وەزارەتى دەرەوەى ئێران: بۆردومانەكانمان بۆ سەر هەرێمى كوردستان یاساییە ئێران
ناسر كەنعانى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، "بۆردوومانەكانى وڵاتەكەمان بۆ سەر هەرێمى كوردستان هەنگاوێك بوو بەگوێرەى یاساى نێودەوڵەتى، ئەوەش بۆ پارێزگارى لە ئاسایشى وڵاتەكەمانە."

ئەمڕۆ دووشەممە (10/تشرینى یەكەم/2022) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاویكردەوە وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، "لەدواى ئەو هێرشانە وەڵامى خواستى حكومەتى عێراقمان دایەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر وردەكارییەكان لە بەغدا، ئێمە رێز لە پارێزگارى لە خاكى عێراق دەگرین، چاوەڕوانین حكومەتى عێراق دەسەڵاتى بەسەر هەموو خاكى وڵاتەكەى هەبێت، بۆئەوەى رێگە نەدات بەشێكى خاكى عێراق لە هەرێمى كوردستان ببێتە ناوەندى هەڕەشەكردن لەسەر ئاسایشى ئێران سنوورەكانمان."

سەبارەت بە وەڵامى حكومەتى عێراق وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، "حكومەتى عێراق بەڵێنیان داوە چارەسەرى ئەو بابەتە بكەن، ئێرانیش بەردەوام ئامادەیە پارێزگارى لە ئاسایشى هاونیشتیمانیانى خۆى بكات، بەڵام چاوەڕوانین حكومەتى عێراق چ هەنگاوێك دەنێت لەسەر ئەو بەڵێنانەى داویەتى."

لەكۆتایى مانگى رابردوو كۆمارى ئیسلامى ئێران بە مووشەك و فڕۆكەى بێفڕۆكەوان هێرشى كردە سەر چەند بارەگا و شوێنى نیشتەجێبوونى كەسوكارى ئەندامانى پارتەكانى رۆژهەڵاتى كوردستانى، كە ژمارەیەك كوژراو و بریندارى لێكەوتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین