په‌كه‌كه‌ باره‌گای له‌ كه‌ركووك كردووه‌ته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى په‌كه‌كه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید، پشتڕاستى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باره‌گایه‌كیان له‌ كه‌ركووك كردووه‌ته‌وه‌. رۆژنامه‌كه‌یش ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ گرژیى ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌كات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شه‌شى ته‌مووزى 2022 رۆژنامه‌ى “عه‌ره‌بى جه‌دید” راپۆرتێكى له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى باره‌گای پارتى كرێكارانى كوردستان "په‌كه‌كه‌" له‌ كه‌ركووك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. كاوه‌ شێخمووس به‌رپرس له‌و پارته‌ له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باره‌گاكه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌و شاره‌ "ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تى سیاسییه‌".

كاوه‌ شێخمووس ده‌ڵێ، "ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى حزب كوردى عێراقن، هیچ لایه‌نێك ناتوانێ رێگرییان لێ بكات له‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ده‌وروبه‌رى خۆیان بگرن و چالاكى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌نجام بده‌ن". كاوه‌ له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "نیازێك هه‌یه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى باره‌گاى پارتى كرێكاران له‌ كه‌ركووك، به‌ دیاریكراوى له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان، ئه‌م باره‌گایانه‌ خه‌سڵه‌تێكى سه‌ربازییان نابێت به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت بۆ حزب".

رۆژنامه‌كه‌ لێدوانێكى لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌تى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ نوێنه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ ژوورى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق، عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى باره‌گاكانى په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێ، "زانیارى ئه‌منى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ن به‌ڵام ناكرێت ئێستا ئاشكرا بكرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ كه‌ركووك رووده‌دات كارێكى ترسناكه‌".

مه‌حما خه‌لیل په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ، "ئه‌ندامانى په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك بڵاو ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وان له‌ گرووپه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران پاڵپشتى وه‌رده‌گرن. ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ بگه‌ن به‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى دیاله‌، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا بگه‌ن به‌ به‌غدا".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات پارتى كرێكارانى كوردستان به‌ ناو و ناونیشانى جیاجیا چالاكى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له‌وانه‌یه‌ شارى كه‌ركووك وه‌ك هاوشێوه‌ى شنگال و ناوچه‌كانى تر به‌ره‌و ئاڵۆزى و گرژیى زیاتر ببات.

پارتى كرێكارانى كوردستان كه‌ پارتێكى سیاسى و چه‌كدارى باكوورى كوردستانه‌، له‌ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان جموجۆڵى هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌دواى شه‌ڕى داعش له‌ 2014 له‌ شنگال و چه‌ندان ناوچه‌ى ترى هه‌رێمى كوردستان و عێراق باره‌گاى دروست كردووه‌. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین