هه‌وڵه‌كانى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پشتگیریى خۆى بۆ بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ربڕى كه‌ حكومه‌تى عێراق پابه‌ند ده‌كات، به‌وه‌ى رێكارییه‌كانى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بكات، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوى نێچیرڤان بارزانى نییه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌وه‌یش ناچێ دوایین بڕیار و هه‌وڵى ئه‌و بێت كه‌ بۆ خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌ بیدات.

 نێچیرڤان بارزانى ئه‌وكاته‌ى بڕیارى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى راگه‌یاند گوتى:

 ئه‌مه ‌به لوتف و منه‌ت نازانین
 

 

دوێنى 16ى ئادار له‌ ساڵیادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ره‌تا دانیشتنیدا به‌ كۆى ده‌نگ بڕیارى دا حكومه‌تى عێراق پابه‌ند بكرێت به‌وه‌ى رێكارییه‌كانى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بكات.  ئه‌و هه‌نگاوه‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى لێكرا و ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ى ئادار له‌ تویتێكدا پاڵپشتى خۆى بۆ بڕیاره‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.

نێچیرڤان بارزانى له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "هه‌موو پشتگیرییه‌ک لە بڕیارى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەم کە حکوومەتى فیدراڵى عێراق پابه‌ند دەکات هەموو ئەو ڕێکارانە تەواو بکات کە بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجە پێویستن. کۆدەنگیى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەر ئەو بڕیارە، جێى ڕێز و پێزانینه و‌ ده‌ستخۆشییان لێده‌که‌م".

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌م هه‌ڵوێست نییه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ى نواندووه‌‌، به‌ڵكو له‌ هه‌شت ساڵى رابردوودا ئه‌و له‌ هه‌وڵى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌. كه‌ لێره‌دا به‌ كورتى ئاماژه‌ بۆ چه‌ند  وێستگه‌یه‌كى ئه‌و كۆششه‌ ده‌كرێت:

یه‌كه‌م وێستگه‌ى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه

له‌ 17ى ئادارى ساڵى 2013 ئه‌و كاته‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، شاندێكى نوێنه‌رى چینه‌ جیاوازه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى ئه‌و كات پێشوازیان لێكرا و باسی ئه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كرا كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار بۆ به‌ پارێزگاركردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات.

له‌ 27 ى ئادار هه‌مان ساڵ، واته‌ 10 رۆژ دواى دیداره‌كه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى چینه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد یادى كاره‌ساتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌وه‌ و بابه‌تى به‌ پارێزگاكردن تاوتوێ كرا و یه‌كه‌م هه‌نگاوى كردارى نرا.

ئه‌مه‌یش كاتێك بوو كه‌ به‌ بڕیارى نێچیرڤان بارزانى لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پێكهات، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیرى ناوخۆ و به‌ ئه‌ندامیه‌تیى نوێنه‌رى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، وه‌زارتى پلاندانان، وه‌زاره‌تى داد و پارێزگارى سلێمانى بۆ ئاماده‌كاركردنى ورده‌كارى و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى به‌پارێزگاكردن و پێشكه‌شكردنى ڕاپۆرتیك به‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران.

دوا به‌دواى ئه‌مه‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى كوردستان پڕۆژه‌ یاساكه‌ى ئاماده‌ كرد و بۆئه‌وه‌ى به‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى به‌غداى بدات.

گه‌یاندنى پڕۆژه‌كه‌ به‌ به‌غدا و ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراق

نێچیرڤان بارزانى له‌ 25ى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2013 پڕۆژه‌ یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دا، كه‌ ئه‌و كات نوورى مالیكى بوو، ئه‌ویش بڕیارى دا بخرێته‌ كارنامه‌ى دانیشتنى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ و ئه‌وه‌ بوو له‌ 31 ى هه‌مان مانگ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ دا.

نێچیرڤان بارزانى كاره‌كه‌ى به‌ منه‌ت و لوتف نازانێ

رۆژى 13ى ئادارى ساڵى 2014 نێچیرڤان بارزانى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بوو پێشوازى له‌ نوێنه‌رانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و باسى له‌وه‌ كرد كار بۆ به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌یش به‌ "لوتف" و "منه‌ت" نازانێ، چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ سیمبۆلى مه‌زڵوومیه‌تى گه‌لى كوردستان و حكومه‌ت به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكرێت.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نێچیرڤان بارزانى سه‌رنجى نوێنه‌رانى هه‌ڵه‌بجه‌ى بۆ ئه‌وه‌ راكێشا ده‌یه‌وێ له‌ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕاڵ بكات، ئه‌مه‌یش له‌ پێناو خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌ "بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك هه‌موو پارێزگاكانى دیكه‌ى عیراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ ئیمتیازاته‌كان سوودمه‌ند بێت"

دوا به‌ دواى ئه‌م دانیشتنه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئه‌و كاتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى بڕیارى دا "هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ چواره‌م پارێزگاى هه‌رێمى كوردستان".

13ى ئادار 2013 نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاره‌كه‌ى راگه‌یاند

له‌ كۆنگره‌كه‌ نێچیرڤان بارزانى باسى له‌وه‌ كرد، كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى ده‌ركردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵدراوه‌ كێشه‌ بۆ بڕیاره‌كه‌ دروست بكرێت، نێچیرڤان بارزانى له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ گوتى، "ده‌مه‌وێ به‌ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕابگه‌یه‌نم بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگای چواره‌می سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو".

 

ده‌قی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

" پاڵپشت به‌ ماده‌ی ئه‌حكامی هه‌ردوو ماده‌ی 115 و 141 له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عیراقی فیدراڵی ساڵی 2005 و له‌به‌ر ڕۆشناییی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 11 له‌ 1999/9/22 و ئاماژه‌ به‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 39 له‌ به‌رواری 2013/6/4 و ئاماژه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ژماره‌ 568 له‌ 2013/12/31 بڕیار درا به‌:
1 – ده‌ستنیشانكردنی سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی (ئیستیحداسكراو) به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌ی 1 ی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌11 له‌ 1999/9/22 وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به‌ هه‌مان سنووری ئیداریی ئێستای قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پێی نه‌خشه‌ی هاوپێچی ئه‌م بڕیاره‌ و دانانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگای چواره‌م له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستانی عیراق و شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێته‌ ناوه‌ندی پارێزگاكه‌.
2 – ناردنی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی هه‌رێمی.
3 – ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 13ی ئاداری 2014 ده‌رچوو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین