سوودانى بڕیارێك له‌سه‌ر شاعیرى كۆچكردوو سه‌یاب ده‌دات کولتوور

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڕیارى دا ماڵى شاعیرى كۆچكردووى عێراق به‌در شاكر سه‌یاب نوێ بكاته‌وه‌، كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌ك له‌ به‌سڕه‌ خه‌ڵكى سه‌ردانى ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى شوباتى 2023 نووسینگه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاشكراى كردووه‌، سوودانى بڕیارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ماڵى به‌در شاكر سه‌یابى داوه‌، له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سیمبولیه‌تى گه‌وره‌ى به‌در شاكر سه‌یاب له‌سه‌ر ئاستى عێراق و عه‌ره‌ب، كه‌ به‌ پێشه‌نگى بزاڤى نوێگه‌رى شیعرى عه‌ره‌بى هاوچه‌رخ داده‌نرێت، بڕیار درا جارێكى تر ماڵى سه‌یاب نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، كه‌ به‌م دواییه‌ تووشى زیان و داڕووخان بووه‌". 

راگه‌یێندراوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "سه‌یاب به‌ سیمبولى گه‌وره‌ى شیعر داده‌نرێت، ئایكۆنێكى عێراقییه‌ شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌ركى حكومه‌ته‌ پارێزگارى ته‌واو له‌ كه‌له‌پووره‌كه‌ى بكات كه‌ خه‌ڵك ناوخۆى عێراق و ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانى ده‌كه‌ن".

به‌در شاكر سه‌یاب به‌ به‌ناوبانگترین شاعیرى عێراق له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌م داده‌نرێت، له‌ ساڵى 1926 له‌ گوندى جیكۆر له‌ شارۆچكه‌ى ئه‌بوخه‌سیب له‌ به‌سڕه‌ له‌ دایكبووه‌ و له‌ ساڵى 1964 به‌ نه‌خۆشییه‌كى كوشنده‌ كۆچى دوایى كردووه‌. ماڵه‌كه‌ى سه‌یاب له‌ گوندى جیكۆره‌ و چه‌ندان ساڵه‌ چۆڵكراوه‌ و پارێزراوه‌.



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین