داوا ده‌كرێت سیسته‌مى په‌رله‌مانى له‌ عێراق بۆ سه‌رۆكایه‌تى بگۆڕێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ په‌رله‌مانى عێراق داوایه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانى عێراق بۆ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى یان نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تى بگۆڕدرێت. داواكارانى ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌، "په‌رله‌مانى عێراق شیاوى قۆناغى داهاتوو نییه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21 حوزه‌یرانى 2022  رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات داوایه‌ك بۆ گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش داوایه‌كى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق بوو كه‌ له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2019 حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدیان ناچاركرد ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌.

محه‌مه‌د خه‌زعه‌لى په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، “سیسته‌مى سیاسى به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغێك كه‌ ناكرێت به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ده‌رچوون له‌و ته‌نگژه‌یه‌ و چاككردنى سیسته‌م نییه‌، ته‌نیا به‌ چه‌ند چاره‌سه‌رێكى دیاریكراو نه‌بێت”.

خه‌زعه‌لى له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ى باس له‌ چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌، سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت و دواتر په‌رله‌مان خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ئینجا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى و سه‌رۆكایه‌تى له‌ یه‌ك كات ده‌كرێن". دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م چاره‌سه‌رییانه‌ له‌ په‌رله‌مان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

مه‌نار عوبه‌یدى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى بزووتنه‌وه‌ى ئیمتداد ده‌ڵێ، "ئێمه‌ به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتووین كه‌ په‌رله‌مانى ئێستا ره‌وایه‌تى له‌ ده‌ست داوه‌، ته‌نیا به‌ هۆى كشانه‌وه‌ى سه‌درییه‌كان نییە، به‌ڵكو به‌ هۆى پێشێلكردنى ماوه‌ ده‌ستوورییه‌كان، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى عێراق بۆ قۆناغى داهاتوو شیاو نییه‌، بۆیه‌ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى بۆ سیسته‌مى نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كه‌ین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین