سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: عەلى قازى تا دوایین هەناسە دواى یەکڕێزیى گەلى کوردى دەکرد کوردستانی

نوچەنێت:

بە ئامادەبوونى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە هەولێر ئەمڕۆ پێشوازى لە تەرمى عەلى قازى کرا، وا بڕیارە دواتریش لە کەلار بە خاک دەسپێردرێ.

ئەمڕۆ دووشەممە (18/تەممووز/2022) تەرمى عەلى قازى لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر گەیشتەوە هەرێمى کوردستان، کە تێیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمى پێشوازیکردن لە تەرمەکەى، وتارێکى پێشکەشکرد و ڕاگەیاند، "هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بوو، تاوەکو دوایین هەناسەش کە لەسەرە مەرگدا بوو."

ھەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گووتیشى، "ئێمە کاتێک لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە کوڕ و یادگاری ئەو سەرکردە نەمرە وەستاوین، مێژووی پڕ شانازی کۆماری کوردستان و بەها بەرزەکانی هاوبەشی نەتەوەیی و بەهاناوەچوونی بارزانییەکان و تێکۆشەرەکانی دیکە بۆ داکۆکیکردن لە کۆمار و داستانی پەڕینەوە لە چەمی ئاراس دێنینەوە یاد."

ڕۆژى (10)ـى تەممووز (2022) لە تەمەنى (89) ساڵیدا عەلى قازى کوڕى پێشەوا قازى محەممەد، لە وڵاتى ئەڵمانیا کۆچى دواییکرد، کە تاقە کوڕى پێشەوا قازى محەممەد بوو.

دەقى وتارەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش

ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە لەم رێوڕەسمە ماتەمینەدا بەشدارین، تاکو بە رێز و شکۆوە پێشوازیی لە تەرمی خوالێخۆشبوو عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بکەین. 

خوالێخۆشبوو عەلی قازی (کوڕی رەش)، لەبەر مێژوو و پێگەی بنەماڵەکەی، لەبەرئەوەی یادگاری پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بوو، بە درێژایی تەمەنی خۆی، ناچاربوو بەرگەی زۆر سەختی، زەحمەتی، دوورە وڵاتی، پەنابەری و ئازارەکانی بگرێت. هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بوو، تاوەکو دوایین هەناسەش کە لەسەرە مەرگدا بوو، وەک لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن بینیمان زۆر بە دڵسۆزی و پەرۆشەوە داوای یەکڕیزی و تەبایی گەلەکەی دەکرد. هەرگیز لە خەمی گەل و وڵاتەکەی دوورنەدەکەوت. لەکوێ دەرفەتی هەبووایە، لەدوای تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەی بوو، ئەمەشی لە پێشەوا قازی باوکییەوە بۆ مابووەوە. دوایین وەسیەتی پێشەوای نەمریش، ئەوەبوو کە یەکڕیزی، تەبایی و یەکگرتوویی گەلەکەی داوا دەکرد. 

ئامادەبووانی بەڕێز. ئەمڕۆ کە هەموومان پێکەوە لێرەین، بۆ ئەوەیە کە رێز لە پێگە و خەبات و تێکۆشانی پێشەوا قازی و بنەماڵە بەڕێزەکەیان و قوربانیدانیان لەپێناو گەل و وڵاتەکەیاندا بەرز بنرخێنین. 

پێشەوا لەپێناو ژیانێکی شایستە و باشتر بۆ گەلەکەی، لەپێناو کۆتاییهێنان بە نکۆڵیکردن و چەوساندنەوە، لە قۆناخێکی ئێجگار دژواردا رابەرایەتی میللەتەکەی کرد. دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخشی. پێشەوا بەو قوربانیدانەی، بووە سیمبوولی زیندووی خۆبەختکردن لە مێژووی گەلی کوردستان و بووە بەشێک لە یادەوەریی هەمیشە زیندووی نەوەی دوای خۆی. 

ئێمە کاتێک لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە کوڕ و یادگاری ئەو سەرکردە نەمرە وەستاوین، مێژووی پڕ شانازی کۆماری کوردستان و بەها بەرزەکانی هاوبەشی نەتەوەیی و بەهاناوەچوونی بارزانییەکان و تێکۆشەرەکانی دیکە بۆ داکۆکیکردن لە کۆمار و داستانی پەڕینەوە لە چەمی ئاراس دێنینەوە یاد. 

لەکاتێکدا بەڕێز و شکۆوە، لە خەباتی قازی محەممەد و بارزانی نەمر و هاوسەنگەرەکانیان دەڕوانین، هەموو ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەمان دێتەوە یاد کە بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ بەهەر رێگەیەک و بەهەر شێوەیەک بۆیان کرابێت، خەباتیانکردووە بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلەکەیان. بوونە قوتابخانە و رێنیشاندەر و هەوێنی درێژەپێدانی تێکۆشانی نەوەی دوای خۆیان. مێژووی گەلی کوردستان، مێژووی هەوڵ و تێکۆشانی میللەتێکە، کە ویستوویەتی و دەیەوێ دوور لە غەدر و پێشێلکردنی ماف، لە سایەی دانپێدانان بە مافە رەواکانیدا ئاشتی و برایەتی پێکەوە لەگەڵ میللەت و گەلانی برا و هاونیشتمان و هاوچارەنووسیدا بژی.

گەلێک کە هەمیشە ویستوویەتی کێشەیەکی سیاسیی بە ئاشتی و دوور لە شەڕ و کاولکاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. گەلێک، ویستوویەتی و دەیەوێ، وەک گەلێکی گەورەی ناوچەکە پێگەی زەوتکراوی خۆی وەربگرێتەوە و مافەکانی بسەلمێندرێ، تاوەکو بتوانێت ببێتە فاکتەر و هاوبەشێکی بەهێزی ئاشتەوایی و سەقامگیری و پێشکەوتن کە خزمەت بە کۆی گەلانی ناوچەکە بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین