تورکیا و سعوودیە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە شیکاری

نوچەنێت:

ئه‌و ئاڵۆزییانەى دروست بوو له‌نێوان سعووديه‌ و توركيا، كاريگه‌ریى نەرێنی زیاتر له‌سه‌ر پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەردوولاى دروستکرد، بەڵام لە دواى سه‌ردانه‌كه‌ى محەمەد بن سەلمان، جێنشينى سعووديه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سەردەمێکى نوێ لە پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و سه‌ربازییەکانیان دەستپێکبات.

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ (23/حوزه‌يران 2022) ماڵپه‌رى (ئه‌نادۆل)  لە پەراوێزى سەردانییەکەى  محەمەد بن سەلمان بۆ توركيا بڵاويكرده‌وه‌، له‌لايه‌ن ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا له ‌ئه‌نقه‌ره‌ پێشوازى لێكراو و دواتر كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجامدا، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگەیێندراوێكی هاوبه‌شيان بڵاوكرده‌وه،‌ بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسى سياسى و ئابوورى و سه‌ربازى کردووە و جه‌خت له‌سه‌ر هه‌نگاونان بۆ دەستپێکردنى قۆناغێكى نوێى دووقۆڵيى كردۆتەوە. 

ڕاپۆرتەکەى ئەنادۆڵ تیشک دەخاتەسەر په‌يوه‌ندييه‌ ئابوريیه‌كانی نێوان هەردوو وڵات و بە پەیوەندییەکى گرنگ ناویان دەبات و دەڵێت، ئەگەر سەیری داتاكانی ساڵانی رابردووی نێوان هه‌ردوو وڵات بكەین، زۆر به‌ڕوونى ده‌بينين له‌سه‌ره‌تای (2000) بۆ به‌ هێزكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و زيادكردنى قه‌باره‌ى بازرگانى چەندین گفتوگۆيان ئه‌نجامداوە،‌ بۆ ئه‌مەش هه‌نگاوى هاوبه‌ش نراوە. له‌ (2003) ئه‌نجومه‌نى بازرگانی هاوبەشیان دامه‌زراند، هەروەها له‌ (2005) رێكه‌وتنى هاوكارى ئه‌منیان واژۆكرد بۆ به‌ره‌نگارى تيرۆر و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

هەروەها له‌ (2005)دا ژوورى بازرگانى ئه‌سته‌نبۆڵ و ژوورى بازرگانى پيشه‌سازى جددە‌ بۆ هاندانى وڵاتانى كه‌نداو بۆ وه‌به‌رهێنان له ‌توركيا، به ‌هه‌ماهه‌نگى هه‌ردوو وڵات ژوورى پيشه‌سازى سندوقێكى وه‌به‌رهێنانیان دامه‌زراند.

له‌ (2000)دا قه‌باره‌ى بازرگانى نێوان توركيا و سعوديه‌ یەك مليار (500) ملیۆن دۆلارى تێپەڕ نەدەکرد، ئەم ڕێژەیە‌ ساڵانە له‌ زيادبووندا بوو تاوه‌كو ‌ساڵى (2006) گه‌يشته‌ سێ ملیار و (235) ملیۆن  دۆلار، له (2010) گه‌يشته‌ سێ ملیار و (598) مليۆن دۆلار، لە (2012)‌ پێنج ملیار و (847) ملیۆن دۆلارى تێپەڕاند، بەمەش پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەردوولا گه‌يشته‌ لووتكه‌.

جگە لە بوارى ئابوورى، له‌ بوارى کولتوورى و گەشتیاریش لە (2008)دا تورکیا و سعوودیە ڕێککەوتنى هاوكارى گه‌شتياریان واژۆکرد، ئەمە لەکاتێکدا له‌ (2000)دا ژمارەى ئه‌و گه‌شتيارە سعوودیانەى سه‌ردانى توركيايان كردبوو (15) هه‌زارو (779) گەشتیار بوون، لە (2009)دا به‌رزبۆوه‌ بۆ (66) هه‌زارو (938) كه‌س، له (2012) گه‌يشته‌ (175) هه‌زارو (467) گەشتیار.

ناكۆكيیە سیاسییەکانى سعوودیە و تورکیا لە ڕابردوو، زیانى زۆرى له‌ په‌يوه‌نديیه‌ ئابوريیه‌كانى هەردوولادا، ئەگەرچى له‌ نێوان (2012 تا 2019) قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانى نێوان  هەردوو وڵات به‌رزى و نزمى بە خۆوە بینیووە، لەگەڵ ئەوەشدا گه‌يشته‌ زياتر له‌ پێنج مليار دۆلار.

 ئه‌و گۆڕانكاريانه‌ى لە په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا و سعووديه‌ روویدا، بە پلە یەک كاريگه‌ریی نەرێنی زیاترى له‌سه‌ر پەیوەندییە بازرگانییەکان هه‌بوو، ئه‌و كاتەى كه‌ ناكۆكيیه‌كان گه‌يشته‌ لوتكه‌ په‌يوه‌ندييه‌ ئابووریيه‌كان زیاتر بەرەو لاوازبوون چوون، بە جۆرێک له ‌ساڵى (2021) بۆ چەند مانگێک له‌نێوان توركياو سعووديه‌ هاورده‌كردن وه‌ستا، قه‌باره‌ى بازرگانى له (2020) دا چوار ملیار و (227) ملیۆن دۆلاربوو، لە (2021) دابەزى‌ سێ ملیار و (721) ملیۆن دۆلار. 

لە سەرەتاى (2021)دا هاورده‌كردنى کاڵاى تورکى بۆ سعوودیە به‌خێرایى كه‌مى کرد، به‌ڵام به‌فه‌رمى بايكۆتى كاڵاى توركى نەکرد، چونکە له‌ (2021) سعووديه‌ بەبڕی (265) مليۆن دۆلار كاڵاى له‌ توركيا هاوردەكرد، بەڵام له ‌چوار مانگى سه‌ره‌تاى ئەمساڵ قەبارەی بازرگانی نێوانیان گەیشتە یەك ملیار و (624) ملیۆن دۆلار. 

پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانیش هەبوو، لە (2018) ژمارەی گەشتیارانی سعوودیە گەیشتە (747) هەزار و (233) گەشتیار، بەڵام لە ساڵی رابردوو تەنیا (10) هەزار و (83) كەس سەردانی توركیایان كرد.

چاوەڕوان دەكرێت قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندییەكانی هەردوولا دروست ببێت، کە زۆر لە ڕابردوو باشتر بێت، توركیا و سعوودیە وەك دوو وڵاتی ناوچەكە لە رووی بازرگانی و گواستنەوە و پەیوەندیی جیهانی گرنگیان هەیە، جگە لەوەى هەردوولا بەرژەوەندبی ستراتیژی و هاوبەشیان پێكەوە هەیە.

 سعووديه‌ و توركيا ده‌توانن له‌پيشه‌سازيى به‌رگرى و وزە رێكکه‌وتن واژۆ بكەن، بۆ ئه‌وه‌ى تورکیا ژێرخانى وزه‌ى مسۆگه‌ر بكات و كه‌رتى به‌رگرى به‌هێز بكات. ئەگەر تورکیا ڕێكه‌وتن لە بوارى پيشه‌سازى به‌رگرى له‌گه‌ڵ سعوديه‌ واژۆ بکات، بۆ  دروستکردنى به‌رهه‌مهێنانى چه‌ك بە هاوبەشى. لەگەڵ ئەوەى ساڵى ڕابردوو قه‌باره‌ى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات پێنج مليار دۆلار بوو، كه‌ ئه‌مساڵ دابه‌زيبوو به‌هۆى کێشە سياسییەکانیان، بەڵام دواى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان، پێشبینى دەکرێت ساڵى داهاتوو بگاتە (10) مليار دۆلار، بە تایبەت دواى دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى  گەشتى هێڵى ئاسمانى نێوان توركيا و سعووديه‌، ئەمەیش کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر سێکتەرى گەشتیاریى تورکیا.

ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شانه‌ى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و رياز كاريگه‌رى به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌، ئاسایبوونەوەى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات، يارمه‌تيدەر دەبێت بۆ هێنانه‌دى سه‌قامگيرى زياتر بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، به‌تايبه‌تى لە ململانێكانى ليبيا و توركيا، قه‌ته‌ر، سعوديه‌، ئيماراتى يه‌كگرتووى عه‌ره‌بى و ميسر. 

لە (2018) بەهۆی كوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، پەیوەندییەكانی توركیا و سعوودیە بەتاوی ئاڵۆز بوو، بەڵام لەسەرەتای ساڵی رابردوو توركیا دەستی بە هەنگاونان نا، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان ئاسایى بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین