ئایا مالیكى په‌نا بۆ چه‌ك ده‌بات؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئایا مالیكى په‌نا بۆ چه‌ك ده‌بات تا ململانێیه‌ سیاسییه‌كانى یه‌كلایى بكاته‌وه‌؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكە له‌ژێر رۆشنایى رووداوه‌كانى چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ میدیاكان ده‌خرێته‌ڕوو، چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ مالیكى دوودڵ نابێ له‌وه‌ى چه‌ك به‌كاربهێنێ، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ى بۆ بڕه‌خسێت. له‌و كاته‌یشدا تۆمارێكى ترى مالیكى بڵاو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مالیكى باس له‌ پڕۆژه‌یه‌كى میلیشیایى به‌ 20 هه‌زار چه‌كدار ده‌دات.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 27/ ته‌مووز، لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مان، له‌و كاته‌دا له‌ ئه‌كاونتی عالیه‌ نوسه‌یف كه‌ سه‌ربه‌ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسایه‌ و نوورى مالیكى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، چه‌ند وێنه‌یه‌كى نوورى مالیكى بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ شه‌قامێكى به‌غدا له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م وێنه‌یه‌ى مالیكى لێكدانه‌وه‌ى زۆرى بۆ كرا و به‌ ئاماژه‌یه‌كى ترسناك دانرا. هه‌ر چه‌نده‌ به‌ فه‌رمى ده‌وڵه‌تى یاسا و مالیكى روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ نه‌بوو.

لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ بۆ پێكدادان پاڵپشتى مالیكى ناكه‌ن
 

دواتر دوێنێ كه‌ بۆ جارى دووه‌م لایه‌نگرانى سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى عێراق، راگه‌یێندراوێك به‌ ناوى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا داوا ده‌كرێت خۆپیشاندانى پێچه‌وانه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كى ترى ترسناك بوو بۆ عێراقییه‌كان، چونكه‌ رژانى لایه‌نگرانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌ كاتێكدا لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌درى لێیه‌ ئه‌وا چاوه‌ڕوانى به‌ریه‌ككه‌وتن و پێكدادانى لێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش دووه‌م ئاماژه‌ ده‌بێت.

رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/ ته‌مووز/ 2022 له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى دوێنێ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات و پێیوایه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌و كاره‌ى ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ شه‌ڕى شیعه‌- شیعه‌ ده‌كات.  زۆرێك له‌ راگه‌یاندنه‌كان به‌ دواداچوونیان بۆ ئه‌وه‌ راگه‌یێندراوه‌ كردووه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ خۆپیشاندانى پێچه‌وانه‌ ده‌كرێت، به‌ بیانووى "پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت"، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نوورى مالیكى و ده‌وڵه‌تى یاسا راگه‌یێندراوه‌كه‌یان نووسیوه‌. 

له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، هه‌روه‌ها كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركرده‌كانى ترى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بوون راگه‌یێندراوێكى به‌م شێوه‌یه‌ توند بنووسرێت. ئه‌وه‌ى راستى ئه‌و ئه‌نجامه‌ى پشتڕاست كرده‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح، عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌، هومام حه‌مودى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر، قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گشتى میلیشیاى عه‌سائبى ئه‌هلى حه‌ق به‌یاننامه‌ى جیاجیایان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، زۆر جیاوازن له‌وه‌ى به‌ ناوى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

به‌یاننامه‌ تونده‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى مالیكى نووسیویه‌تى

ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بكرایه‌ چى ده‌بوو؟

رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌زاران لایه‌نگرى ره‌وتى سه‌در له‌ گۆڕه‌پانه‌كانن، ئه‌وا سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بوو بۆ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى شیعه‌- شیعه‌، وه‌ك مالیكیش له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانى بانگه‌شه‌ى بۆ كردبوو" دواتر رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر شرۆڤه‌كردنه‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "چاودێران پێیانوایه‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ لایه‌نگرانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ خۆپیشاندان ماناى ئه‌وه‌یه‌ چه‌كدارانى حه‌شد و میلیشیاكان بچنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان و به‌ چه‌ك ده‌ستدرێژى بكه‌نه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، ئه‌مه‌یش حاڵه‌تێكى وه‌ك 2008 دروست ده‌كاته‌وه‌". عه‌ره‌ب دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌رخستنى هێزى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ شه‌قام بێ هیچ گومانێك ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت مالیكى له‌ حاڵه‌تى راگه‌یاندنى شه‌ڕ و پێكدادان له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در به‌ ته‌نیا ده‌بێت و هیچ لایه‌نێكى ترى شیعه‌ى له‌گه‌ڵ نابێت، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تیش له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، "له‌ ده‌ركردنى به‌یاننامه‌كه‌یش سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵى نه‌بوون، مالیكى به‌ ته‌نیا نووسیویه‌تى".

له‌و كاته‌دا تۆمارێكى تر به‌ ناوى مالیكى بڵاو ده‌بێته‌وه‌

له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌وه‌ عه‌لى فازڵ كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى عێراقییه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌، ده‌ستى كردووه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى تۆمارێكى ده‌نگى كه‌ گوایه‌ نوورى مالیكیه‌ له‌گه‌ل دوو كه‌سى تر قسه‌ ده‌كه‌ن، تاوتوێى پڕۆژه‌یه‌كى میلیشیایى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ پشتگیریى دارایى و یاسایى و مه‌زهه‌بییان هه‌بێت.

له‌ شه‌شى به‌شى رابردوودا مالیكى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر بۆى بڕه‌خسێت ئه‌وا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌در و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ نه‌جه‌فیش بێت، دووپاتى ئه‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌ دژى پڕۆژه‌كه‌ى سه‌دره‌، كه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و "پرۆژه‌یه‌كى به‌ریتانییه‌ و ئامانج لێى ئه‌وه‌یه‌ عێراق له‌ژێر ده‌ستى شیعه‌كان ده‌ربهێنرێت". 

شه‌وى رابردوو عه‌لى فازڵ به‌شی حه‌وته‌مى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ئه‌و دوو كه‌سه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ مالیكى ده‌كه‌ن، باس له‌ ورده‌كاریى میحوه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ هێز 10 شارى عێراق ده‌خه‌نه‌ ده‌ست مالیكى، جگه‌ له‌مه‌یش ئاشكراى ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان 20 هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و مالیكیش كه‌ پێشتر له‌ به‌شه‌كانى تر ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ نه‌دابوو، له‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌ رازى ده‌بێت و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازێ!

مالیكى هیچ گۆڕه‌پانێكى له‌ ده‌ست نه‌ماوه‌

فه‌لاح زه‌هه‌بى چاودێرى سیاسى له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، پێشتر ده‌گوترا "تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌" به‌ڵام ئێستا به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر په‌رله‌مان له‌لایه‌ن ره‌وتى سه‌دره‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وان هیچ گۆڕه‌پانێكیان نه‌ما. فه‌لاح زه‌هبى به‌ دوورى ده‌زانێ ئێران پاڵپشتى  مالیكى و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بكات، به‌ڵكو به‌ بڕواى ئه‌و ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان كه‌ به‌ "پاسه‌وانى كۆن" ناویان ده‌بات، له‌ شانۆى سیاسى دوور بكه‌ونه‌وه‌ و رۆڵى "باوكانه‌" بگێڕن، مالیكى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێ له‌سه‌ر دۆسییه‌ كۆنه‌كان ده‌ستى سه‌درى پێ بگات. به‌ بڕواى فه‌لاح زه‌هه‌بى بارودۆخه‌كه‌ى مالیكى له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ "ته‌نیا چه‌ك به‌ ده‌ست بگرێ".

مالیكى له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌ترسێ 
بۆیه‌ به‌ ناچارییش بیت ده‌ست بۆ چه‌ك ده‌بات

كه‌س نازانێ سیناریۆى داهاتوو چییه‌؟

زۆربه‌ى چاودێرانى سیاسى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ كه‌س نازانێ سیناریۆى داهاتوو له‌ پرۆسه‌ى عێراق چییه‌؟ به‌ڵام به‌ گشتى ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌یه‌ نێوه‌ندگیرییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمایه‌تى بۆ ناكۆكییه‌كانى شیعه‌ نییه‌، له‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانى مالیكى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى یه‌كگرتوو نیین، ئه‌گه‌ر ململانێیه‌كى توند له‌نێوان ره‌وتى سه‌در و مالیكى دروست بێت، ئه‌وا جه‌ماوه‌رى ناڕازى لایه‌نگرى سه‌درن، دیار نییه‌ ئه‌و پرۆژه‌ میلیشیایه‌ى كه‌ مالیكى باسى ده‌كات بوونى له‌ واقیع هه‌یه‌ یان نا؟ هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌یش رۆڵیان ده‌بێت له‌ سیناریۆكانى داهاتوودا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین