده‌ها كێشه‌ى لێقه‌وماوانى بوومه‌له‌رزه‌ ته‌واونه‌كراوه‌ كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى به‌خێمه‌ دروستكراوه‌ حه‌مامى نييه‌، كێشه‌ى ته‌ندروستى به‌ره‌ به‌ره‌ له‌زيادبوندايه‌، ناوەندەكانی دابه‌شكردنى خۆراك به‌شێوه‌يه‌كى رێكوپێك خۆراك دابه‌شناكه‌ن، به‌خۆمان به‌چاوي خۆمان بينيومانه‌ كێشه‌يه‌كى گه‌وره‌ى رێكخستن هه‌يه‌.

بوڵدان سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنانى تەرمی له‌ژێر باڵه‌خانه‌كان گوتى، تاوه‌كو ئێستا تەرمی مردووه‌كان له‌ ژێر داروبه‌ردى بينا رووخاوه‌كانه‌، بێ گوێدان مردووه‌كان هيچ كه‌س خۆى به‌ به‌رپرسيار نازانێت، پێويسته‌ ده‌ستبه‌جێ تەرمەكان ده‌ربهێنرێت ئه‌و كات پاشماوه‌ى بيناكان لاببردرێت. لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتداران ئاگادار ده‌كه‌ينه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى ونن ياخود جه‌سته‌يان شێواوه‌ ئێوه‌ لێ به‌رپرسيارن. 

هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ منداڵانى بێ سه‌رپه‌رشتى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ش هاوخه‌مى خۆى ده‌ربڕى و رايگه‌ياند، پێويسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ڵامى ئه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌، ئايا ئه‌و منداڵانه‌ له‌كوێن؟ به‌تايبه‌تى وه‌زاره‌تى خێزان و خزمه‌تگوزارى كۆمه‌ڵايه‌تى و ده‌زگا په‌يوه‌نديداره‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ چاومان له‌سه‌ريانه‌، به‌رپرسيارييه‌تى ئه‌و منداڵانه‌ له‌ ئه‌ستۆى ئێوه‌يه‌، تووشی هەر كێشەیەك بن، وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئێوه‌ به‌رپرسياره‌، وه‌ك هه‌ده‌پەش‌ به‌رده‌وام ده‌بين له‌ چاودێرى كردنى ئه‌م پرۆسه‌يه‌.

هه‌ر‌وه‌ها بوڵدان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ كاتێكدا عه‌فرين له‌ژێر كۆنترۆڵى توركيايه‌ به‌ڵام هيچ زانيارييه‌كى دروست ناتوانرێت وه‌ربگيرێت، پێويسته‌ به‌ زووترين كات ده‌رگاى عه‌فرين بكرێته‌وه‌ به‌ رووى ڕێكخراوه‌ فرياگوزارييه‌ سه‌ربه‌خۆكان و رۆژنامەنووسان و ڕێكخراوى چاودێرى بكرێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین