سەرەتای هەوڵەكانی پەراوێزخستنی كورد و ناكۆكییەكانی نێوان مام جەلال و ئیبراهیم جەعفەری
نوچە نێت
ئامادەكردنی: ئیسماعیل تەها
سەرەتای هەوڵەكانی پەراوێزخستنی كورد لە بەغدا لەلایەن حكومەتی ناوەندی عێراق، دەگەرێتەوە بۆ یەكەم حكومەتی كاتی بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆك وەزیرانی عێراق و مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆمار، لە یەكەم هەنگاودا سەرۆك وەزیران لەكاتی سوێندخواردن خۆی لە بەكارهێنانی دەستەواژەی عێراقی فیدراڵ بەدوور گرت، كە هەر لەسەرەتاوە كورد پێداگری زۆری لەسەر دەكرد، بەڵام لایەنەكانی شیعە هەوڵی پشتگوێخستنیان دەدا، لەدوای دەستبەكاربوونی ئیبراهیم جەعفەری وەك سەرۆك وەزیران، هەوڵدەدات مام جەلال پەراوێز بخات و خۆی بەشداری كۆنفراس و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بكات، بەڵام مام جەلال هەر زوو دەست بە رێگریی لە هەوڵەكانی جەعفەری دەكات، ئەو كاتەش بەگشتی كورد لە بەغدا یەك دەنگ بوو، بۆیە باشتر دەیانتوانی رووبەڕووی ئەو هەنگاوانەی دژ بە كورد ببنەوە.
یەكەم سەرپێچی بەرانبەر كورد
بەرپرسانی كورد لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی حكومەتی تازەی عێراقیان دەكرد، لە یەكەم هەنگاودا ئیبراهیم جەعفەری لە كاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حكومەتی كاتی دەستی بە هەوڵەكانی كرد، رۆژی (2005/5/10) ئیبراهیم جەعفەری، لە كاتی سوێندخواردنی یاسایی بۆ سەرۆكی وەزیرانی كاتی عێراق ئاماژەی بە دەستەواژەی عێراقی فیدڕاڵی نەكرد، ئەوەش ناڕەزایی كوردی لێكەوتەوە، بۆیە ناچارییان كرد دووبارە سوێندی یاسایی بخوات، ئەوەش بە یەكەم هەوڵی دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق دژ بە كورد دادەندرێت.
یەكەم ناكۆكی مام جەلال و جەعفەری
لە سەرەتاوە ناكۆكییەكان بە نهێنی بووە، تەنیا بابەتی سوێندخواردنی ئیبراهیم جەعفەری بوو، بەڵام دواتر هەنگاوی كردەیی بەدواوە داهات، سەرۆك وەزیران دەستی بە هەوڵەكانی كرد، سەرەتا بەرپرسانی عێراق لە راگەیاندنەكان بە ئاشكرا باسیان لە ناكۆكییەكان نەكرد، بەڵام لە (2005/8/30) ماڵپەڕی جەزیرە بە پشت بەستن لە راپۆرتێكی (ئاسۆشیتد پرێس) هەواڵێكی بڵاوكردۆتەوە تێیدا هاتووە، بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، ناكۆكییەكی توند لە نێوان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق و ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆك وەزیران لەسەر سەرۆكایەتیی شاندی عێراق بۆ لوتكەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان دروست بووە.
جەزیرە هەواڵەكەی لە ئاژانسی ئاسۆشتیدپرێس وەرگرتووبوو، كە چوار بەرپرسی عێراقی زانیارییەكەیان پشتڕاستكردۆتەوە، كە مام جەلال نیگەرانە لە سووربوونی جەعفەری لەسەر سەرۆكایەتیی شاندی عێراق بۆ دانیشتنە گشتییەكان لە نیویۆرك و دیداری جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەمەریكا بە تەنیا.
ئەو بەرپرسانە رەتیان كردۆتەوە، ناویان ئاشكرا بكەن لەبەر هەستیاری ئەو ناكۆكیەی لەنێوان شیعە و كورد سەر هەڵدەدات، ئەوەش لەپێناو دەرخستنی خاوسۆزییانە لەبەر عێراقییەكان تاوەكو لە (15)ـی مانگی تشرینی ئەمساڵ دەنگ لەسەر راپرسی بدەن.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاند بوو، ئەو ناكۆكیانە ئەو كاتە دروست بوو، تاڵەبانی ئاگاداری جەعفەری كردۆتەوە ئەو وەك سەرۆكی وڵات سەرۆكایەتیی شاندی عێراق بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لە بەرانبەردا جەعفەری وەڵامی داوەتەوە، ئەو سەرۆكی حكومەتە نوێنەرایەتی عێراق دەكات، پێشنیاری كردووە دەكرێت هەردووكیان وتاریان هەبێت، بەڵام تاڵەبانی ئەو پێشنیارەی رەتكردۆتەوە، ئەو رەتكردنەوەی تاڵەبانیش لە كاتێكدایە كامەران قەرەداغی، گوتەبێژی تاڵەبانی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەرۆكی عێراق لە لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتاری دەبێت، قەرداغی دەشڵێت، تاڵەبانی سوورە لەسەر سەرۆكایەتیی شاندی عێراق، كە لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی كۆدەبێتەوە، لە دوای سووربوونی مام جەلال ئینجا جەعفەری پاشەكشە دەكات.
هەر لە هەواڵەكەی جەزیرە هاتووە، بەرپرسێكی شیعە كە رەتی كردۆتەوە ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگەیاندووە، ئیبراهیم جەعفەری لە عێراق دەمێنێتەوە مادام رێگەی پێ نەدرێت لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتاری هەبێت.
ئەمەریكای باشوور لە بەرازیل لە مانگی ئایاری (2005) كەمتر لە دوو هەفتە دوای سوێندخواردنی جەعفەری، مام جەلال سەرۆكی شاندی عێراق بوو لە لوتكەی ئەمەریكای باشوور لە بەرازیل، بەڵام جەعفەری هەوڵی ئەوەی دەدا خۆی لەبری مام جەلال بەشداری ئەو لوتكەیە بكات.
نامەیەكی توندی مام جەلال بۆ جەعفەری
كاتێك ئیبراهیم جەعفەری، بەبێ گەڕانەوە و ڕاوێژكردن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار و كۆمەڵێك دامەزراندنی گرنگ لە وەزارەتەكان دەكات، مام جەلال نامەیەكی توند ئاراستەی جەعفەری دەكات، مام جەلال لە نامەكەی دەڵێت، “ئێوە نۆ لیژنەی وەزاریتان درووست كردووە، هەموویان پەیوەندیان بەوە ئێوەیە، جێگرانی سەرۆك حكومەتتان كردووە بە وەزیر بەبێ ئەوەی كارێكیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەی دكتۆر رۆژ نووری شاوێس نوێنەرایەتی لیستی دووەم دەكات لە كۆمەڵەی نیشتیمانی و نوێنەرایەتی دووەم نەتەوەی عێراق دەكات، ئەوەش بە دەستدرێژی بۆ سەر مافەكانی گەلی كورد و تەوافقی نیشتیمانی دادەندرێت.”
لە بەشێكی دیكەی نامەكەی مام جەلال هاتووە، ئێوە لەیس كوبەتان وەك گوتەبێژی حكومەت داناوە، بەبێ رەزامەندی گرنگترین لایەنی ئیتلاف، سەرەی ئەوەی ئەو كابرایە هەڵوێستی شۆڤێنیانەی دژ بە كورد و فیدراڵی هەیە، لێدوانەكانی دژ بە ئەمەریكا و مافەكانی گەلی كورد، كە ئیدارەی قانوونی وڵات دانی پێداناوە، سەرەڕای هەڵوێستەكانی دژ بە پارتە سیاسییەكان لە ئۆپۆزسیۆن و برەودانی چەمكی هەڵە كە ئەمەریكیەكانی خستە هەڵەوە، كە تاوەكوو ئێستا بەدەستیانەوە دەناڵێین.
هەڵوێستی مام جەلال
ئەو ناكۆكیانەی نێوان مام جەلال و جەعفەری بەردەوام دەبێت، لە مانگی (10)ی (2005) ئەمجارە مام جەلال راشكاوانە ناكۆكییەكانی ئاشكرا دەكات، بەڵام ئەمجارە مام جەلال رەچاوی دۆخەكە ناكات، كە هێشتا چەند رۆژێكی ماوە بۆ دەنگدان لەسەر دەستوور مام جەلال دوو هەفتە پێش راپرسی لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی باسی ناكۆكییەكان دەكات، ئەوەش پێچەوانەی ئەو هەستیارییە، كە پێشتر بەرپرسە شیعەكان باسیان دەكرد.
ئیراهیم جەعفەری هەوڵی دەدا كەركوك نەخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوەش ببووە خاڵی ناكۆكی لەگەڵ مام جەلال، هەوڵێكی دیكەی جەعفەری ئەوە بوو كە سوننە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێ عێراق پەراوێز بخات، مام جەلال وەك سەرۆك كۆمار دژ بەو هەوڵانە دەوەستایەوە.
ماڵپەڕی كەناڵی جەزیرە لە (2005/10/1) بڵاویكردۆتەوە، جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئیبراهیم جەعفەری نكۆڵی لە رێككەوتنی نێوان لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی كوردستان و ئیلافی عێراقی دەكات پێش پێكهێنانی حكومەتی ئێستا.
مام جەلالی لە بەشێكی تری قسەكانی ئیبراهیم جەعفەری بە پێشێلكردنی تاكڕەوی لە بڕیار تۆمەت بار دەكات، جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە دەسەڵات لە عێراق بەدەست سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەتە.
تاڵەبانی لە قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لەگەڵ كاك مەسعوود بارزانی یاداشتێكیان ئاراستەی جەعفەری كردووە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكە، هەروەك ئاماژەی بەوەش كردووە، دەسەڵات بەدەست سەرۆك كۆمار و حكومەتە، پێویستە وەزارەتەكان ئەركی خۆیان لە حكومەت جێبەجێ بكەن، كە بەشێكن لە حكومەت.
لە (2005/10/4) رۆژنامەی شرق الأوسط بڵاویكردۆتەوە، شاندێكی پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانی شیعی لەسەر هەڵسوكەوتی تاكڕەوانەی ئبراهیم جەعفەری و بڕیاڕە تاكڕەوییەكانی سەردانی بەغدا دەكەن.
سەردانی جەعفەری بۆ توركیا
لەكاتێكدا عێراق بە بارودۆخێكی ترسناك تێ دەپەڕی، شەڕی ناوخۆی شیعە و سوننە لە لوتكەدا بوو، لە (28)ی شوبات ئیبراهیم جەعفەری بەبێ پرس و راوێژ لەگەڵ لایەنەكان سەردانی توركیا دەكات، ئەو سەردانە بۆ هەمووان جێی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەت حكومەتەكەی حكومەتێكی كاربەڕێكەر بوو.
ئەو سەردانەی نیگەرانی كوردی لێكەوتەوە، لەو چوارچێوەیە لە ماڵی مام جەلال كۆدەبنەوە، لەدوای تاوتوێكردنی پێشهات و كۆڕانكارییەكان هاوپەیمانی كوردستانی بڕیار دەدات، بەهیچ شێوەیەك جەعفەری لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران نەمێنێتەوە، ئەنجوومەنی باڵا زۆری پێ ناخۆش بوو، مام جەلالیش ئەو بڕیارەی پێخۆش بوو، دواتریش جەعفەری و حزبی دەعوە هەوڵی زۆریان دا، بەڵام هەوڵەكانیان سەری نەگرت. بڕوانە: بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد/ بەرگی شەشەم/ چاپی یەكەم: 2023، لاپەڕە: 246
دواتریش مام جەلال بەناوی سەرۆكایەتی كۆمار راگەیێندراوێك بڵاودەكاتەوە، لە راگەیێندراوەكە هاتووە، سەردانی ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆك وەزیرانی ماوە بەسەرچوو بۆ توركیا بەبێ ئاگاداری لایەنەكانی ناو حكومەتی عێراق. ئەو سەردانەی سەرۆك وەزیران رەچاوی ئەوەی نەكردووە كە حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە ئەركی كۆتایی هاتووە مافی ئەوەی نییە گفتوگۆ سەبارەت رێككەوتن یاخود دەركردنی راگەیێندراوی هاوبەش، یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دیكە بكات، كە ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی عێراق پابەندی هەمیشەیی هەبێت، چونكە حكومەت توانای پابەندی بەو بەڵێنەی نابێت.
بۆیە ئێمە بەو بڕیارە نیگەرانین، سەرۆكی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە پابەند دەبێت بە كاری بە كۆمەڵ، كە ئەوە رەنگدانەوەی خواستی حكومەتە، بەڵام جەعفەری بەرلەوەی متمانەی پەرلەمان وەربگرێت، ئەو سوورە لەسەر تاكەڕەوی و سەرپێچی و هەوڵدان بۆ هەندێك هەڵسوكەوت كە بەهیچ شێوەیەك خواستی پێكهاتەی نیشتیمانی و لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان نییە، حكومەتی عێراقیش پابەند نابێت بە هیچ رێككەوتنێك كە سەرۆك وەزیران لەگەڵ توركیای بكات.
ئەنجام
سەرەتای دەستپێكردنی ململانێی حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیبراهیم، جەعفەری كە بە كاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بەڵام بەهۆی یەكڕیزی كورد كێشەی ناوخۆی شیعە و سوننە، هێزە شیعەكان خۆیان لە ململانێكان لەگەڵ كورد دەپاراست و راستەوخۆ بەو جۆرەی ئێستا دژایەتی مافەكانی كوردیان نەكرد، بەڵكوو بە رێگەی دیكە ئەو دژایەتیەتیان دەكرد.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment