حاجى مه‌سیفى: له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ته‌قە لە ماڵم کراوە سكاڵام تۆمار كردووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێرى نوێ ته‌قه‌ له‌ ماڵى حاجى مه‌سیفى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كراوه‌، ته‌نیا پاسه‌وانه‌كه‌ى بریندار بووه‌. حاجى مه‌سیفیش له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "شتى شه‌خسیم له‌گه‌ڵ كه‌س نییه‌، سكاڵام تۆمار كردووه‌".

ئه‌مڕ‌و دووشه‌ممه‌ 11 ته‌مووزى 2022 سۆران حاجى مه‌سیفى كه‌ باوكى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیه‌، به‌ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى رووداوى راگه‌یاندووه‌، كاتژمێر 2:15 به‌ره‌به‌یان ده‌ستڕیژى گولله‌ له‌ ماڵه‌كه‌یان كراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كى هه‌ولێرى نوێى شارى هه‌ولێر.

سۆران حاجى مه‌سیفى باسى له‌وه‌ كردووه‌، ته‌نیا  پاسه‌وانێكیان برینداره‌ گولله‌ به‌ر قۆڵى كه‌وتووه‌، ئێستا ئه‌و پاسه‌وانه‌ دواى ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریى بۆ كراوه‌، بارى ته‌ندروستى جێگره‌.

كوڕى ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گومانیان له‌ هیچ كه‌سێك نییه‌ و دوژمنكارییان نییه‌. ده‌شڵێ، "پۆلیس و ئاسایشمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان فه‌رمانى دادوه‌ریان وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى  سه‌یر كامێره‌كانى چاودێرى بكه‌ن"

دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى حاجى مه‌سیفى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى باسى له‌وه‌ كرد، چاوه‌ڕوانى لێكۆڵینه‌وه‌كانى ئاسایش ده‌كات تا به‌ ئه‌نجام بگه‌ن، هیواى ئه‌وه‌یشى خواست ئه‌نجامه‌كان روون بن، گوتیشى، "ئه‌گه‌ر ئه‌نجامێكى وه‌هاى نه‌بوو، ئه‌وا به‌ حكومه‌ت ده‌ڵێم حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر نه‌توانى له‌ پایته‌خت ئارامى و ئاسایش بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌یت ئه‌وا كارى تۆ چییه‌". حاجى مه‌سیفى دووپاتیشى كرده‌وه‌، كه‌ سكاڵاى تۆمار كردووه‌، گوتیشى، "شتى شه‌خسیم له‌گه‌ڵ كه‌س نییه‌.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى رووداو، له‌سه‌ر رووداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ ده‌ڵێ، “وەکو بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئاسایشی ھەولێر، ھێزە ئەمنیەکانم راسپاردووە بە زووترین کات تەقەکەرەکە بدۆزنەوە”

ئومێد خۆشناو هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى ترى رۆژنامه‌وانى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ بۆ حاجى مه‌سیفى جارێك گرنگ بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر 10 جار گرنگتره‌. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ دواى دۆزینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵى، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ بۆ راى گشتى ئاشكرا ده‌كرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین