لایەنە عێراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان پێشوازی لەداواكەی موقتەدا سەدر دەكەن راپۆرت و شیکاری
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆكی رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد، لە ماوەی (60) خولەك ناوچەی سەوز چۆڵ بكەن، هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی پێشوازیان لەو هەنگاوەی موقتەدا سەدر كرد.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، “هەڵوێستی موقتەدا سەدر بۆ راگرتنی توندوتیژی رووداوەكان، هەڵوێستێكی بەرپرسیارانە و بوێرانەیە بەرانبەر نیشتیمان، جێگەی رێزی بێپایانی عێراقییەكانە، پێویستە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی ئێستا سوودی لێوەربگیرێت."

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "ئەو داوایەی موقتەدا سەدر بۆ راگرتنی توندوتیژی بەرزترین هەستی نیشتیمانی و سووربوونە لەسەر پارێزگاری لە خوێنی عێراقییەكان."

لە لایەكی ترەوە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپای موقتەدا سەدری كرد و هەڵوێستەكەی بە گەورە وەسف كرد.

موسەنا سامەڕائی: هەڵوێستی موقتەدا سەدر مێژوویی بوو

موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، "سوپاس بەرێز موقتەدا سەدر، هەڵوێستی مێژووییتان بووە كوژاندنەوەی ئاگری شەڕ و پارێزگاری لە گەل و نیشتیمان لە مەترسییەكان."

لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە، شا عەبدوڵای دووەمی، شای ئوردن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و گەلی عێراق دەربڕی، لە بەشێكی تری قسەكانی هیوای خواست لە رێگەی گفتوگۆوە ئەو قەیرانە سیاسیەی  ئێستا تێپەڕینن.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیێندراوێكدا داوای لە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كرد یەك ریزبن بۆ پارێزگاری توانا و دەستەكەوتەكانی عێراق، پێویستە هەموو هەوڵەكان بگیرێتەبەر بۆ پارێزگاری عێراق لە دابەشبوونی ناوەخۆیی.

ئەیاد عەلاوی: موقتەدا سەدر سنوورێكی بۆ پشێوی و شەڕ دانا

لە بەشێكی تری راگەیێندراوەكە هاتووە، "بەو پەڕی نیگەرانی و بایەخەوە چاودێری گرنگترین رووداوەكانی عێراق دەكەین، رووداوەكان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە، بۆیە داوا لە لایەنە عێراقییەكان دەكەین پەنا ببەنە رێگەی ئاشتیانە بۆ چارەسەركردنی داخوازییەكانی گەلی عێراق، كە ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق و عێراقییەكان دەستەبەر دەكات."

لای خۆشییەوە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، "پێشوازی لە داواكەی موقتەدا سەدر دەكەین، ئەو دۆخەی ئێستا كۆنتڕۆڵكردن و هێربوونەوەی پێویستە، بۆ ئەوەی عەقڵ و ژیری باڵادەست بێتەوە." 

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "ستایشی هەڵوێستی نیشتمانییانەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر دەکەم کە سنوورێکی بۆ پشێوی و شەڕ دانا." لە بەشێكی تری پەیامەكەی عەلاوی دەڵیت، "پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دامودەزگەکانی دەوڵەت. سوپاس بۆ حەشدی شەعبی بۆ پابەندبوونیان بە پرەنسیپەکانەوە؛ هەر وەک ستایشی هەموو هەڵوێستە نیشتمانییەکان دەکەم کە داوای هێورکردنەوە و خوێن نەڕشتنیان کرد."

ئیلینا رۆمانۆفسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لە لاپەڕەی فەرمی خۆی رایگەیاند، "پێشوازی لەو بڕیارەی رێبەڕی رەوتی سەدر دەكەم، داواش دەكەم خۆپیشاندەران دەست بەجێ لە دامەزراوە حكومییەكان بكشێنەوە، رێگە بدەن دەست بەكارەكانی خۆیان بكەنەوە بۆ پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین