نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد: لە کتێبى کولتوور

لاڤین عومەر: نوچەنێت

نووسەرى کتێبى (زانستی جوانی خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشرینی) ئاماژە بەوە دەکات، لەم کتێبەدا "بابەتی جوانی و ناشیرینیم پەیوەست کردووە بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە"، پێشیوایە ناوەڕۆکەکەى جیاوازە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەى لەسەر ئیستێتیک نووسراون.

ئەمڕۆ دووشەممە (27/شوبات/2023) نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد نووسەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دەربارەی کتێبی (زانستی جوانی) بۆ نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەم کتێبە بریتییە لە دوو بەشی سەرەکی، لە بەشی یەکەمدا بە کورتی هەندێ لایەنی چەمکی ئیستێتیکم خستۆتەڕوو لە پەیوەستیدا بە هەردوو لایەنی جوانی وناشیرینییەوە، هەوڵمداوە بە شێوازێکی روون، رەهەندەکانی ئیستێتیک بخەمەڕوو، لە بەشی دووەمیشدا دەروازەیەکی نوێم بۆ ئیستێتیک کردۆتەوە کە وەکو زاراوە ناوم ناوە "سۆسیۆئیستێتیک"، بەو پێیەی مەسەلەکانی جوانی و ناشیرینیم بردۆتە نێو تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگەوە لە ژیانی رۆژانەیاندا".

بەشێکى ئەم پێشتر  وەک وانە بۆ خوێندکارانى  زانکۆى سلێمانى و خوێندکارانی ماستەری هەمان بەشی کۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەکانی گوتراوەتەوە، دەشڵێت، "دەربارەى بابەتى ئیستێتیک، بە زمانێکى ئاسان و شێوازێکى روون داڕشتووە، بەبێ گرێ و ئاڵۆزى، ئەمەش لەبەر ئەوەى لێکچەرەکانى خوێندکارانى زانکۆم وەکو خۆى رەچاوکردووە و دەستکارییەکى کەمم کردوون، سروشتى لێکچەرى زانکۆییش وایە، پێویستە روون و کورت و پوخت و ئاسان بێت، زۆرترین زانیارى لە کەمترین پەرەگراف و لاپەڕەدا، بە زمانێکی روون، بخرێنەڕوو.هەوڵم داوە بابەتەکان بەشێوەیەک دابڕێژم، هەم بۆ پرۆگرامى زانکۆیى بگونجێن."

بە بڕواى نووسەر، "گرنگى ئەم کتێبە لەوەدایە، کە دەروازەیەکی دیکەیە بۆ ئیستێتیک، بەو مانایەی ئاراستەیەکی دیکەی جیاوازمان لە ئیستێتیکیی تەقلیدی وەرگرتووە، واتە ئێمە لێرەدا نەهاتووین لەسەر هەمان رێچکەی ئیستێتیکیی کلاسیکی بابەتەکان دابڕێژین، بەڵکو بە ئاراستەی سۆسیۆ-ئیستێتیک، کۆمەڵێک بابەتی دیکەمان خستۆتەڕوو، ئەو بابەتانە بریتی نین لە روانگەی فەلسەفیی و هونەریی ئیستێتیک وەک ئەوەی بۆ نموونە لە کتێبەکەی د.کەمال میراودەلی و د. محەمەد کەمال و د. حەمید عەزیزدا هەیە، بەڵکو دەروازەیەکی دیکەمان بۆ ئەم زانستە کردۆتەوە کە بە سۆسیۆلۆژیاوە گرێمانداوە، بێئەوەی بەتەواوی لە ئیستێتیکای فەلسەفی و هونەری دوور بکەوینەوە، بۆیە بۆ خوێنەرێک کە بیەوێ بە ئەندازەیەکی زیاتر لە ئیستێتیک قووڵ بێتەوە، باشتر وایە بگەڕێتەوە بۆ کتێبە کلاسیکییەکانی ئیستێتیک."

نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، کە (39) کتێبى دیکەى چاپکردووە دەڵێت، "دەشێت جیاوازیی ئەم کتێبە لەگەڵ کتێبەکانی دیکەی ئیستاتیکادا لەو رووەوە بێت کە بابەتەکەم لە چوارچێوەی فەلسەفە و هونەردا نەهێشتۆتەوە، بەڵکو وەک ئاماژەم پێدا بابەتی جوانی و ناشیرینیم پەیوەست کردووە بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، بۆ نموونە باسی جوانی و ناشیرینیم لە رەفتاری کۆمەڵایەتیدا کردووە، یان جوانی و ناشیرینی لە دیدی پیاوی کورد، هەروەها جوانی و ناشیرینی لە دابونەریتی کۆمەڵایەتیدا."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین