سەرۆكى هەرێمى كوردستان: پارتى خه‌ون و خۆزگه‌ و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی کوردستانی
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرى سەرۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان بەبۆنەی یادی (76)مين ساڵيادى دامەزراندنی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە لە پەيامەكەى دەڵێت، "یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و مەدەنیانه‌ و رێزگرتنە لە تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان."

ئەمڕۆ سێشەممە (16/ئاب/2022) سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان بە بۆنەى ساڵيادى دامەزراندنى پارتى ديموكراتى كوردستان لە پەيامێكدا دەڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە رۆژگارێكى سه‌ختدا به‌ سه‌ركرایه‌تیى بارزانیى نه‌مر و لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی كوردستان دامه‌زرا كه‌ خه‌ون و خۆزگه‌ و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی رزگاریخوازی و هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستانى كۆكرده‌وه‌".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:.

یادى (76) ساڵه‌ى دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ گه‌رمى لە جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كانى پارتى و خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كادیران و ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزان و جه‌ماوه‌ری پارتی و گه‌لى كوردستان به‌گشتى پیرۆز ده‌كه‌م.

یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و مەدەنیانه‌ و ڕێزگرتنە لە تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى و ئاڵاى پارتیدا خه‌بات و تێكۆشانى بۆ ئازادى و ڕزگارى كردووه‌ و قوربانى داوه‌.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە ڕۆژگارێكى سه‌ختدا به‌ سه‌ركرایه‌تیى بارزانیى نه‌مر و لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی كوردستان دامه‌زرا كه‌ خه‌ون و خۆزگه‌ و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی ڕزگاریخوازی و هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستانى كۆكرده‌وه‌.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هەڵگری بیروباوەڕێکی نیشتمانیی ئاشتیخواز و دیموکراسیخواز بووە و ئەزموونی ساڵانی دوورودرێژی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یه‌كترقبووڵکردن و لێبووردەیی لە بنەما سەرەکییەکانی کولتوورە سیاسییەکەیەتی، داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییەوە، بڕوایەکی نەگۆڕی پارتییه‌ و قوربانیی گەورەی لەپێناودا بەخشیوە.

ئەمڕۆ له‌م یاده‌دا لە هەر كاتێك زیاتر کوردستان پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانییه‌تی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر. ده‌بێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیشدا هاوكار و پشتیوان بین بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی کە تێكه‌وتووه‌.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ١٦ ئاب، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

نێچیرڤان بارزانى

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین