دۆسیه‌ى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى مالیكى ... ئایا شیعه‌ له‌ شه‌ڕى ناوخۆ نزیك بووه‌ته‌وه‌؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

سێ به‌شى ترى ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، له‌ به‌شه‌كانى ترى تۆماره‌كه‌ نوورى مالیكى بارودۆخى عێراق به‌ ترسناك وه‌سف ده‌كات و ئاشكراى ده‌كات كه‌ نزیكه‌ى 15 هه‌زار چه‌كدارى ئاماده‌ كردووه‌. ئه‌مڕۆیش یه‌كه‌م سكاڵاى یاسايى له‌سه‌ر تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان تۆمار كراوه‌ و له‌ دادگا داواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دروستى تۆماره‌كه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌زانرێت له‌سه‌ر ئاسایشى نیشتمانى.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17/ ته‌مووزى 2022 له‌ دادگاى كه‌رخ له‌ به‌غدا یه‌كه‌م سكاڵا له‌سه‌ر تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانى نوورى مالیكى تۆمار كرا، سكاڵاكه‌ره‌كه‌ پارێزه‌رێكى عێراقییه‌ به‌ ناوى زه‌ینه‌ب جاسم باقر، له‌ سكاڵاكه‌ى داوا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دروستى ئه‌و تۆمارانه‌ بكرێت، كه‌ تا ئێستا چوارى به‌شى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نزیكه‌ى 10 به‌شى تریشى بڵاو بكرێته‌وه‌. ئه‌و پارێزه‌ره‌ عێراقییه‌ له‌ داواكه‌ى، تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هه‌ڕه‌شه‌ى ئاسایشى نیشتمانى عێراق و سه‌رچاوه‌ى ئاژاوه‌گێڕيى ده‌زانێت.

تۆمارێك به‌ناوى مالیكى ده‌ڵێ: چه‌كدارم ئاماده‌ كردووه‌ و هێرش ده‌كه‌مه‌ سه‌ر نه‌جه‌ف
 

عه‌لى فازڵ كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى عێراقییه‌ و له‌ ئه‌مریكا نیشته‌جێیه‌، تا ئێستا چوار به‌ش له‌ تۆمارێكى ده‌نگى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌درێته‌ پاڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى عێراق و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا. عه‌لى فازڵ  دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر تۆماره‌كه‌ داوه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و تۆماره‌ 48 خووله‌كه‌ و ساخته‌كارى تێدا نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت ته‌حه‌داى ئه‌وه‌یش ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ ساخته‌كارى تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن، كه‌ پرۆگرامه‌كه‌ بهێنن، وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ ده‌نگى ترى پێ ساخته‌ بكه‌ن.

له‌ دوو به‌شى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ كه‌ به‌شى سێیه‌مه‌ و چواره‌مه‌، دوو كه‌س گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مالیكى ده‌كه‌ن، مالیكى باس له‌وه‌ ده‌كات، عێراق له‌ به‌رده‌م پرۆژه‌یه‌كى "مه‌ترسیدارى" به‌ریتانیایه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌ ده‌ستى موقته‌دا سه‌در عێراق و شیعه‌گه‌ری له‌ناو ببه‌ن و دواتر موقته‌دا بكوژن و عێراق راده‌ستى سوننه‌ بكه‌ن. مالیكى ده‌ڵێ، "پێشتر به‌ سیاسى و ئێستا به‌ سه‌ربازى رووبه‌ڕووى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌بمه‌وه‌" 

له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ مالیكى باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ كورد و سوننه‌یش له‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌شدارن، مالیكى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ سه‌در بدات و ده‌شڵێ، "پێشتر له‌ كه‌ربه‌لا و به‌سڕه‌ و شارى سه‌در لێمدوان، ئێستا ترسنۆكترن، چونكه‌ ده‌ستیان به‌ پاره‌ى حه‌رام چه‌ور بووه‌"

به‌گوێره‌ى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ نوورى مالیكى باس له‌وه‌ ده‌كات حه‌شد ئه‌وه‌ نییه‌ پشتى پێ ببه‌سترێت، ئه‌و رێكخراوى به‌در كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات به‌ "كێشه‌" ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، "رێكخراوى به‌در مووچه‌ى 30 تا 40 هه‌زار چه‌كدار وه‌رده‌گرێت، كه‌چى له‌ واقیع هیچیان نییه‌، سه‌دریش 12 هه‌زار مووچه‌ى چه‌كداران وه‌رده‌گرێت و له‌ سامه‌ڕایش دوو هه‌زار چه‌كدار". 

متمانه‌ى به‌ حه‌شد نه‌ماوه‌ مالیكى پلان بۆ پڕۆژه‌یه‌كى ترى چه‌كدارى داده‌نێت

مالیكى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشتر هه‌وڵى داوه‌ حه‌شد بكاته‌ سوپایه‌كى هاوشێوه‌ى "سوپاى پاسدارانی ئێران" به‌ڵام رێگرییان لێكردووه‌، ئێستایش دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌ حه‌شد نه‌ سوپا شیاوى متمانه‌پێكردن نیین، بۆیه‌ بیر پڕۆژه‌ى هێزه‌ عه‌شایه‌رییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام پێویستى به‌ پاڵپشتێكى یاسایییه‌. 

نوورى مالیكى له‌ به‌شى چواره‌مى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات قۆناغى داهاتوو، قۆناغى شه‌ڕكردنه‌. له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ كه‌ به‌ ناوى نوورى مالیكى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ، "قۆناغى داهاتوو قۆناغى شه‌ڕه‌، دوێنێ مسته‌فا كازمى بانگى كردم، منیش پێمگوت گوێ بگره‌ قۆناغى داهاتوو قۆناغى شه‌ڕه‌، موقته‌دا سه‌در هاتووه‌، كوشتن و بڕین ده‌كات، سوپا و پۆلیس ناتوانێ هیچ بكه‌ن، پێویستم به‌ چه‌ك هه‌یه‌، متمانه‌م به‌ پۆلس و سوپاى تۆ نییه‌، ده‌بێ خۆم خۆم بپارێزم، یه‌كه‌م كه‌س كه‌ بیكه‌مه‌ ئامانج موقته‌دا سه‌دره‌، رێگه‌ناده‌م عێراق و شیعه‌گه‌رى بكه‌وێته‌ ده‌ستى موقته‌دا سه‌در. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌یتوانى، ئه‌وا من ده‌توانم.  من 10 تا 15 هه‌زار چه‌كدار ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ كاتێكى هه‌ستیار، كاتێك ئه‌و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر خه‌ڵك و سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌ت ئه‌وا من هێرش ده‌كه‌مه‌ سه‌ر نه‌جه‌ف، چونكه‌ نابێت ئه‌و پیاوه‌ قین له‌دڵه‌ بمێنێ".

مالیكى ده‌ڵێ، "موقته‌دا سه‌در سێ خه‌سڵه‌تى خراپى هه‌یه‌، خوێنى ده‌وێ كه‌چى ترسنۆكه‌، پاره‌ى ده‌وێ ئه‌و وڵاتى تاڵان كرد، جگه‌ له‌وه‌یش ده‌یه‌وێ بڵێ من ئیمامى مه‌هدى ئێوه‌م". 

له‌  13/ته‌مووز بۆ یه‌كه‌مجار تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، مالیكى و نووسینگه‌كه‌ى به‌ تووندى ره‌تیان كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌نگى نوورى مالیكى بێت و دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌ پرۆگرامى Deep fake دروستكراوه‌، تا ئێستا چوار به‌شى تۆماره‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ رۆژانى رابردوودا چه‌ند راپۆرتێكى رۆژنامه‌وانى باسیان له‌وه‌ كردووه‌، به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌ى ته‌كنیكى ده‌ركه‌وتووه‌، ده‌نگه‌كه‌ ده‌نگى راسته‌قینه‌ى مالیكییه‌ و ساخته‌ نییه‌. دواجاریش رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ له‌ لایه‌ن هه‌واڵگرى عێراق تۆمار كراوه‌ و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستایش، له‌ پشت تۆماره‌كه‌وه‌یه‌ و له‌ به‌رژوه‌ندى موقته‌دا سه‌در تۆماره‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین